17/2/2022 06:09 PM

بزووتنەوەی چاکسازیی مودەوەنە (بەشی دووەم)

دەنگۆی ئەوەی هەبوو کە سوڵتان محەمەدی شەشەم، زۆر زیاتر لە باوکی ئامادەیە بۆ وەرگرتنی ئەم ئاڵوگۆڕانە. ساڵی ٢٠٠٤، مودەوەنەیەکی نوێ پەسەند کرا کە مافەکانی ژنانی بەرزتر دەکردەوە و زۆریک لە یاسا هەڵاواردنکارەکانی هەڵوەشاندەوە. لانیکەمی تەمەنی ژنان بۆ هاوسەرگیری لە ١٥ ساڵەوە بوو بە ١٨ ساڵ، هاوشێوەی لانیکەمی تەمەنی پیاوان بۆ هاوسەرگیری. ژنان بۆ هاوسەرگیری ئیتر پێویستیان بە ئیزنی دایک و باوک یان سەرپەرشتیار نەبوو. رێگری لە پیاوان کرا بۆ تەڵاقدانی یەک لایەنەی ژنەکانیان. مافی تەڵاق درا بە ژنان و ئەگەرچی چەندهاوسەری بۆ پیاوان رێگەپێدراو بوو، بەڵام هەندێک بەرتەسکاییش دروست بوو بۆ ئەوەی چەندهاوسەری لەگەڵ گرفت رووبەڕوو بێتەوە و تەنها بە ئیزنی دادوەر ئەنجام بدرێت.
کاتێک بزووتنەوەکە ئامانجە سەرەتاییەکانی خۆی دەستەبەر کرد لە جووڵە نەکەوت. لە کاتی پەسەندکردنی ئەم چاکسازییانەوە، گروپ و رێکخراوەکانی ژنان لە مەغریب خەریکی دانوستان و لۆبی کردن بوون بۆ گۆڕانی ئەو یاسا هەڵاواردکارانەی کەوا چاکسازیان بۆ نەکرابوو. هەروەها ئەوان درێژەیان بە چالاکییەکانی خۆیان دەدا بۆ بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان و پەروەردەی گشتیی خەڵک بۆ ئەوەی دڵنیا بن کە چاکسازییەکان چەسپاون و تێکەڵ بە ژیانی رۆژانەی خەڵک بوون. لەتیفە جەبادی، دامەزرێنەری یەکێتیی جووڵەی ژنان دەڵێ: «لەئێستادا ئامانجی من ئەوەیە کە ئەم پەیامە بگەیێنمە دوورەدەسترین ناوچەکانی مەغریب، بیگەیێنمە ئەو ژن و پیاوە نەخوێندەوارانەی کە زانیاریی ورد و عەینیان سەبارەت بە چاکسازیی مودەوەنە نییە و تواناییەکی کەمتریان بۆ دەستەبەرکردنی یارمەتیی یاسایی هەیە». ئەو دەڵێ: «من دەمەوێ خەڵکی مەغریب بزانن کە یاسا نوێیەکەی ئێمە تەنها سەرکەوتنی ژنان نییە، بەڵکوو سەرکەوتنی بنەماڵە، کۆمەڵگا و بەرەکانی داهاتووە».

رێبەرایەتی

چالاکیی لەمێژینەی لەتیفە جەبادی، بەر لە دامەزراندنی یەکێتیی جووڵەی ژنان. دەربڕی بەرپرسایەتیی ئەو بەنیسبەت فێمینیزم و چاکسازییە. کاتێک تەمەنی ١٤ ساڵان بوو رۆیشتە ناو کەمپین و خەباتەکانی بزووتنەوەی خوێندکاری بۆ چاکسازییە حکومییەکان لە مەغریب، بزووتنەوەیەک کە لە سێبەری بزووتنەوەی مارکسیستی مەغریبدا خەریکی چالاکی بوو. بەهۆی ئەندامێتی لە گروپێکی مارکسیستی نایاسایی بەناوی «٢٣ـی مارس»، جەبادی لە ١٩٧٧ـەوە تا ١٩٨٠ لە زیندادا بوو. پاش ئازادبوون، جەبادی رۆژنامەی «٨ـی مارس» (رۆژی جیهانی ژن)ـی دامەزراند و وەکوو سەرنووسەری ئەم رۆژنامەیە دەستی کرد بە چالاکی، رۆژنامەیەک کە لەلایەن ژنانەوە دەنووسرا و تایبەت بوو بە ژنانی هۆگری پرسە فێمینیستییەکان لە مەغریب.
ساڵی ١٩٨٧، جەبادی بە کەڵک وەرگرتن لە پاشخانی رێبەرایەتی و لانی‌زۆری سەرچاوەکانی «٨ـی مارس» هەستا بە دامەزراندنی یەکێتیی جووڵەی ژنان. ئەگەرچی مودەوەنە لە کاتی وەرگرتنی لە ساڵی ١٩٥٨ـدا، سەرچاوەی ئیلهامی ناڕەزایەتییەکان و بانگهێشت کردن بۆ گۆڕان و چاکسازی بوو، بەڵام تەنها کاتێک کە کەمپینی یەک ملیۆن واژۆی یەکێتیی جووڵەی ژنان بە رێبەرایەتیی جەبادی بەرەو پێشەوە چوو، مودەوەنە بوو بە پرسێکی بنەمایی و نەتەوەیی.
یەکێتیی جووڵەی ژنان لە خەباتیدا بۆ یەکسانیی ژنان، جگە راکێشانی ژمارەیەکی بەرچاو لە پشتیوانانی نوێ، دوژمنی نوێشی بۆ پەیدا بوو. مامۆستایانی ئایینی، تەلەبە و حاکمانی شەرع و هەروەها گروپە ئایینیەکانی دیکە کە پشتگیریان لە مودەوەنە یان کۆمەڵە یاساکانی پێوەندیدار بە بنەماڵە وەکوو یاسایەکی ئایینی دەکرد، دەستیان کرد بە دژایەتی لەگەڵ یەکێتیی جووڵەی ژنان. زۆرێک لەو کەسانەی کە لەدژی چاکسازیی مودەوەنە دەوەستانەوە، لەسەر ئەو بڕوایە بوون کە خەباتی یەکێتیی جووڵەی ژنان، لەدژی بایەخە ئیسلامییەکان و ئەو نەریتانەیە کە زاڵن بەسەر مەغریبدا.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved