14/2/2022 03:35 PM

بزووتنەوەی فێمینیستیی ئەمریکا (بەشی چوارەم)

پەیام و بەردەنگ
بزووتنەوەی ژنان رێگەی جۆراوجۆری بۆ گەیشتن بە داخوازییەکانی خۆی بەکار دێنا، کە بریتین لە: لۆبی کردن لە کۆنگرێس بۆ گۆڕینی یاساکان، گشتی کردنەوەی بابەتگەلی پێوەندیدار بە دەستدرێژی، توندوتیژیی ماڵەوەیی لەڕێگەی میدیاکان و نزیکبوونەوە لە ژنانی ئاسایی کۆمەڵگا بە مەبەستی بەربڵاوبوونەوەی بزووتنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی هوشیاری بەنیسبەت کارکردەکانی بزووتنەوە لە ژیانی رۆژانەی ئەواندا.
لە سەرەتای چالاکیی ئازادیخوازانەی ژنان لە بە چڕی لە ژێر کاریگەریی بەرەی چەپی نوێدا بوو، چالاکان لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکاندا روانگەیەکی هێرشبەرانەیان هەبوو. ناڕەزایەتی لەدژی هەڵاواردنی رەگەزی لەناو میدیاکاندا بە شێوەی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرا، هەر لە لێدانی مۆرک سێکسی لە رێکلامە بێ‌ئەدەبەکاندا هەتا مانگرتن لە نووسینگەی رۆژنامەکان. وەها روانگەیەک شوێندانەر بوو بە جۆرێک لە لە خۆپیشاندانی ساڵی ١٩٦٨، کە لە دەرەوەی شوێنی بەڕێوەچوونی کچی شیاوی ئەمریکا لە شاری ئاتلانتیک بەڕێوە چوو، لە دژایەتی لەگەڵ بەئامرازکردنی ژنان، دروشمی «تۆ مافی هەڵبژاردنت نییە کچی شیاوی ئەمریکا»ـیان بەرز کردەوە. لە ئاکامدا، زۆرینەی چالاکان بڕیاریان دا لەجیاتی ئەوەی دەستەوداوێنی بەرەی چەپ بن، سوود لە ژنانی ئاسایی سەرانسەری وڵات وەربگرن بۆ دەستەبەرکردنی ئاماجەکانی خۆیان.
ئەو گروپانەی بەرپرسی بەرزکردنەوەی ئاستی هوشیاری خەڵک بوون، بەسەر چەندین تاقمی بچووکتردا دابەش بوون و روویان لە گەڕەکەکان کرد و سەبارەت بە بابەتگەلێکی وەکوو ژیانی بنەماڵەیی، فێرکاری، سێکس و کار لە روانگەی خۆیانەوە قسەیان دەکرد. لەو رووەوە کە ئەم ژنانە چیرۆکی ژیانی خۆیان دەخستە بەر باس، ئەوان خۆیان لە پێوەندیی نزیک لەگەڵ کۆمەڵگای پیاوسالاردا دەبینی کە خاڵی هاوبەشی  سەرجەم ژنان بوو. بەپێی یەکێک لەم ژنانە: «من خۆم بە بەشێک لە کۆمەڵگای گەورەی ژنان دەزانم. بارودۆخی ئێمە تاقانە نییە، دەکرێ لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی ئێستادا دەستنیشانی بکەیت».
لە کەمپینەکانی لەباربردنی کۆرپەلە، چالاکانی ژن لەگەڵ یاسادانەراکان، کۆمەڵێک دانیشتنیان بەڕێوە برد و ئارگیۆمێنتی خۆیان سەبارەت بە لەباربردنی کۆرپەلە بەم جۆرە خستە روو؛ «ئەم کارە بووە هۆی ئەوەی پرسی لەباربردنی کۆرپەلە بەشێوەی گشتی بخرێتە بەر باس. چالاکان هەوڵیان دەدا سەرجەم خەڵک ئاگادار بکەنەوە کە زۆرینەی ژنان ئەزموونی لەباربردنی منداڵیان بووە. ئەوان باسی ئەو شتەیان دەکرد کە لەناو دڵیاندا بوو.» لەم دانیشتنانەدا چالاکان هەوڵیان دەدا پرسی دەستدرێژیش بخەنە بەر با و بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی وەها روانگەیەک، گروپەکانی بەرگری لە ژنان و ناوەندەکانی قەیران سەبارەت بە قوربانیانی ژنیان دامەزراند. هەروەها چالاکان لە شێوازەکانی لۆبی کردن لە بنکەکانی پۆلیس و نەخۆشخانەکان بە مەبەستی ئاگاداری کردن لە ژنانی قوربانی دەستدرێژی کەڵکیان وەردەگرت. بە مەبەستی گشتی بوونەوەی باسەکانی پێوەندیدار بە دەستدرێژی لە پێوەندی نێوان کچان و کوڕان، رێپێوانەکان لە زانکۆکان لە ساڵی ١٩٨٢ـدا دەستی پێکرد.
هەروەها چالاکانی ژن، چالاکییەکانی خۆیان لەدژی ئازاردانی سێکسی وەکوو پێشێل کردنی مافی ژنان دەست پێکرد؛ بەکارهێنانی سێکسی لەلایەن هاوسەرانیش بابەتێکی دیکە بوو کە لەلایەن پارێزەرانی مافی ژنان خرایە بەر باس. هەروەها کۆمەڵێک ماڵی ئەمن بۆ پشتگیری لە ژنانی قوربانی توندوتیژیی ماڵەوەیی دامەزرا. یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی جێی سەرنجی بزووتنەوەی ژنان بوو، دروستکردنی سیستمێکی تەندروستی بۆ ژنان بوو کە تیشک بخاتە سەر پێداویستییە تەندروستییە تایبەتەکانی ژنان. چالاکان هەوڵیان دا زانیاریی خۆیان سەبارەت بە پرسە پزیشکییەکانی ژنان بەرز بکەنەوە و هەر لەم بوارەدا چەندین پۆلیان لە ماڵەکان، باخچەی ساوایان و کڵێساکان بەڕێوە برد. هەروەها چالاکان توانیان بنکەی پزیشکی بۆ ژنان بکەنەوە و کتێبێکی سەرچاو لەژێر ناوی جستەکانی ئێمە، خۆمان، چاپ بکات.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved