17/2/2022 06:07 PM

بلۆگ‌نووسیی لە میسر (بەشی دووەم)

عەباس بەشوێن میسرێکی دیموکراتیکەوە بوو کە لەودا، ئازادی و مافی مەدەنی رێزیان لێدەگیرێت. ئەو دەڵێ: «من میسرییەکی ئاساییم کە دەیەوێ وڵاتەکەی باشتر بێ. من دەمەوێ ئاڵوگۆڕیی دەسەڵات، دیموکراسی، ئازادی و ئازادیی رادەربڕین ببینم». لەو کاتەدا، ئەو وەکوو یەکێک لە دژبەرانی ئیخوانولموسلیمین، دەرەتانی بەدەسەڵات گەیشتنی ئەوانی لە میسرێکی دیموکراتیکدا بەفەرمی دەناسی. بە بڕوای ئەو: «بەم هۆیەی کە بڕوام بە کار کردن لەم ئاستەدا هەیە، واتە بەرگری لە دیموکراسی لەحاڵێکدا کە خەڵک لە هەڵبژاردنی دروست لە بارودۆخی دیموکراتیکدا ئاگادار بکرێتەوە، هەر بۆیە ناوی بلۆگەکەم نا رابوونی میسر».

رێبەرایەتی
عەباس بووە بە یەکێک لە رێبەرانی بلۆگ‌نووسی لە میسردا بەڵام هەمیشە بەشوێن داخوازیی مەدەنی لەم چەشنەوە نەبووە. ئەو لە کاتێکدا کە خولی بەکالۆریۆسی خۆی لە زانکۆی عەین شەمس لە بەشی زمانی ئینگلزی لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٩٠ـدا تەواو کرد، هەرگیز لەباری سیاسییەوە خوێندکارێکی چالاک نەبوو. لەدوای پەرەسەندنی ئینتەرنێتەوە بوو کە عەباس کارەکەی خۆی وەکوو چالاکێکی مەدەنی دەست پێکرد.
ئەو بە نووسین بۆ بلۆگێکی بەکۆمەمەڵ بە ناوی «دەنگی خەڵک» چالاکییەکانی خۆی دەست پێکرد. نووسەرانی ئەم بلۆگە، ئینتەرنێتیان بەکار دێنا بۆ باسکردن سەبارەت بە پرسە سیاسی، ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی میسر. ئەو لە ساڵی ٢٠٠٤دا، بلۆگی «رابوونی میسر»ـی بەم سەردێرەوە دامەزراند: «بە داخوازی خاوەنی ئەم بلۆگە کە کار بۆ کەس ناکات».
عەباس لە کاری بلۆگ‌نووسیدا، بۆ پاراستنی جێ‌متمانەبوونی خۆی، بە سەختی کاری کردووە. ئەو هەر بەم شێوەیە لەسەر سەربەخۆیی خۆی جەختی کردووەتەوە بەم شرۆڤەیە کە: «من سەر بە هیچ حزب یان ئایدیالۆژییەک نیم...من بە باشی هەندێک لە بیرۆکە مارکسیستییەکان دەناسم،  هەندێک لە بیرۆکە ئیسلامییەکانیش باشن، هەندێک لە بیرۆکە لیبڕاڵەکانیش بە بۆچوونی من خراپ نین.» عەباس تا رادەیەکی زۆر پشت بە بەڵگە و داتای بێ‌خەوش دەبەستێت و بە کەسانی دیکەش دەڵێ: «هەمیشە هەوڵ بدەن ئەو شتانەی کەوا دەیخەنە بەر باس، بە وێنە و ڤیدیۆ بەڵگەمەندی بکەن. ئەمە شەرعیەتێکی زیاتر بە ئێوە دەبەخشێت».
زیاد لەوە، بەشێکی زۆر لە جێ‌متمانەبوونی ئەو، بەهۆی بەهێزبوون و بەرپرسایەتیی رۆژنامەنووسیی ئەوەوەیە لەبەرامبەر شەفافیەتدا؛ بۆ نموونە کاتێک ئەو تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی خرایە پاڵ، لەبەرامبەردا، وەشانێکی لە نەبوونی پێشینەی خراپی خۆی لە بلۆگەکەیدا بڵاو کردەوە بۆ ئەوەی هەمووان بیبینن.
عەباس هەر چەشنە هەوڵێک، بە مەبەستی ئاراستەکردنی رێگەچارە بۆ ئەو کێشە رۆژانانەی کە ئەو بەتەمایە ئاستی ئاگاداری لەبارەیانەوە بەرز بکاتەوە، رەد دەکاتەوە. عەباس بە شرۆڤە کردنی روانگەی خۆی، پەسنی چارلز دیکێنز دەدات، چون ئەو بە بەرزکردنەوەی ئاستی ئاگاداری خەڵک سەبارەت بە کێشە کۆمەڵایەتییەکانی بەریتانیانەوە سەرقاڵ بوو و هەرگیز هیچ رێگەچارەیەکی نەخستە روو، ئەگەرچی نووسینەکانی ئەو رێگەی بۆ چاکسازیی کۆمەڵگا خۆش کرد. عەباس دەڵێ: «من هیچ وڵامێکم نییە. تەنها دەتوانم ئاماژە بە کێشەکان بکەم...بۆ ئەوەی خەڵک رێگەچارەی بۆ بدۆزنەوە».

کەشی مەدەنی
رژێمی میسر کەشێکی بەرتەسکی بۆ چالاکیی چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دژبەران کردبووەوە و ئەمەش ئەم دەرفەتەی بە بلۆگ‌نووسانی میسر دەبەخشی کە رۆڵێکی پێشەنگیان لە کەشی بلۆگ‌نووسیی سیاسیی جیهانی عەرەبدا هەبێت. بەڵام ساڵی ٢٠٠٩، میسر لەلایەن کۆمیتەی پشتگری لە رۆژنامەنووسان، وەکوو یەکێک لە دە وڵاتی سەرەوەی لیستی ئەو وڵاتانەی کە «بۆ بلۆگ‌نووسان مەترسیدارترین شوێنی چالاکین» پێناسە کرا. بەرپرسان، زۆرێک لە بلۆگەکانیان دانەدەخست، بەڵام دەستیان کرد بە ترساندن، ئازاردان و دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی بلۆگ‌نووسان. بەهۆی ئەم کەشی سەرکوتەوە (بڕواننە راپۆرتی ماڵی ئازادی سەبارەت بە ئازادیی ئینتەرنێت لە میسر)، عەباس دەڵێ: «هەمیشە هەست دەکەم هەڕەشەم لەسەرە».

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved