14/2/2022 03:37 PM

یوشاهیدی (بەشی سێهەم)

ئازادیی ئایینەکان، پەروەردە، کۆبوونەوە و میدیاکان لە یاسای بنەڕەتیی کینیادا بە روونی باسیان لێکراوە و ساڵی ٢٠٠٧، ئەم وڵاتە بە هۆی ئەوەی بە یەکێک لە ئازادترین وڵاتانی ئەفریقا دەهاتە ئەژمار، شانازی بەخۆیەوە دەکرد. شەش کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەهلی و دوو وێستگەی رادیۆیی FM لە کینیادا بوونیان هەبوو و بەکارهێنەرانی ئینتەرنێتیش لەگەڵ بەرتەسکاییەکی تایبەت رووبەڕوو نەبوون. بەم حاڵەوە کاتێک دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری راگەیەندرا، حکومەت کەم‌کەم پەخشی راستەوخۆی تەلەفیزیۆنی و رووماڵی رادیۆیی ئەم قەیرانەی لە وڵاتدا قەدەغە کرد. هێزەکانی حکومەت هەوڵیان دا بە ترساندنی رۆژنامەوانان لە ناوەندەکانی دەنگدان، رێگری لە درێژەدان بە چالاکییەکانیان بکەن. ئەم بەرتەسکاییانە بووە هۆی ئەوەی میدیا نانەریتییەکان رۆڵێکی دیارتر لە رووماڵکردنی هەڵبژاردنەکاندا ببینین.
ئەگەرچی رادەی کارتێکەریی ئینتەرنێت لە کینیا بە نزیکەی ٨٪ دەخەمڵێندرێت، بەڵام نەریتێکی وێبلاگنووسی تا رادەیەک بەهێز لەم وڵاتدا بوونی هەبوو. کۆڕی وێبلاگنووسانی کینیایی ساڵی ٢٠٠٤ دامەزرا، بە کۆکردنەوەی بابەت لە ٨٠٠ وێبلاگی کینیایی و بەکارهێنەرانی ئەم وڵاتە لە وردە میدیاکاندا، پشتیوانیان لێدەکات بۆ ئەوەی بابەتە جۆراوجۆرەکان، هەر لە سیاسەت و کۆمەڵگای مەدەنییەوە بگرە تا تەکنەلۆژیا و ئەزموونە تاکەکەسییەکانی خۆیان بڵاو بکەنەوە. لەو رووەوە کە بابەتی ئۆنلاین لە کینیا هەرگیز فیلتەر نەدەکرا، کۆمەڵگای ئۆنلاینی ئەم وڵاتە ئەم هەڵەی بۆ ڕەخسابوو کە بێتە ناو گۆڕەپانەکەوە و رۆڵی میدیاکانی رەوتی سەرەکی لە ئاڵوگۆڕە سیاسییەکاندا بخاتە ژێر پرسیارەوە.

پەیام و بەردەنگ
دامەزرێنەرانی یوشاهیدی، ئەم نەرم‌ئامێرە بە ئامرازێکی سادە بۆ بەهێزکردن و هاوپێوەندکردنی هاووڵاتیان لە ساحەی گشتیدا دەزانن. ئەو جۆرەی دەیڤید کوبیا، یەکێک لە دامەزرێنەرانی یوشاهیدی دەڵی: «ئەم ئامرازە ئەم هەلە بۆ هەمووان دەڕەخسێنێت کە گێڕانەوەی خۆیان لە ئاڵوگۆڕەکان ئاراستە بکەن.» ساڵی ٢٠٠٧، زیاد لە ٤٠٪ـی هاووڵاتیانی کینیایی مۆبایلیان هەبوو؛ مۆبایل گرنگترین ئامراز بۆ تۆمارکردنی ئەو راپۆرتانە بوو کە توندوتیژیی لەم وڵاتەیان دەنواندەوە.
دامەزرێنەرانی یوشاهیدی. ستراتیژیی پێوەندیی خۆیان بە شێوەیەک پێناسە کرد کە بتوانن ژمارەیەکی زۆر لە بەردەنگان رووماڵ بکەن. جگە لە ئینتەرنێت و خزمەتگوزارییە ئۆنلاینەکان، دامەزرێنەرانی یوشاهیدی هەوڵیان دا بە کەڵک وەگرتن لە کەناڵە رادیۆییە سەربەخۆکانی وڵات، زانیاریی پێوەندیدار بە چۆنیەتیی تۆمارکردنی راپۆرتەکانی توندوتیژی ئاراستەی بەردەنگانی خۆیان بکەن. تێکەڵکردنی ئینتەرنێت و رادیۆ، توانایی پرۆژەکەی بۆ دەست پێڕاگەیشتن بە بەردەنگانی بە رادەیەکی بەرچاو بەرز کردەوە و بەردەنگانی لە ١٠٪ـەوە گەیاندە ٩٥٪. لەدوای قەیرانی پاش-هەڵبژاردن لە کینیا، یوشاهیدی زیاتر لە ٤٥هەزار بەکارهێنەری چالاکی لە سەرتاسەری وڵاتدا هەبوو.
رێکخراوەگەلێکی وەکوو MMC توانیان ئەو گروپە لاوازانەی کە بەهۆی قەیرانەوە، پێوسیتیان بە خۆراک و جلوبەرگ هەبوو دەستنیشان بکات. رێکخراوەیەکی خۆجێی دیکە بەناوی «کاروانی ئاشتی»ـیش یوشاهیدی بەکار دێنا بۆ ئەوەی بتوانێ ئەو گەڕەکانە دەستنیشان بکات کە زیاتر لە هەر شوێنێکی دیکە پێویستیان بە ئەنجامدانی کردەوەی ئاشتیانە هەبوو. کاروانی ئاشتی کە لەلایەن کەسێک بە ناوی "ریچڵ کۆنگۆ"ـوە دامەزرا، پرۆژەیەک بوو بۆ پەرەپێدان و فێرکاری لە رێگەی رێکخستنی ئەو گرووپانەی کە بەگشتی لە گەنجانی کینیایی پێک هاتووە. کۆنگۆ تا ئێشتا زۆر جار سەبارەت بە سوودەکانی ئەو پێوەندی و زانیاریانەی کەوا یوشاهیدی ئاراستەی ئەم رێکخراوەیەی کردووە لێدوانی داوە: «یوشاهیدی زانیاریی بەڕۆژی ئاراستەی ئێمە دەکرد. خەڵک لە شوێنی جۆراوجۆروە زانیارییەکانی خۆیان سەبارەت بە بارودۆخی خۆیان لەگەڵ خەڵک هاوبەش دەکرد و بەم جۆرە ئێمە دەمانتوانی بە وەرگرتنی زانیاریی ورد، کار و کردەوکانی خۆمان باشتر ئەنجام بدەین.» جگە لەمانە، رێکخراوە کینیایی و نێودەوڵەتییە چالاکەکانی دەرەوەی ئەم وڵاتەش دەیانتوانی ئەم ئامرازە بەکار بێنن بۆ پشتگیریی ماڵی لە پرۆژە و کار و چالاکییەکانی یوشاهیدی.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved