21/6/2016 02:15 PM

شێخ سەعیدی پیران

شیخ سەعید ساڵی ١٨٦٥ لە ناوچەی پاڵوو لەدایكبووە. یەكێكە لە شێخە بەرزەكانی نەقشبەندی. لە پاش مردنی باپیرەی شیخ عەلی، باوكی ناوچەی پاڵووی بەجێ ھێشتووە و ڕووی كردۆتە شاری خنیس. شێخ سەعید خوێندنی دینی لەو شارە تەواو كردوە، پایە ‌و ڕیزی كۆمەڵایەتی شێخ و زیرەكی و لێھاتوویی و دەوڵەمەندی بۆتە ھوی سەرەكی بۆ ئەوەی كۆمەڵەی سەرخۆبوون پەیوەندییەكی ڕاستەو خۆ و پتەو بە شێخ سەعیدەوە بكات لە كوتایی ھاوینی ١٩٢٣ یوسف زیبا كە سەرۆكێكی بزوتنەوەی كورد و نائیبی كۆنی شاری بەتلیس بووە لە پەرلەمانی توركیادا، چۆتە خنیس بۆ خزمەتی شێخ سەعید و ڕێكەوتوون لەسەر ئەوەی بڕیاری ھەڵگیرسانی شۆرشێكی نوێ بدەن. لە زستانی ١٩٢٣ تا ١٩٢٤ سەرۆك ھوزەكان و ئەندامە چالاكەكانی كۆمەڵەی سەرخۆبوون كۆبونەوەی فراوانیان لە ناوچەی پاڵوو بەست كە تیایدا باس لە فراوانكردن و خۆسازدان بوو بۆ چالاكی كردن لە پێناو بزوتنەوەی نھینی و خۆ ئامادەكردن بۆ ڕاپەڕینی نۆی بۆ سەربەخۆیی كوردستان.


ئەم كارو بڕیارەش تا ڕادەیەكی بەر فراوان بە یارمەتیی شێخ مەحموودی حەفید و سمكۆی شكاك بوو، ھەروەھا بڕیار درا یاداشتێك دەربارەی پشتگیری نەتەوەی كورد بۆ كۆمەڵەی نەتەوەكان (عصبە اڵامم) بنێرن خالید جەبری و یوسف زیبا چالاكترین ئەندامانی كۆمەڵەی سەرخۆبون بوون كە ھەموو بڕیارە گرنگەكانی كۆمەڵەیان دەگەیاندە دوورترین ناوچەكانی كوردستان و ئامادەییەكی ھەمیشەییان لە نێوان سەرۆك ھوزەكاندا پەیدا كردبوو، ھەروەھا پەیوەندییان لەگەڵ پارتی جەمھوری پێشكەوتووی توركیا پەیدا كردبوو كە لە تشرینی دووەمی ١٩٢٥ دامەزرابوو، بەڵام بەھۆی خیانەتكاری سەرۆكەكانی ھۆزی خورمیك كە دەنگوباس و خوئامادەكردنی گەیاندە یاساوڵانی ڕژیمی توركیا، بە بڕیاری مستەفا كەمال ئەتاتورك، یوسف زیبا و خالید جەبری بەگ گیران و ڕەوانەی زیندانی بەتلیس كران، لە پاش گرتنی ئەم دوو سەركردەیە كۆمەڵە وەك پیویستیەكی گرنگ بە پەلە بریاری دا كە شیخ سەعیدی پیران ھەڵبژردریت و بكرێت بە سەرۆكی كۆمەڵەی سەرخۆبوون.

شیخ سەعید لە پاش ھەڵبژاردنی بە سەروكی كۆمەڵە بڕیاری ھەڵگیرسانی بزوتنەوەی چەكدارانەی دا، بەڵام زیاتر دەیویست بڕیارەكە مۆركی كوردستانی گەورەی پێوە دیاربێت لەبەر ئەوە عەلیڕەزای كوڕی ناردە شارەكانی ئامەد و حەڵەب بۆ زانینی بیروبۆچوونی سەرۆكەكانی كوردی سوریا و عیراق و ئیران بۆ زیاتر ڕێك كەوتن لەسەر كاتی گشتی ڕاپەڕینەكە.

لە پاش كوبونەوەیەكی گەورە لە شاری حەڵەب، ھەمووان گەیشتنە ئەو باوەڕەی كە مافی نەتەوایەتی گەلی كورد بەبێ شورشێكی چەكدارانە مەحاڵە مسۆگەر بكرێت. پاشان، ڕوژی ٢١ ئازاری ساڵی ١٩٢٥ دانرا بە یەكەم ڕوژی ھەڵگیرسانی شۆرش. لە نیوەی دوەمی مانگی یەكەمی ساڵی ١٩٢٥ دا شێخ سەعید گەشتێكی بەزۆربەی ناوچەكانی كوردستاندا كرد، دەچووە ھەر ناوچەیەك بە كومەڵ لایەنگر و دۆست ڕوویان تێ دەكرد. لە ٥ی شوباتی ١٩٢٥ شیخ سەعید خانیی بەجێ ھیشت لەگەڵ سەد سوارە بەرەو گوندی پیران بەڕی كەوتن بۆ ماڵی عەبدول رەحیمی برای. ھەر لەو شەودا مەفرەزەیەكی سوپای تورك بەسەرۆكایەتی حوسنی ئەفەندی و موستەفا عالیم كە ھاتبوون بۆ گرتنی چەند كەسێك لە گوندنشینەكان. شێخ سەعید ڕازی نەبوو كە كەس بگیرێ. ئەمە بوە ھوی ئەوەی كە ھەر دوو لا سەنگەر لەیەك بگرن. لەپاش شەڕوتەقە كردن چەندەھا كەس لە مەفرەزەی دوژمن كوژران و ئەوانی تریش بە ئەسیری گیران.

ئەم ڕوداوە لەپڕە بووە ھوی ڕێگرێكی سەرەكی ناوەخت لە كامل ‌نەبوونی خۆ ئامادە كردنی ڕاپەڕینەكەی شێخ سەعید. كاتێك شێخ تایەری برای شێخ سەعید ئەم ھەواڵەی بیست، بێ وەستان و چاوەڕوانی لە ١٠ی شوباتی ئەو ساڵەدا كونتڕوڵی شاروچكەی لیچەی كرد و دەستی بەسەر گشت پارە و نووسین و نامە ‌و تەلگرافی نھێنی ڕژێمدا گرت، لە ڕوژی ١١ی شوباتدا، لەگەڵ دوو سەد ھەزار سوارە چوونە خزمەت شێخ.

ئەم ڕوودا و ھۆكارانە بونە ھۆی سست بوونی ھەندێ كاری شۆرشەكە ڕێگەیان لەدوا خستنی شۆرشەكە گرت بۆیە شێخ سەعید بە ناچاری پێش وەخت بڕیاری دەستپێكردنی ڕاپەڕینەكەی دا، بەپێی ئامارێكی ئەو كاتە، ژمارەی پێشمەرگە كوردەكان تەنیا لە چوار‌ ولایەدا نزیكەی شەش سەد ھەزار كەس بوون بەرامبەر ژمارەی ھێزی توركەكان كە لە سەد ھەزار كەمتر بوون. لەم ناوچانەدا نەتەوەی چەركەس و عەرەب و ئەرمەنیشی تێدابوو، ئەم كەمینە نەتەوانەش زۆر چەوساوە و زوڵم لێكراوی ژێر دەسەڵاتی تورك بوون بۆیە زۆربەیان لە شۆڕشەكەدا بەشدار بوون و شێخ سەعید سەروكایەتی سوارە پێشمەرگەكانی حاجی حەسەن و عەمەری خارۆ ھۆزی مەستان و بۆتانی باشوری چیای كوچەرانی دەكرد. ھێزی ساڵح بەگی خانی ھێزەكانی شێخ شەمسەدینیش ھاتنە ناوچەی مادن و شێخ ئەیوبیش لەگەڵ ھەزاران سوارەی پێشمەرگە چوونە ناو ریزەكانی شێخ عەبدول رەحیمی برای شێخ سەعید.

بەرەو ڕزگاركردنی شاری ئامەد رۆیشتن، شیخ سەعید لەسەرەتاوە ھەستی كرد كە ھێزەكانی لە توانایان نیە ئامەد رزگار بكەن بۆیە بیری لە ڕیگای تر كردەوە. بۆ ئەمەش كەوتبووە گفتوگۆ كردن لەگەڵ حكومەتی تورك تا بواریكی لەبار بۆ ڕاپەڕینی كوردەكانی ناو شارەكە بڕەخسێنێ. ھەر چەندە بوار و ڕێگا نەبوو بۆ گەیاندنی ‌ھیچ جۆرە چەكێك بۆ خەڵكانی ناو شارەكە، گەمارۆدانی شارەكەش زۆری كێشا، سوپای دوژمنیش لەناو شارەكەدا ڕازی نەبوون كە دەستبەرداری بەرەنگاری و خۆڕاگرتن ببن، لە سەرەتای مانگی ئازارەوە پێشمەرگە ھێرشی دەست پێكرد بەڵام خۆڕاگری سوپای تورك زۆری خایاند، لە دەرگای ماردینی شارەوە كەرتێكی پێشمەرگە و خەڵكی شار یەكتریان گرتەوەو كەوتنە پەلامار بۆ سەر سوپای دوژمن، توركەكان سەنگەری پتەویان لێدابوو، لە ھەمان كاتدا خاوەنی سەدان چەكی نوێ بوون و توانای سەركەوتنیان زیاتر بوو، لە پاش شەرێكی قورس و كوژرانی ژمارەیەكی زۆر لە ھەردوولا، كەرتی ھێرش بەری پێشمەرگە و خەلك ملیان دایە بەر پاشە كشەكردن و گەڕانەوە دواوە لە پاش دوو سێ ھێرش پێشمەرگەكان كە تێدا سەرنەكەوتن، بە تەواوی بڕیاری وازھێنان لە گەماروی شارەكە درا.


ڕیزەكانی شورش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو شپرزەیی و پەرش و بڵاوی دەچوو، بە تایبەتی كاتێك سوپای دوژمن لە باكوور و باشورەوە بە ھێزی زۆر ھێرشیان ھێنا و گەماروكەیان پێچەوانە كردەوە. لە كۆتایی مانگی نیسان بە ھۆی خیانەتی سەرۆكی ھۆزی جبرانان و قاسم بەگی جبرانەوە، شێخ سەعید، شێخ عەبدوڵا، عەلی غالب ، ڕەشید ئاغا و ٢٦ شۆرشگێڕی تر لەسەر پردی چەمی مۆراچ لە ناوچەی گەنج بەدیلی گیران. لەدوای دادگایكردنی شێخ سەعید و ھاورێكانی لە كۆتایی مانگی ئایارەوە كە دەستی پێكرد و ماوەی یەك مانگی خایاند، جگە لە شێخ سەعید، ٤٧ تێكۆشەری كورد بڕیاری لەسێدارەدانی دەركرا و لە دیاربەكر لە سێدارە دران.

خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved