12/2/2022 07:31 PM

یوشاهیدی (بەشی یەکەم)

روانگە و پاڵنەر
شەپۆلەکانی توندوتیژی لە کینیا بەئاشکرایی کەوتبوونە گەڕ. تاقمە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان لەنێوان دڵەڕاوکێی ئاڵۆزییەکان، گرووپە چەکدارەکان و سیاسەتی کوشتن و بڕینیاندا دەژیان. نائارامی هەروا درێژەی هەیە و هیچ کەس نازانێ ئەم قەبارەیە لە توندوتیژی کەی دەگاتە کۆتایی. بارودۆخێک کە لەدوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٧ـەوە دروست بوو. بەپێی ئەنجامە راگەیەندراوەکان، سەرۆک‌کۆماری ئەو کات، "موای کیباکی" براوەی هەڵبژاردنەکانی ٣٠ دیسامبەر بوو. بەڵام "ریلا ئودینگا"، رێبەری ئوپۆزیسیۆنی ئەم وڵاتە رایگەیاند کە فێڵبازی لە هەڵبژاردنەکاندا کراوە و دەنگەکانی خەڵک دزراون. ئەو سەر بە هۆزی لۆئۆ بوو کە زۆر تووڕە ببوون و جارێکی دیکە ئاگری دژایەتی لەگەڵ هۆزی کی‌کیۆ کە پێشینەیەکی ١٠ ساڵەی هەبوو داگیرسایەوە.
دەرکەوتنی ئەم قەیرانە کە لە دڵی داگیرسانەوەی دوبارەی ئاگری ناکۆکییە عەشیرەییەکانەوە سەری هەڵدا، لاپەڕەیەکی کارەساتباری لە مێژووی کینیا زیاد کرد. هەر ئەم کارەساتانە بوونە هۆی ئەوەی "ئوری ئوکۆلۆ"، چالاکی ناسراوی کینیایی، لەسەر وێبلاگەکەی خۆی وەها داخوازییەک بڵاو بکاتەوە: «کەسێک هەیە کە بیهەوێ بە بەکارهێنانی ئامرازێکی نوێ، خەریتەیەکی تەعامولی لە شوێنی روودانی توندوتیژییەکان و شێواندنە بەربڵاوەکان ئامادە بکات؟» هەر ئەم پۆستە کورتەی ئەو کە لە ٣ـی مانگی ژانویەی ٢٠٠٨ـدا لە وێبلاگەکەیدا بڵاوی کردەوە، لە رۆژەکانی کۆتایی هەفتەدا، هەندێک لە وێبلاگ‌نووسانی هان دا هاوکاری و تەعامولی لەگەڵ بکەم بۆ ئەوەی بە هەر جۆرێک بێ خولیاکەی ئۆکۆلۆ بهێننە دی.

ئامانج و مەبەستەکان
ئۆری ئۆکۆکۆ، چالاکی کینیایی، رووداوەکانی پێوەندیدار بە هەڵبژاردنەکانی لە ناوەوەی کینیا رووماڵ دەکرد بەڵام کاتێک توندوتیژییەکان دەستی پێکرد، بڕیاری دا وڵات جێبهێڵێت. پچڕانی پێوەندی لەگەڵ میدیا خۆجێییەکان و ئەو زانیاریانەی کە ئەو بەشێوەی راستەوخۆ لەڕێگەی سەرچاوەکانی خۆی لە ناوخۆی وڵاتەوە وەریدەگرت، خاڵی دەسپێکی رێکخستنی یوشاهیدی بوو. ئەو دەیزانی خەڵکی کینیا پێویستیان بە تەکنەلۆژیایەک هەیە بۆ هاوبەشکردنی زانیاری، پێوەندی لەگەڵ یەکتری و لەگەڵ کەسانێک کە بەنیاز بوون یارمەتیدەر بن.
ئۆکۆلۆ کەمێک پاش دامەزرانی یوشاهیدی لە وێبلاگەکەی خۆیدا نووسی: «ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە راپۆرتەکانی حکومەت، پۆلیس و میدیاکان سەبارەت بە ژمارەی کوژراوەکان، لەگەڵ راستی مەودایەکی زۆریان هەیە و زۆرینەی راستییەکانیان بە ئانقەست نادرکێندرێن. هەڵبەت ئێمە لامان وا نییە کە وێنەیەکی دروست و وردمان لەو شتە لەبەر دەستە کە خەریکە روو دەدات، بەڵام ئەو راپۆرتانەی لە رێگەی بنەماڵەکان و هاوڕێی قوربانیانی ئەم توندوتیژیانەوە دەگاتە دەست ئێمە، باس لەوە دەکەن کە دۆخەکە لەو شتەی وا لە میدیا فەرمییەکاندا باس دەکرێن زۆر خراپترە».
یوشاهیدی ئەم دەرەتانەی بە کینیاییەکان بەخشی کە وێنەیەکی دروستتر و وردبینانەتر لە توندوتیژییەکان ئاراستە بکرێت. بەکارهێنانی ئەم ئامرازە زۆ سادەیە. هاوکات لەگەڵ روودانی توندوتیژییەکان لە وڵاتدا، شایەتحاڵانی عەینی، زانیارییەکانی خۆیان بە کورتەنامە بۆ ژومارە تەلەفۆنێکی دیاریکراو دەنێرن یان راپۆرتێکی ئۆنلایەن لە وێبلاگی فەرمی یوشاهیدیدا تۆمار دەکەن. ئەم راپۆرتانە لە بنکەیەکی زانیاریی هێمندا پاشەکەت دەکرێن کە تەنها بەڕێوەبەرانی یوشاهیدی دەستیان پێی رادەگا. بەڕێوەبەران، سیستمی پەیامە وەرگیراوەکان بەپێی پێویست، پۆلێنبەندی و ئەولەویەتبەندی دەکەن، زانیارییە ئاراستە کراوەکان لەگەڵ سەرچاوەکانی دیکە بەراورد دەکەن بۆ ئەوەی لە راستی و ناڕاستی ئەم زانیاریانە دڵنیا بن و پاشان بەخێرایی لەسەر ماڵپەڕەکە بڵاوی دەکەنەوە.
هەر راپۆرتێک بە یەک ناونیشان، شرۆڤەیەک و گرنگتر لەهەمووان، بە زانیاری وردی جوگرافی لەڕێگەی GPSـەوە کە خەریتەیەکی تەعامولی لە خەریتەی گووگڵدا دروست دەکات، بڵاو دەبێتەوە. هەر راپۆرتێک، بەپێی جۆری توندوتیژییەکە، بۆ نموونە دەستدرێژی، تاڵان کردن یان ئاگرکەوتنەوە، پۆلێنبەندی دەکرێت.
یوشاهیدی راپۆرتە شرۆڤەیی و هۆشدارییە ئەمنییەکان لەگەڵ ئەو شوێنانەی توندوتیژیی بەربڵاوی تێدا روو دەدات تێکەڵ دەکات. ئەم ئامرازە دەتوانێ خشتەی زەمەنی رووداوەکانیش بکێشێتەوە. رێکخراوە ناحکومەییەکان و چالاکانی مەدەنی و چالاکە شوێندانەرەکانی دیکەی کۆمەڵگا دەتوانن بە ئاسانی ئەم داتایانە بۆ باشترکردنی چالاکییەکانی خۆیان بەکار بێنن. بەم داتایانە دەکرێ دیاری بکەین کە ئەو گەڕەکانەی پێویستیان بە یارمەتی هەیە کامانەن و بۆ هەر گەرەکێک چ جۆرە دژکردەویەک پێویستە.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved