10/8/2016 02:23 PM

شەریف پاشای خەندان یەکەم ئەندازیاری دەوڵەتی کوردی ‌ ‌

شەریف پاشای خەندان (١٨٦٥-١٩٤٥)، یەکەم سەرکردە و سیاسەتکاری کوردە کە بانگەشەی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی کردووە و لەو پێناوەشدا ساڵانێکی زۆر لە ئەوروپا تێکۆشاوە. سەرەتا وەك ڕیفۆرمخوازێك لە ناو دەوڵەتی عوسمانی دا کاری کردووە و پشتیوانی جەمعیەتی ئیتیحاد و تەرەقیی کردووە، بەڵام کاتێک ڕووی ڕاستەقینەی ئەوانی بۆ دەرکەوتووە بەرامبەر کورد‌، وازی لە بیری چاکسازیی لە نێو دەوڵەتی عوسمانی ھێناوە و ڕاستەوخۆ بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی تێکۆشاوە.
شەریف پاشا کوڕی سەعید پاشای کوڕی حسێن پاشای ئەحمەد ئاغای خەندانە. سەعید پاشای باوکی شەریف پاشا کەسێتییەکی ناودار بووە، چەندین پۆست و پایەی لە ناو دەوڵەتی عوسمانیی دا هەبووە کە دواهەمینیان سەرۆکی شوورای دەوڵەت بووە. بنەماڵەی خەندان هاوکارێکی نزیکی پاشاکانی بابان بوون و دوای کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی بابانەکان، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا سەعید پاشا چووەتە ئەستەمبوڵ.
شەریف پاشا، ساڵی ١٨٦٥ لە شاری سلێمانی لە دایکبووە، چووەتە خوێندنگەی خواجەکان و لەگەڵ شێخ مەحمودی حەفید هاوپۆل بووە و پێکەوە دەرسیان خوێندووە. لەوێ فێری زمانەکانی تورکی عوسمانیی، عەرەبی و فارسی بووە، پاشان چووەتە ئەستەمبوڵ و فێری زمانەکانی یۆنانی، ئیتاڵی و فەرەنسی بووە.
لە دەوڵەتی عوسمانیی دا پلەی فەریق وەردەگرێت و دواتر ساڵی ١٨٨٩ لە قوتابخانەی سەربازیی (سانت-سیر) لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، پلەی ژەنەڕاڵی وەردەگرێت. ساڵی‌ ١٨٩٠ خێزان پێکەوەدەنێت، ھاوسەرەکەی‌ کچی‌ عەباس حیلمی‌ و ئامۆزای‌ مەلیك فاروقی‌ پاشای‌ میسر بووە.
ساڵی ١٨٩٨ دەکرێتە باڵیۆزی دەوڵەتی عوسمانیی لە سوید و ماوەی ١٠ ساڵ لەو پۆستەدا بەپلەی (باڵوێزی فەوقولعادە) لە ستۆکهۆڵم ماوەتەوە، لەوێ دەبێتە دۆستی شای سوید، هەر لە سویدیش فێری زمانی سویدی و ئینگلیزی دەبێت و هەر لەوێ دوو خەڵاتی شاهانەی  (نیشانەی شمشێر و ئەستێرەی باکوور) وەردەگرێت.
ساڵی ١٩٠٠ پەیوەندی بە کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقییەوە دەکات و ناوی نهێنی ڕێکخراوەیی (کوردە) دەبێت. هەر لە سوید، سەرەتای ناکۆکی لە نێوان ژەنەڕاڵ شەریف پاشا و دەوڵەتی عوسمانیی دەردەکەوێت. بەھۆی ئەوەی شەریف پاشا، داکۆکی لە ئیتیحاد و تەرەقییەکان دەکات و پەیوەندییان لەگەڵ دەبەستێ. بەھۆی پێگەی بەرزی باوکییەوە سوڵتانی عوسمانیی چاوپۆشی لەم کارەی ژەنەڕاڵ دەکات.
دوای گرتنە دەستی دەسەڵات لە لایەن ئیتحادییەکانەوە،‌ لە ساڵی ١٩٠٨ شەریف پاشا دەگەڕێتەوە ئەستەمبوڵ. لە ئەستەمبوڵ بەھاوکاری چەند کەسێتییەکی کوردی وەک(ئەمین عالی بەدرخان، شێخ عەبدولقادری شەمزینی) یەکەم کۆمەڵە و ڕێکخراوی سیاسی کوردی بەناوی (کورد تەعاون و تەرەقی جەمعیەتی) دادەمەزرێنن و ڕۆژنامەیەکیش بەناوی (کورد تەعاون و تەرەقی غەزەتەسی) بڵاودەکەنەوە، کە پیرەمێردی شاعیر سەرنووسەری دەبێت.
دواتر بەھۆی تاکڕەوی و دیکتاتۆری ئیتیحاد و تەرەقییەکان، کۆمەڵە کوردییەکەی شەریف پاشا و ڕۆشنبیرەکانی دیکەی کورد دادەخرێت و ناکۆکی دەکەوێتە نێوان شەریف پاشا و ئیتیحادییەکان، بەوھۆیەوە ساڵی ١٩٠٩ دەچێتە پاریس. لەوێ پارتێکی نەیار دژی دەوڵەتی ئیتیحاد و تەرەقییەکان، بەناوی حزبی ڕادیکاڵی عوسمانیی دادەمەزرێنێ و گۆڤارێكیش بەناوی (مەشرووتیەت) بڵاودەکاتەوە، کە (٥٥) ژمارەی لێ دەرچوو.
شەریف پاشا، لەو ساڵانەی لە پاریس دەژی، هەوڵدەدات پەیوەندییەکی فراوان لەگەڵ سیاسەتکار و ناوەندە جیهانییەکانی ئەو سەردەمە دابمەزرێنێ و لە دۆزی کورد ئاگاداریان بکاتەوە. سەرەتا ھەوڵدەدات لە چوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانیی دا مافەکانی کورد بەدەستبهێنێ و بۆ ئەو پرسە تێدەکۆشێت.
لە سەرەتاکانی دەستپێکی یەکەم جەنگی جیهانیی لە ١٩١٤، شەریف پاشا، هەوڵدەدات پەیوەندەی لەگەڵ دەوڵەتی بریتانیا ببەستێ و، لە بارودۆخ و خواستەکانی کورد ئاگاداریان بکاتەوە. نامە دەنێرێ بۆ وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا و پێیان دەڵێ: کورد ھاوکاری ھاوپەیمانەکان دەکات، بەمەرجێک شتێك بۆ کورد دابین بکەن. ئەم نامەیە یەکەم کاری دیپلۆماسی نەتەوەیی بووە، کە جیاواز بووە لە کارەکانی پێشووی ژەنەڕاڵ، کە زیاتر مەیلی بەلای چاکسازیی و مافی کورد، لە نێو دەوڵەتی عوسمانیی دا دەچوو.
پێش تەواوبوونی یەکەم جەنگی جیهانیی، بریتانیا دەیەوێت لەگەڵ کورددا وتووێژ بکات، بۆ ئەو مەبەستەش سێر پێرسی کۆکس ی نوێنەری بریتانیا، لە شاری مارسیلیای فەرەنسی چاوی بە ژەنەڕاڵ شەریف پاشا دەکەوێت. ژەنەڕاڵ ئەم دیدارە بە هەلێك دەزانێت و پێشنیاری دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کوردان، دەخاتە بەردەم کۆکس.
ساڵی ١٩١٨ دوای بڕانەوەی یەکەم جەنگی جیهانیی، شەریف پاشا بەھۆی خوێندنەوەی مێژووی کورد و نووسینی کوردناسەکانەوە، لە کەسێکی پان عوسمانیزمەوە وەردەچەرخێ بەرەو کەسێتییەکی نەتەوەیی کورد و بیری کوردایەتی دەکەوێتە مێشك. هەر لەو کاتەدا پەیوەندەی دەکات بە سەرکردەکانی ئەو دەمی کورد (شێخ مەحمود، سمکۆی شکاك و سەید تەھای نەھری) و لەبارەی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردییەوە ڕاوێژیان پێدەکات.
لە ساڵی ١٩١٨ دوای تەواوبوونی جەنگ، هەوڵە دیبلۆماسییەکانی خۆی چڕتر دەکاتەوە و دوو نامە دەنێرێ بۆ وەزیری دەرەوەی بریتانیا. لە نامەکاندا ئاماژە بە زوڵم و زۆری تورکەکان دەکات و دەڵێ نامانەوێ لەگەڵیاندا بژین، داوای دەوڵەتی کوردی دەکات و رایدەگەیەنێت کە بەھۆی بیری خێڵەکی کۆمەڵگەی کوردییەوە ئەستەمە سەرۆکێک ھەڵبژێردرێت، چونکە ھەر خێڵێک سەرۆک خێڵەکەی خۆی لەوانی تر پێ گەورەترە. هەر لەو نامانەدا ئاستی پێگەیشتووی شەریف پاشا دەردەکەوێت و، ئاماژە بەوە دەکات سەرۆکی ئەو وڵاتە دەبێ کەسێکی شارەزا و لێهاتووبێت، هەم لە بواری ئیداری و هەم لەبواری سیاسی و سەربازی بتوانێ ئیدارەی ئەو وڵاتە بکات. ‌ئەم تایبەتمەندیانەش لە خودی ژەنەڕاڵدا هەبووە، ھەروەها دەڵێت: بۆ ئەوەی ئەو کێشانە ڕوونەدات ئامادەیە سەرۆکایەتی ئەو دەوڵەتە لە ئەستۆ بگرێت. بەڵام بەداخەوە ئەو نامانە ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبووە و لە لایەن بریتانیاوە بایەخێکی پێنەدراوە.
لە سەروبەندی بەستنی کۆنگرەی ئاشتی، ژەنەڕاڵ دەست دەکاتەوە بە چالاکیی دیپلۆماسی و لە ٦-٢-١٩١٩ لە پاریسەوە نامەیەك بۆ سەرۆکی کۆنگرەی ئاشتی دەنێرێت، لەبارەی داواکاری و خواستەکانی کورد. شەریف پاشا خۆی بۆ بەشداریکردن لەو کۆنفرانسە ئامادە دەکات، کە چارەنووسی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاری دەکات. شێخ عەبدولقادری شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری، لەگەڵ ئەمین عالی بەدرخان، بەناوی (کۆمەڵەی تەعالی کوردستان)، لە ڕێگای کۆمیساریای ئەمریکی و ئینگلیزی و فەڕەنسییەوە لە ئەستەمبوڵ، ڕایدەگەیەنن کە شەریف پاشا بۆی هەیە لە کۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەکان ببێتە نوێنەری داخوازییەکانی گەلی کورد. هاوکات نامەشیان لەو بارەیەوە بۆ ئەنجوومەنی کۆنفڕانسەکە نووسی بوو.
لە هەمانکاتدا لە باشووری کوردستان، شێخ مەحمودی حەفید مەزبەتەیەکی بە خەڵک و عەشایری کورد مۆرکرد. بەگوێرەی ئەوە، شەریف پاشا کرا بە نوێنەری کوردەکان لە (کۆنفڕانسی ئاشتی لە پاریس) بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی میللەتی کورد. ئەم مەزبەتەیە بە قەڵەمی ڕەفیق حیلمی، لە شاری سلێمانی و بەبەرچاوی مێجەر نوئێلەوە نووسراوە. کە ھاوکات نامەیەکیشی لەگەڵدا بووە و بە ڕەشید زەکی کابان و سەید ئەحمەد بەرزنجی دا، ڕەوانەی پاریس کراوە، بەڵام ئەوکات دەسەڵاتدارانی فەرەنسا حوکمی ناوچەی سوریایان دەکرد لێنەگەڕان شاندەکە بگاتە شەریف پاشا و بەپێچەوانەوە نوێنەرەکان لەلایەن دەسەلاتدارانی فەرەنساوە بۆ ماوەیەک لە حەڵەب زیندانی کران ، تا لە کۆتایی دا ڕەوانەی شاری سلێمانی کرانەوە و نەیانهێشت نامەکە بگاتە کۆنفرانسەکەی پاریس.
شەریف پاشا پێشتریش لەگەڵ سمکۆی شکاك ، شێخ مەحمود ، سەید تەھای نەھری و سەرکردە چەکدارەکانی کورد پەیوەندی بەستووەو دەربارەی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کورد ڕاوێژی پێکردون. جگە لەوانیش ڕێکخراوە سیاسییە کوردیەکانی وەک (تەعاون و تەرەقی کورد، ھیوا، تەشکیلاتی ئیتجتماعی، فیرقەی دیموکراتی کورد، جەمیعەی ئیستقلالی کوردستان) نامەی پشتیگریی و نوێنەرایەتیان نارد بۆ شەریف پاشا، تا وەکو نوێنەری ڕاستەقینەی کوردان تێبکۆشێ لە پێناو مافەکانی کورد.
هەڵبەت ئەم هەوڵانە ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی لەو دەمەدا بەشێوەیەک لە شێوەکان کوردانی چوار پارچەی کوردستان، یەکدەنگ و ھاو هەڵوێست بوون لەبارەی دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردییەوە، بۆ ئەو مەبەستەش شەریف پاشایان کردۆتە نوێنەری خۆیان. یاخود ئەگەر ئەوانیش بیری سەربەخۆیی خوازییان نەبووبێت، بەڵام شەریف پاشایان وەك نوێنەری خۆیان دەستنیشان کردووە و شەریف پاشاش بەناوی کوردەوە داوای دەوڵەتێکی سەربەخۆی بۆ کوردان کردووە.
گەورەترین چالاکی سیاسیی شەریف پاشا لە ٢٢-٣-١٩١٩دا دەرکەوت، کە وەک نوێنەری متمانە پێبەخشراوی کورد و شێخ مەحمود یاداشتێکی پێشکەشی کۆنگرەی ئاشتی پاریس کرد و نەخشەی کوردستانی گەورەی کرد بە پاشکۆی یاداشتەکەی و داوایکرد دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کورد دابمەزرێ. بەھۆی ئەو یاداشتنامەیەوە ھاوپەیمانان ناوی کوردیان خستە بەندەکانی (٦٢ و ٦٣ و ٦٤) ی پەیمانی سێڤرەوە کە (١٠-٨-١٩٢٠) پەسەندکراو پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی وەک مافی کورد، دیاری دەکرێت و دەوڵەتی تورکیاش بەمە ڕازی دەبێت. ئەو نەخشەیەی کە شەریف پاشا کێشاویەتی و پێشکەشی کۆنفرانسی ئاشتی کردووە، وەک یەکەمین نەخشەی کوردستانی گەورە دەناسرێت کە لە ئاستێکی فەرمی و نێودەوڵەتیدا بەکارھێنرابێت.
هەر لەو سەروبەندەدا کە جیهان گۆڕانکاری زۆری تێدا روویداوە و گۆڕانکارییەکان خێرا بوون، لە نێوان مانگی حەوت و دەی ساڵی ١٩١٩ شەریف پاشا، دوو نامە دەنێرێت بۆ بەلفۆڕی وەزیری دەرەوەی بریتانیا و تێیدا داوای دەوڵەتی کوردی دەکات. هەروەها پێشنیاردەکات کە سەرەتا ئەو دەوڵەتە بە نهێنی ئامادە بکرێت و پاشان بخرێتە بەردەم کۆنگرەی گەلان. هەر لەو نامانەدا ئەوە ڕادەگەیەنێت، کە کوردان ئەویان وەک سەرۆکی دەوڵەتی کوردی هەڵبژاردووە.
هەروەها شەریف پاشا، لە دوو کاتی جیاوازدا لەگەڵ  سێر پێرسی کۆکس نوێنەری بریتانیا لە فەڕەنسا کۆدەبێتەوەو بیری دەخاتەوە کە پێویستە بریتانیا، لە داخوازییەکانی کورد بکۆڵێتەوە.
وەزیری دەرەوەی بریتانیا، نامەیەک بۆ نوێنەری بریتانیا لە بەغدا دەنووسێت، تێیدا ڕەزامەندی دەنووێنێت بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی بەسەرۆکایەتی ژەنەڕاڵ شەریف پاشا، بەڵام نوێنەری سامی لە بەغداد ڕەتیدەکاتەوە و دەڵێ کوردان خێڵەکین و هەستی خێڵەکییان هەیە نەک نەتەوەیی. هەر ئەوکاتیش ناکۆکی لە نێوان شەریف پاشا و شێخ عەبدولقادری نەھری دروست دەبێت، بەوەی شێخ داوای ئۆتۆنۆمی دەکات و بروسکە دەکات بۆ کۆنگرەی ئاشتی و، ژەنەڕاڵیش خەون بە دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردییەوە دەبینێ.
کاتێك  لە باشووری کوردستان شۆڕشی شێخ مەحمود سەرهەڵدەدات و دژی ئینگلیز دەوەستێ، هاوکات نوێنەرانی شارەکانی (ئورفە، وان، بەتلیس، مەڵاتیا، دەرسیم و دیاربەکر) لە باکووری کوردستانیش لە رێگەی نوێنەرەکانیانەوە ڕایدەگەیەنن نایانەوێ لە تورکیا جیاببنەوە. بەمەش خەونی دەوڵەتەکەی ژەنەڕاڵ شەریف پاشا لەگۆڕدەنرێت و دوای سێ ساڵیش رێکەوتننامەی (لۆزان) ئەمە دەچەسپێنێت.
هەڵبەت دوای ئەوەش شەریف پاشا، لە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی بەردەوام دەبێت و چەندین دیدار ئەنجامدەدات و چەندین نامە بۆ سەرکردە و باڵوێزخانەکانی دنیا دەنێرێ. لەوانە، دووجار نامە بۆ مۆسۆلینی سەرۆکی ئیتاڵیا دەنێرێ، لە بارەی پرسی کوردەوە.
دواجار ژەنەڕاڵ شەریف پاشا بێ ئومێد دەبێت و واز لە کاری دیپلۆماسی دەھێنێت و لەگەڵ کەریمەی کچی و زاوا ئیتاڵیەکەی دەچێت بۆ ئیتاڵیا و لەگەڵ ئەوان دەژی.
شەریف پاشا ڕۆژی ٢٢-١٢-١٩٤٥ هەر لە ماڵی کەریمەی کچی، لە شاری ناپۆلی ئیتاڵیا، لە تەمەنی ٨٠ ساڵی دا کۆچیدوایی کرد و تەرمەکەیان گواستەوە بۆ میسر. تا ئێستاش نازانرێ لە کوێ نێژراوە و گۆڕ غەریب ماوەتەوە، ئەگەرچی وەسێتی خۆی ئەوە بووە کە دوای مردنی تەرمەکەی بسووتێنن و خۆڵەمێشەکەی فڕێبدەنە نێو دەریاوە، چونکە خۆی بە کەسێکی بێ وڵات و نیشتمانی سەربەخۆ دەزانی.
كوردستانی نوێ
سەرچاوەکان:
1. کوردەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی د. جەلیلی جەلیل و: لە ڕووسییەوە د. کاوس قەفتان بەغدا ١٩٨٧.
2. کوردستان لە نێوان ململانێی نێودەوڵەتی و ناوچەیی دا (١٨٩٠-١٩٣٢)، کامەران مەنتك ، سلێمانی ٢٠٠٠
3. ماڵپەڕی کوردسات
وێنەکان:
4. ئەرشیڤی ساڵح بێچار

5. ئینتەرنێت.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved