16/2/2022 03:05 PM

بزووتنەوەی چاکسازیی مودەوەنە (بەشی یەکەم)

روانگە و پاڵنەر
لە مەغریب و ئەو ناوچانەی بەپێی بایەخەکانی سیستمی کۆمەڵایەتیی مەغریب دامەزراون، ژنان لە ناوەندی پێکهاتەی بنەماڵەدا جێگیرن. مودەوەنە، واتە کۆمەڵە یاسای بنەماڵە کە زاڵە بەسەر مافەکانی بنەماڵەدا بۆ نموونە هاوسەرگیری، تەڵاق، میرات و مافی سەرپەرشتی مناڵ، لەو کاتەوەی بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٥٨ـدا، پەسەند کرا، کۆمەڵێک مافی بۆ ژنان لەبەرچاو گرتووە کە نواندنەوەیەکە لە داب و نەریتی سەدەکانی رابردوو. بەپێی یاسا، ئەو کاتەی مافی ژنان بۆ تەڵاق زۆر بەرتەسک بوو، پیاوان دەیانتوانی ژنەکانی خۆیان بەشێوەی یەک لایەنە تەڵاق بدەن. ژنان بەبێ ئیزنی یاسایی دایک و باوک یان سەرپەرشتیار، نەیاندەتوانی هاوسەرگیری بکەن. ژنانی مێرددار بەپێی یاسا، ناچار بوون گوێڕایەڵی مێردەکانی خۆیان بن و پیاوان دەیانتوانی بەبێ رەزامەندیی هاوسەرەکانیان لەگەڵ چەند ژنی دیکە هاوسەرگیری بکەن. گروپێکی بەرگری لە مافی ژنان بە ناوی «یەکێتیی جووڵەی ژنان» و هاوپەیمانەکانیان، خوازیاری چاکسازیی لەم یاسا نادادپەروەرانەیەدا و دابین کردنی مافی یەکسان بۆ ژنان، لەژێر ناوی کۆمەڵە یاسای بنەماڵە بوون و بەم جۆرە خێراییان  بە بزووتنەوەی چاکسازیی مودەوەنە بەخشی.

ئامانج و مەبەستەکان
ئەو چالاکانەی کە بۆ چاکسازیی مودەوەنە خەباتیان دەکرد، دەبوو پەرلەمانی مەغریبیان هان بدایە بۆ ئەوەی کۆمەڵە یاسای بنەماڵە بە مەبەستی یەکسانیی زیاتر لەنێوان ژنان و پیاواندا بگۆڕن. یەکێتیی جووڵەی ژنان، بە مەبەستی بەدیهێنانی ئامانجەکانی خۆی پێویستیی بە راکێشانی سەرنجی خەڵکی مەغریب هەبوو بۆ ئەوەی بە حکومەتی بسەلمێنێت کە چاکسازیی مودەوەنە بۆ زۆرینەی خەڵکی مەغریب، پرسێکی گرنگە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بابەتە، بزووتنەوەی چاکسازی بە بەکارهێنانی شێوازی جۆراوجۆر، بۆ نموونە خۆپیشاندان، لێدوانی میدیایی، بەڕێوەبردنی کۆنفڕانسی خوێندکاری، لۆبی کردن لە هەموو ئاستەکانی حکومەت و کەمپینی یەک ملیۆن واژۆ، هەوڵی دا سوڵتان حەسەنی دووەم سەبارەت بەم پرسە بەقەناعەت بگەیێنێت. دواجار سوڵتان حەسەنی دووەم بەهۆی چالاکییەکانی یەکێتیی جووڵەی ژنانەوە، چاکسازییەکانی قەبووڵ کرد. ئەو فەرمانی دا کۆمەڵێک یاسای نوێ بە پرس و را لەگەڵ گروپ و رێکخراوەکانی ژنان، ئامادە بکەن و بە مەبەستی پەسەندکردن رادەستی ئەوی بکەن. پڕۆژەیاسایەک کە ساڵی ١٩٩٣، وەکوو یاسا پەسەند کرد، بریتی بوو لە هەندێک ئاڵوگۆڕی بەسوود بۆ ژنان. بۆ نموونە ژنان دەیانتوانی بۆخۆیان ئەو سەرپەرشتیارەی کە دەبوو هاوسەرگیرییەکەیان پەسەند بکات دیاری بکەن و باوکان ئیتر نەیاندەتوانی کچەکانیان بە زۆری بەشوو بدەن.
سەرەڕای ئەوەی یەکێتیی جووڵەی ژنان و رێکخراوەکانی دیکەی ژنان بە هۆی کەمبوونی ئاستی چاکسازییەکانەوە دڵسارد بوونەوە، بەڵام بەردەوام پەسەندکردنی ئەم پڕۆژەیاسایەیان بە سەرکەوتنێکی مەزن دەزانی. بەپێی گوتەکانی فاتیمە ئوتالب – یەکێک لە ئەندامانی یەکێتیی جووڵەی ژنان – ئەم رێکخراوەیە واتە یەکێتیی جووڵەی ژنان، ناڕازی بوو لە چاکسازییەکان بەڵام هەستی دەکرد «لە بواری شکاندنی تابۆ و پیرۆزایەتیی مودەوەنەدا سەرکەوتوو بووە».
یەکێتیی جووڵەی ژنان و رێکخراوەکانی دیکەی ژنان، بە کەڵک وەرگرتن لە هێزێکی پاڵنەر کە کەمپینی یەک ملیۆن واژۆ و چاکسازیی مودەوەنە دروستی کردبوو، درێژەیان بە دانوستانەکانی خۆیان دا لەگەڵ حکومەت بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هوشیاری سەبارەت بەو بابەتانەی کە کاریگەری لەسەر پرسەکانی ژنان هەبوو، بۆ نموونە دەستدرێژیی، سووکایەتی پێکردن و توندوتیژیی بنەماڵەیی. مەرگی سوڵتان حەسەنی دووەم لە ساڵی ١٩٩٩ـدا، بووە هۆی ئەوەی زۆرێک لە چالاکان بێنە سەر ئەو باوەڕەی کە سەردەمێکی نوێ لە سیاسەتی مەغریبدا دەستی پێکردووە.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved