16/2/2022 03:04 PM

بلۆگ‌نووسیی لە میسر (بەشی یەکەم)

وائێل عەباس وەکوو بلۆگ‌نووسێک، ئینتەرنێتی بەکار دێنێت بۆ ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگا لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و توندوتیژیی پۆلیس لە میسر. ئەو بەهۆی ئاراستە کردنی فیلمی بەڵگەیی سەبارەت بە ئەشکەنجەدان لە بنکەکانی پۆلیس، بەناوبانگ بووە. ئاراستەکردنی یەکێک لەم گرتە ڤیدیۆییانە بووە هۆی دادگایی کردن و بڕینەوەی سزای قورس بۆ تۆمەتباران.

روانگە و پاڵنەر
حوسنی موباڕەک کاتێک لە ساڵی ١٩٨١ـەوە دەسەڵاتی لە میسر بەدەستەوە گرت، بە چڕی ئەم وڵاتەی کۆنتڕۆڵ دەکرد. بەپێی راپۆرتی رێکخراوەی چاوەدێریی مافی مرۆڤ، لەگەڵ تێپەڕبوونی زەمەن، موباڕەک «بوو بە هێمای حاکمێکی سەرەڕۆی عەرەب و حوکمڕانی بەسەر سیستمێکدا دەکرد کە دژبەران لەودا سنووردار دەکرێنەوە، زیندانی دەکرێن و رووبەڕووی ئەشکەنجە و ئازار دەبنەوە». لەم بارودۆخەدا، ئینتەرنێت یەکێک لەو ئامرازە دەگمەنانە بوو لە میسرییەکان بۆ دەربڕینی بۆچوونەکانی خۆیان لەبەردەستیان بوو.
ناڕەزایەتیی لە رژێمەکەی موباڕەک لە کۆتاییەکانی ٢٠٠٤ـدا گەیشتە لوتکە؛ حکومەت خۆی ئامادە دەکرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری بەڵام هەمووان دەیانزانی موباڕەک جارێکی دیکەش دەبێتەوە بە سەرۆک‌کۆمار. بزووتنەوەگەلێکی مەدەنیی ریشەدار بۆ نموونە کیفایە یان "بزووتنەوەی میسر بۆ گۆڕان" پێک هاتن و ناڕەزاییەکانی خۆیان لەدژی موباڕەک دەست پێکرد. میدیاکانی میسر نەیاندەوێرا هەواڵی ئەم رووداوانە رووماڵ بکەن و بەم هۆیەوە، خەڵک تا رادەیەکی زۆر لەم جووڵە مەدەنییە گەشەسەندووە بێ‌ئاگا بوون. ‌
بە گوتەی وائێل عەباس، «ئەوە کاتێک بوو کە ئێمەی بلۆگ‌نووس بڕیارمان دا کارەکانی خۆمان بەدەستەوە بگرین. ئێمە بڕوامان بەوە هەبوو کە خەڵک دەبێ ئاگادار بن». ئەو بە رەخنەگرتن لە هەڵوێستی پەسیڤی بڵاڤۆکەکان لە رووماڵکردنی پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییە جێی سەرنجەکانی میسر، بلۆگێکی بەناوی «رابوونی میسر» دامەزراند و پڕی کرد لەو وێنە و گرتە ڤیدیۆییانەی کە سەبارەت بە ناڕەزاییەکان بوون. ئەو بەپێچەوانەی زۆرینەی بلۆگ‌نووسانی میسر، شرۆڤەی خۆی لەسەر وێنەکان لە چەند رستەی کورتدا سنووردار دەکردەوە، چون لەسەر ئەو بڕوایە بوو کە «دەکرێ کتێبێک بنووسی پڕ بێ لە درۆ بەڵام وێنە، سەرجەم چیرۆکەکە بە راستگۆییەوە دەردەبڕێت.»
ئامانجی عەباس ئاگادارکردنەوەی خەڵکی میسر بوو، بەبێ هەوڵدان بۆ رێنوێنی کردن یان پێدانی ئایدیۆلۆژییەکی تایبەت بە ئەوان. ئەو بە رەفز کردنەوەی بزووتنەوە سیاسییەکانی ناوخۆی وڵات و هەوڵەکانی ئەوان بۆ دەستێوەردان لە کۆمەڵگای میسردا، لەسەر ئەم بڕوایە بوو کە «هاووڵاتی پێویستی بە ئاگاداربوونەوە هەیە؛ ئەو پێویستی بەوە هەیە کە هەموو شتێک سەبارەت بە هەر شتێک بزانێت، چونکە لە کۆتاییدا ئەو کەسێکە کە دەبێ سەبارەت بە باشی و خراپیی کەسەکان بڕیار بدات».

ئامانج و مەبەستەکان
عەباس لە سەردەمی بلۆگ‌نووسیدا، ئامانجەکانی خۆی لەیاد نەکرد: «ئەرکی من پێوەندی‌گرتن لەگەڵ خەڵک و جووڵاندنی ئەوان بوو. ئامانج، ئاشنا کردنی خەڵک بوو لەگەڵ مافەکانی خۆیان. من دەمەوێ میسرییە نەخوێندەوارەکان بزانن کە لێدانی مشتەکۆڵە، کارێک کە پۆلیس لەگەڵ گومان‌لێکراوان دەیکا، کارێکی شیاو نییە. ئەگەر بتوانم ئەم کارە ئەنجام بدەم، هەر ئەوە تەواوە.»
عەباس لە بلۆگەکانی خۆیدا دەستی کرد بە ئاگادارکردنەوەی خەڵک لە سەرکوتی ناڕەزاییە سیاسییەکان لەلایەن حکومەت، ئازاردانی سێکسی لە قاهیرە، فێڵبازیی لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەشکەنجەدان و هێرش بردن بۆ دژبەرانی سیاسی و کۆمەڵێک رووداوی دڵتەزێن کە بە هۆی توندوتیژیی پۆلیسەوە روویان دەدا. ئەو دەڵێ: من بەم کارانە «ئەوەی وا بەشوێنیەوەم گۆڕانی میسرە بەرەو دیموکراسی و بەفەرمی ناسینی مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتیان. کەوابوو چڕبوونەوەی من لەسەر ئاگادارکردنەوەی خەڵکە سەبارەت بەوەی وا روو دەدات و یارمەتیدانی ئەوان بۆ ئەوەی باشتر لە مافەکانی خۆیان تێبگەن».

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved