15/2/2022 08:35 PM

یوشاهیدی (بەشی کۆتایی)

چالاکییە بەربڵاوەکان
کاتێک قەبارە و بەربڵاویی توندوتیژییەکانی پاش هەڵبژاردنەکانی کینیا کەم بووەوە، گروپی یوشاهیدی  هەوڵەکانی خۆی بۆ پەرەپێدانی ئەم پرۆژەیە دەست پێکرد. لە مانگی مەی ٢٠٠٨ـدا، لە کێبەرکێکانی NetSquaredـدا بەهۆی داهێنان لە بواری کەڵک وەرگرتن لە وێب و تەکنەلۆژیاکانی مۆبایل بۆ دروستکردنی ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی، پێگەی یەکەمی بەدەست هێنا. ئەو پارەیەی بەم هۆیەوە درا بە یوشاهیدی، بۆ دیزاین کردن و پەرەپێدانی Ushahidi 2.0 سەرف کرا؛ پرۆژەیەک کە لەڕاستیدا کۆدی کراوەی یوشاهیدی بوو و ئەم دەرەتانەی بە هەر کەسێک دەبەخشی کە یوشاهیدی بۆ دابین کردنی پێویستییە خۆجێییەکان خۆی بەکار بێنێت. پاش ئەوە، لەم ئامرازە بۆ رووداوگەلێکی جۆراوجۆر لە جیهاندا کەڵکی لێوەرگیرا. لەڕاستیدا، تا ساڵی ٢٠١١، ئەم ئامرازە ١١هەزار جار لەلایەن گرووپە جیاوازەکانەوە بەکار هاتووە. لە هیند و مەکسیک ئەم ئامرازە بۆ چاوەدێری کردنی هەڵبژاردنەکان کەڵکی لێوەرگیرا. یوشاهیدی ئەم دەرەتانەی بە رێکخراوە چالاکەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەدا کە هەوڵەکانی خۆیان بۆ رزگار کردنی قوربانیانی لافاو لە تایلەندا و پاکستان و قوربانیانی بوومەلەرزەی ماڵوێرانکەری هائیتی ساڵی ٢٠١٠ رێک بخەن. لە میسر، چالاکانی مەدەنی بە پشت بەستن بەم وەشانە کۆد-کراوەیە، سیستمێکیان بەناوی HarassMap دروست کرد کە بۆ چاوەدێری کردنی توندوتیژیی سێکسی و توندوتیژیی لەدژی ژنان، زۆر بەسوود بوو. چالاکانی ئەندۆنیزیاییش ئەم ئامرازەیان بۆ بەدواداچوون بۆ تاوانە ئەنجامدراوەکان لە جاکارتا، بەکار هێنا.
ماڵپەڕی یوشاهیدی ئەم دەرەتانەی دەبەخشییە بەکارهێنەران کە بە ئاسانی ئەم ئامرازە بەکار بهێنن و بە کەڵک وەرگرتن لە رێنوێنی گشتیی ئەم ئامرازە، سوودی لێوەربگرن. یەکێک لە گرنگترین چەلنجەکانی ئەو زانیاریانەی بەکارهێنەر بەرهەمی دەهێنا، دستنیشان کردنی راستی و ناڕاستیی داتاکان بوو. یوشاهیدی کۆمەڵێک رێکاری بۆ تاوتوێی راستبوونی داتاکان خستووەتە روو. جگە لەمانە، یوشاهیدی ئامرازێکی دیکەشی دروست کردووە بەناوی Swift River کە بە ئاسانی دەتوانێ قەبارەیەکی گەورە لەو داتایانەی بەکارهێنەر دروستیان دەکات لێک بداتەوە و تاوتوێی بکات. ئەم ئامرازە بەم مەبەستە دروست کراوە کە کاری رێکخراوە ناحکومییەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەکاتی دژکردەوە بەنیسبەت بارودۆخە نەخوازراوەکاندا ئاسانتر بکاتەوە.
یوشاهیدی هەروەها وەشانێکی دیکەی بەناوی Crowd Mapـی دروست کردووە. ئەم ئامرازە پێویست نییە دانلۆد بکرێت دەتوانێ لە ماوەی چەند چرکەدا دابەزێت بۆ ئەوەی بە مەبەستی چاوەدێری کردنی هەڵبژاردنەکان یان کێشانەوەی خەریتەکانی قەیران کەڵکی لێوەربگیرێت. یوشاهیدی توانیویەتی کۆمەڵێک هاوبەش بەرەو خۆی رابکێشێت و لە رێکخراوە و کۆمپانیا زەبەلاحە نێودەوڵەتییەکان بۆ نموونە گووگڵ، موزیلا و بنکەی نایت و هەروەها "دامەزراوەی دیموکراسیی دیجیتاڵ و ئەمریکا بۆ ئاشتی"ـش یارمەتیی ماڵی وەربگرێت. ئەگەرچی یوشاهیدی لە سەرەتادا تەنها لە کۆمەڵێک وێبلاگنووس پێکهاتبوو کە دژکردەوەیان بەنیسبەت قەیرانە خۆجێییەکانەوە هەبوو، بەڵام ئێستا بووە بە رێکخراوەیەکی تەکنەلۆژیکی ناحکومیی گەورە کە دەتوانێ خزمەتگوزاری و یارمەتی ئاراستەی هاووڵاتیان بکات لە سەرتاسەری جیهاندا.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved