11/7/2016 03:25 PM

ئیبراهیم ئەمین باڵدار

لە ساڵی 1920 لە شاری سلێمانی لە دایکبووه. خوێندنی سەرەتایی لە شارەکەی خۆی تەواوکردووە و چووەتە بەغدای لە قوتابخانەی "خانەی مامۆستایانی لادێ".
لە رۆستەمییە وەرگیراوە و لە هاوینی ساڵی 1940دا خوێندنی تەواوکردووە و بڕوانامەی دەرچوونی وەرگرتووە و لە مانگی تشرینی یەکەمی هەر ئەو ساڵە کراو بە مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی لە پارێزگای سلێمانی و لە گەلێک شار و دێهاتەکان مامۆستایی کردووه.
چەند ساڵ لە گوندەکانی هەورامان و هەڵەبجە و لە دواێنی چیای سوورداش لە قەمچووغە و گوندی دیکە مامۆستا بوو و لەو ماوەیەدا ئەلف و بێیەکی نوێی بۆ فێرکردنی زمانی کوردی داناوە و دەستنووسەکەی ناردووە بۆ بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی و لەوێ لەلایەن لێژنەیەکی پسپۆڕ پەسندکراوە و نادراوە بۆ شالیارێتی پەروەردە لە بەغدا، کە ئەوسا پێیان دەگووت "شالیارێتی مەعاریف" و پسپۆرانی ئەویش و رێکخراوی "یۆنسکۆ"ش پەسندەی دەکەن، ئینجا چاپکردنەکەی بەخۆی دەسپێرن.
بەر لە تەواوبوونی چاپەکەی ئەو "ئەلف و بێ"یە نوێیە مامۆستا باڵدار لە ساڵی 1950دا گوێزراوەتەوە بۆ شاری هەولێر و ئەو ئەلف و بێیە نوێیەی لە هەولێر گوتۆتەوه، کە لەسەر رێگای رستەیی دەگوترێتەوه، نەک پشت بە دەنگی پیت و تاکە وشە ببەستێ و ئەم رێگایەی مامۆستا باڵدار گەلێک زانستی و پەروەردەییه.
مامۆستای ئیبراهیم باڵدار ئارەزووی تەواوکردنی خوێندنی باڵاتری بوو، بۆیە بە هەوڵ و کۆششێکی زۆر بڕوانامەی دەرچوونی لە تاقیکردنەوەی گشتی قۆناغی ئامادەیی وەرگرت و لە کۆلێژی بازرگانی و ئابووری لە زانکۆی بەغدا وەرگیرا و لە ئەنجامدا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی وەرگرت و هەر بە ئەوەندە نەوەستا بەڵکو هەوڵیدا بچێتە ئەمەریکا و لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردوودا بڕوانامەی ماستەری لە کۆلیژی "سان فڕانسیسکۆ" لە وڵاتی ئەمەریکا لە پەروەردە وەرگرت و گەڕایەوە بەغدا.
مامۆستا باڵدار لە دوای کردنەوەی زانکۆی سلێمانی و گەڕانەوەی لە ئەمەریکا دەکرێتە مامۆستا لە کۆلیژی ئاداب لەو زانکۆیەدا.
کاتێکیش کە ئەو زانکۆیە دەگوازرێتەوە بۆ هەولێر و ناوەکەی دەکرێتە "زانکۆی سەڵاحەددین" ئەویش هەولێر و لە کۆڵێجی ئاداب - بەشی کوردی ماوەیەک وانە دەڵێتەوه.
ئینجا دەچێتە شاری بەغدا لە زانکۆی موستەنسیرییە وانە دەڵێتەوە تاکو لە رۆژی 1998.07.11 دا لە بەغدا و لە ماڵەکەی خۆیدا دڵە گەورەکە لە لێدان دەوەستێ و تەرمی ئەم خزمەتگوزارەی کورد دەبردێتەوە بۆ سلێمانی لە گۆڕستانی گردی سەیوان بە خاک دەسپێردرێت.
بەرهەمە چاپکراوەکانی:
مامۆستا ئیبراهیم ئەمین باڵدار لە ماوەی ژیانیدا ئەم بەرهەمانەی خوارەوەی داناوە و بە چاپی گەیاندوون:
1- ئەلف و بێی نوێی کوردی بەغدا - چاپی یەکەمی 1951 و تاکو ئێستا پتر لە دەیان جار چاپکراوەتەوە و 98 لاپەڕەیه
2- ئەلف و بێ بۆ گەوران - بەغدا - چاپی یەکەم 1955 و 78 لاپەڕەیه
3- الابنیە المدرسیە للمدارس الابتدائیە - بەغدا 1965 و 42 لاپەڕە

کوردیپێدیا




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved