15/2/2022 08:32 PM

بزووتنەوەی فێمینیستیی ئەمریکا (بەشی کۆتایی)

لەهەمانکاتدا، بزووتنەوەی ژنان کۆمەڵێک گۆڤاری لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاو دەکردەوە. سەرەڕای ئەوەی ئەم گۆڤارانە بۆ ئەندامانی بزووتنەوە ئامادە دەکران، بەڵام گۆڤاری گلۆریا ستینم کە ساڵی ١٩٧١ دامەزرابوو، بەشێکی زۆری کۆمەڵگا دەیانخوێندەوە. ئەم گۆڤارە ئەو کێشانەی دەنواندەوە کەوا ژنانی ئاسایی لەگەڵیان رووبەڕوو بوون و چیرۆکی ژیانی ژنانی سەرکەوتوو و هەوڵی چالاکانی مەدەنی دەخستە روو.
بزووتنەوەی ژنان لە رێگەی یاساییشەوە بۆ نموونە کردنەوەی دۆسیە و تۆمار کردنی سکاڵا لای بنکە یاساییەکان، بەدواداچوونی بۆ داخوازییەکانی ژنان دەکرد. گرنگترین دەسکەوتەکانی بزووتنەوە تا کۆتاییەکانی دەیەی ٧٠ بریتی بوون لە: رێگری کردن لە هەڵاواردنی رەگەزی لە قوتابخانە و زانکۆکان، وەرزش و دەستەبەرکردنی متمانەی ماڵی؛ رێگری کردن لە هەڵاواردن لە شوێنی کار لەدژی ژنانی دووگیان؛ یاسایی کردنی لەباربردنی کۆرپەلە و بەرگیری لە دووگیانبوون، مافی تەڵاق بەهۆی سازگاربوون و یەکسانبوون لە دابەشکردنی ماڵ و دارایی لەدوای تەڵاق. ئەم دەسکەوتانە ئیرادەی ئەندامانی بزووتنەوەی زۆر بەهێز کرد. هەر ئەو جۆرەی یەکێک لە ئەندامان گوتوویەتی: «دەمزانی کە من بەشێک لەم بزووتنەوە مێژووخولقێنەم، ئەم بابەتە دیدێکی بەربڵاو و راستەقینە بە مرۆڤ دەبەخشێ چونکە ئێوە دەزانن شتی راستەقینەی لێدەکەوێتەوە.»
مانگرتنی ژنان بۆ یەکسانی لە ئاگۆستی ١٩٧٠دا، شەپۆلێکی بەربڵاو لە ناڕەزاییەکان، رێپێوان و دانیشتنەکان، هەموویان کاریگەریان لەسەر بەهێزبوونی ورەی ئەندامانی بزووتنەوە هەبوو. چاکسازییەکان لە یاسای بنەڕەتیدا بۆ دەستەبەکردنی مافی یەکسان دواجار لەلایەن ٣٠ ویلایەت لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٧٣دا پەسەند کرا بەڵام بزووتنەوە نەیتوانی ٨ پەسەندکراوی دیکە تا وادەی یاسایی واتە ساڵی ١٩٨٢، دەستبەر بکات. سەرەتا ئەوەی کە چەند گروپی دەگمەن بە رێژەی دوو بە یەک پشتیوانیان لەم چاکسازیانە کرد. لە کردەوەشدا کۆمەڵێک تاقم و گروپ سەبارەت بە رۆڵی پیاوان و ژنان، بۆچوونی محافزەکارانەیان هەبوو و چەقبەستوویی بەنیسبەت داخوازییەکانی ژنان لەگەڵ کۆمەڵێک دژکردەوە لەدژی مافی هاوڕەگەزخوازان و لەباربردنی کۆرپەلە لەلایەن بەرەی راستی کرستیانییەوە رووبەڕوو بووەوە.
جگە لەوە بزووتنەوەی ژنان نەیتوانی بە رادەی پێویست باسی سوودەکانی چاکسازییەکانی سەرەوە بکات. کاتێک ئەم چاکسازیانە لەلایەن کۆنگرێسەوە پەسەند کرا، زۆرێک لە نایەکسانییە یاساییەکان هاتبوونە بەر باس بەڵام خەڵک بەگشتی نەیاندەتوانی خاڵە ئەرێنییەکانی ئەم چاکسازیانە ببینن. لەلایەکی دیکەوە دژبەرانی چاکسازی، پروپاگاندایەکی بەربڵاویان لەدژی چاکسازی دەست پێکردبوو. ئەوان ئەم ئاڵوگۆڕانەیان بە پیلانگڕییەک پێناسە کرد بە مەبەستی لاواز کردنی کۆڵەکەکانی کۆمەڵگای ئەمریکا و بەتایبەت بنەماڵەکان و بە سووکی سەیری لاینگرانی لەباربردنی کۆرپەلە و مافی هاوڕەگەزخوازانیان دەکرد. فیلیس شلافی، یەکێک لە سەرەکیترین دژبەران بوو کە بەتەواوی نکۆڵی لە هەڵاواردنی رەگەزی لەدژی ژنان دەکرد و لای وابوو ژنان پێگەیەکی بەرزیان لە کۆمەڵگای ئەمریکدا هەیە و ئەمەشیان بە دەسکەوتی نەریتی ئایینی کرستیانی دەزانی و چاکسازییەکان لە روانگەی ئەوانەوە ئەم دەسکەوتانەی لەناو دەبرد. سەرەڕای ئەوەی چاکسازییەکان لەگەڵ شکست رووبەڕوو بوونەوە، بەڵام هەوڵدان بۆ مافی ژنان درێژەی هەبوو و لەسەر کۆمەڵگای ئەمریکا شوێندانەر بوو.

چالاکییە بەربڵاوەکان
بەهۆی ئەوەی بزووتنەوە جەوهەرێکی تایبەتی هەبوو و ئەندامەکانی پێشتر لە بزووتنەوەکانی دیکەدا بەشداریان کردبوو، دەرەتانی پێوەندی گرتن لەگەڵ بزووتنەوەکانی دیکە لەئارادا بوو. زۆرێک لە ئەندامانی بزووتنەوەی فێمینیستی گەشتی وڵاتانی دیکەیان دەکرد، بۆ نموونە ئەوان سەردانی ڤیتنامیان کرد بۆ ئەوەی لەگەڵ ژنانی ڤیتنامی کە دژی شەڕ بوون دیدار بکەن و هاوپێوەدییەک لەنێوان ژناندا دروست بکەن. لەم کاتەدا فێمینیستە چالاکەکان لە بواری مافی کاردا، گروپی خۆجێییان بۆ رێکخستنی ژنانی کرێکار، باشترکردنی بارودۆخی کار و خەبات بۆ دەستبەرکردنی مافی یەکسانی کار دروست کرد. فێمینیستە رەشپێستەکان، بابەت‌گەلی وەکوو ئاگاداری کردن لە مناڵ، سەرکوتی پۆلیس، خۆشبژێویی کۆمەڵایەتی و ئاگاداری کردنی پزیشکیان خستە روو و رێکخراوەی نەتەوەیی فێمینیستیی رەشەکان لە ساڵی ١٩٧٣دا دامەزرا.
لە کۆتایی دەیەی ٧٠دا، بزووتنەوەی ژنان تووشی لێکترازان بوو بەڵام ئەو خزمەتگوزاریانەی بنیاتیان نا، بۆ نموونە ناوەندەکانی قەیرانی دەستدرێژیی سێکسی، ماڵە ئەمنەکان و بنکەگەلی پزیشکی لە ناو شار و زانکۆکاندا پەرەیان سەندبوو و ناوەندە ئایینییەکان، بودجەی پێویست بۆ ئەم پلانانەیان دابین دەکرد. لەئێستادا دەسکەوتەکانی بزووتنەوەی فێمینیستی بە مەبەستی بەرەپێشبردنی پرۆژەکانی دیکە بەکار دێن، نموونەی ئەم دەسکەوتانە بریتین لە: دەست پێڕاگەیشتنی یەکسان بە سیستمی پەروەردە، بەشداری چالاکانە لە پرۆسەی سیاسی و لە شوێنەکانی کاردا، دەرەتانی لەباربردنی کۆرپەلە و رێگری کردن لە دووگیانبوون، بوونی سەرچاوەی پێویست بۆ یارمەتی گەیاندن بە قوربانیانی دەستدرێژیی سێکسی و توندوتیژیی ماڵەوەیی و پشتگیریی یاسایی لە مافەکانی ژنان. ژنان هەروەها بۆ دەستەبەرکردنی مافی زیاتر چالاکی دەنوێنن و هەر ئەو جۆرەی بێتی فریدێن دەڵێ: «ئەوەی وا تەنها وەکوو فێمینیزم باس لێوە دەکرێت، ئەمڕۆ بووەتە بەشێک لە راستەقینەی ژیان. روانینی ژنان بەنیسبەت خۆیان و روانینی کەسانی دیکە بەنیسبەت ژنان، لەگەڵ ٣٠ ساڵ لەمەوبەر زۆر جیاوازە، کچەکانمان هەر بەو ئامراز و پێداویستیانەی لەبەر دەستی کوڕەکاندایە گەشە دەکەن».

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved