6/10/2016 01:47 PM

مستەفا ساڵح كەریم

* لەسەرەتای لاوی یەوە واتە لە قوناغی خۆیندنی دواناوەندیەوە چۆتە ڕیزی حزبی شیوعی عێراقەوە.
* لە مانگی یانزەی ساڵی 1948 لە پۆلی چوارەمی ئامادەیی بەشی زانست لەسەر چالاكیی سیاسی بۆ ماوەی ساڵێك فەسڵ كراوە، دوای تەواو بوونی فەسڵەكەی، بە پیێ بریاری تەحقیقات – ئەمن لەئامادەیی وەرنەگیراوەتەوە لەبەرئەوە چۆتە – خانەی مامۆستایان- لە بەغدا.
* ساڵی 1951 لەلایەن تەحقیقاتی جینائیەوە لەبەغدا گیراوە.
لە 4/6/51 بەربوە بەكەفالەتی كەسی زامن، یان بەند كردنی بۆ ماوەی ساڵێك.
* دوای تەواو كردنی خوێندن بە پێی بەرزی نمرەكانی پاڵێوراو بوە بۆ چوونە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندنی باڵا، بەڵام تەحقیقاتی جینائی ڕێی پێ نەداوە.
* لەبواری پەروەردەدا ماوەی 32 ساڵ مامۆستاو بەڕێوبەر وسەرپەرشتیاری پەروەردەیی بووە لە قەڵادزێ و سێوسێنان ودارۆخان وچوارتا وسلێمانی وفەللوجە وڕومادی.
* ساڵی 1973 لە كۆرسی سەرپەرشتیارانی پەروەردە لە زانكۆی موستەنسریە بە سێ یەمی عێراق دەرچووە.
* ساڵی 1963 دوای كوودەتای بەعس گیراوە وساڵ ونیوێك لە بندیخانەی سلێمانی ومەوقیفی عام لە بەغدا ومەوقیفی خلف السدە ومەوقیفی سەرای بەغدا ومەوقیفی كەركوك تەوقیف بووە. پاشان دوای روخانی بەعس دیسان هەر بەكەفالەتی كەسی زامن یان بەحەپسی ساڵێك بەربووە.
* لەژیانی مامۆستایەتیدا چەندین جار تووشی دوورخستنەوە بووە چ لەناوپارێزگای سلێمانی وچ لەدەرەوەی، دواجاریان ساڵی 1975 بوو  بۆ رومادی دوور خرایەوەو سێ ساڵ لەوێ مایەوە.
* لەسەر هەڵوێستی بەرامبەر بەعس وقسەكردنی لە چەند كۆڕێكی ئەدەبی و پەروەردەیی دا، ساڵی 1984 لەوەزیفە دوور خرایەوە، لەسەر داوای ئەمن دوور لە ویستی خۆی خانە نشین كرا دوای ئەوەش تا راپەڕین هەمیشە لە ژێر فشار وگوشاری ئەمندا بوو.
* لەبواری ئەدەبیدا نیو سەدە زیاترە دەنووسێ وهەمیشە قەڵەمی لەخزمەتی گەلدا بوە، چەندین بەرهەمی ئەدەبی بەچاپ گەیاندوە، لەبواری نووسین و چیرۆك نووسین و وەڕگێڕاندا بەكوردی و بەعەرەبی ڕۆڵی دیاری هەبوە.
لەبەرهەمەكانی:
1- زڕەی زنجیر/ چیرۆكێكی درێژە.
2- شەهیدانی قەڵای دمدم/ كۆمەڵە چیرۆكێكی كورتە، (چیرۆكی/ شەهیدانی قەڵای دمدم بەجیا سێ جار لەعێراق ولە ئێران چاپكراوە.
3- پەتا سپیكە/ شانۆنامەیەكی چیكی یەلەعەرەبیەوە كردوویەتی بە كوردی.
4- دایكی ئازادیخوازان/ كۆمەڵە چیرۆكێكی بیانی یە لەعەرەبیەوە كردوونی بە كووردی.
5- ڕشپۆشێكی جیهانی چوارەم/ كۆمەڵە چیرۆكێكی بەرەنگار بوونەوەیە، سێ جار چاپ كراوە.
6- هونەری كورتە چیرۆك نووسین/ كۆمەڵە وتارێكی ڕەخنەگرە بیانی یە بەناوبانگەكەكانە.
7- باخێك لەوشە/ ژیاننامە ولێكۆلینەوەیەكی فراوانە لەسەر شاعیری گەورە پیرەمێرد.
8- رحلە الی بلاد الراین/ بەعەرەبی، دەربارەی گەشتێكی نووسەرە بۆ ئەڵمانیا ساڵی 2005.
9- الیوم الپالپ/ بەعەرەبی: كۆمەڵێ وتاری ستونەكەیەتی كەلە (الاتحاد)ا بڵاكراوەنەتەوە.
10-ومیچ الكلمات/بەعەرەبی/بەشی دوەمی وتارەكانی ستونەكەیەتی كەلە (الاتحاد) بڵاو بۆتەوە/2012.
11-یەكێتیی نووسەرانی كورد، ڕێبازو هەڵوێست/2012.
12- بەهاوكاریی لیژنەیەك لە نووسەران رۆڵی دیاری هەبووە لە ساغ كردنەوە وكۆكردنەوەی دیوانی پیرەمێرد كە بەسێ بەرگ لەلایەن دەزگای خاكەوە چاپ كراون، وهەروەها پەندەكانی پیرەمێرد كە بەدوو بەرگ لەسەر ئەركی كتێبخانەی سلێمانی چاب كرا.
لەبواری ڕۆژنامەنووسیدا:
* سەرەتا وەك خۆبەخش دوو ساڵا لەڕۆژنامەی (ژین)دا كاری كردوە. بۆ یەكەم جار لەو رۆژنامەیدا (ستونی رۆژنامەنووسی) داهێنا.
*  بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە جیهانی رۆژنامەنووسی كوردیدا هەبوو لە نێوان 63-69 ئەو بەناوی قوتابخانەی شێخ محمودەوە گۆڤارێكی دەركردوە بەعەرەبی وبەكوردی بەناوی ( ڕابەر- المرشد) خۆی سەرنووسەری بووە وگەلێك لە نووسەران وشاعێرانی وەك هەردی وكامەران ودیلان ومحرم وشەونم وئالانی هاوكارییان كردوە.
* دوای رێكەوتننامەی ئازاری 1970 بووەیە لێپرسراوی ڕاگەیاندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان هەروەها دامەزرێنەرو یەكەم سكرتێری گۆڤاری (دەنگی مامۆستا) بووە كە بە پێشنیازی ئەو دەرچوو.
* لەكۆنگرەكانی مامۆستایان و ئەدیبان و لاواندا لە بەغداو لە شەقڵاوەو لە هەولێر وسلێمانی بەشداربووە.
* لە 1970-1974 لە چوار كۆنفراسی یەكێتیی نووسەرانی كوردا چوارجار بەسكرتێری لقی سلێمانی یەكێتی نووسەران هەڵبژێرراوە و ساڵی 1978 دوای گەڕانەوەی لە ڕومادی بەسەڕۆكی لق هەڵبژێراوە وبەشداریی لەهەموو چالاكیەكانی یەكێتی نووسەرانی كوردا لەسلێمانی ولەبەغدا ولەكەركوك ولەهەولێر و لەسەری ڕەش ولەسەلاحەدین ولەدهۆك كردوە.
* وەك ڕوناكبیرێكی سەربەخۆ لەسەر خواستی شەهید دارا توفیق كرا بەلێپرسراوی مەكتەبی رۆژنامەی (التێ‌خی) لەسلێمانی 1971-1974
* ساڵی 1974 وەك ئەدیبێكی سەربەخۆی خاوەن هەڵویست چۆتە ڕیزی شۆرشی ئەیلولەوە، بە پێشنیازی شەهید دارا توفیق وپشتیوانی هەژاری موكریانی ود. كەمال مەزهەر كراوە بەبەڕێوبەری ئێزگەی دەنگی كوردستانی عێراق.
* لەدوای ڕاپەڕینەوە تا ئێستا لە (كوردستانی نوێ)  و لە (الاتحاد) دا كار دەكات لە (2000)وە تا ئێستا جێگری سەرنووسەری الاتحادە و لێپرسراوی نوسینگەی (الاتحاد)ە لە سلێمانی و لە (1998)ەوە ئەندامی مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانی یە.
* بەردەوامە لەنووسینی گۆشەیەكی تایبەت لە (الاتحاد) لە 1995 تا ئێستا بەپێی ئەو نامانەی كەبۆی دێ نووسینەكانی سەرنج ڕاكێشن و خوێنەریان زۆرە، ئێستاش لەكوردستانی نوێ‌ گۆشەیەكی هەفتانەی هەیە بەناوی (گوڵەوەچنی).
* لەساڵی 2001تا 2011 لەكۆنگرەیەكی سلێمانی ودوو كۆنگرەی هەولێردا بە جێگری نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی كوردستان هەڵبژێراوە، لە كۆنگرەی سێ یەم 2011خۆی نەپاڵاوتەوە.
* لەكۆنگرەی ئۆپۆزسێونی عێراقی لە ( لەندەن) 2002بەشدار بووە .
* بەشداریی كردوە لەكۆنگرەی ڕوناكبیرانی عێراق لە (لەندەن) 2002 .
* لەكۆنگرەی بیست وپێنجەمینی ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی لەئەسینا 2004 و  كۆنگرەی 26لە مۆسكۆ 2007  وكۆنگرەی 27لە گادیز لە ئیسپانیا 2010 بەشداریی كردوە، هەروەها لەیادی 100 ساڵەی ڕۆژنامە نووسی كوردیدا یەكێ‌ بووە لەو چوار كەسەی كەنوێنەری كوردستان بوون لە میهرەجانی مۆسكۆ ساڵی 1998.
* بە داوەتنامەی مەلبەندی روناكبیریی كوردیی لە بۆن ساڵی 2005 بەشداریی گەلێك چالاكی ڕوناكبیریی و ڕۆژنامەنووسیی كردوە لە ئەڵمانیا.
* جارێكی تریش ساڵی 2010 بە داوەتنامەی مەلبەندی كەلتوری كورد لە بەرلین بە یاوەری وەفدێك لە ئەدیبان چووە بۆ ئەو وڵاتە.
* بەشداریی میهرجانی بەدرخانی كردوە ساڵی 2011 لە پاریس وساڵی 2012 لە جۆرجیا.
* ساڵی 2006 بەشداریی كردوە لە ئاهەنگی رێزلێنان لە رۆژنامەنووسی ئێرانی زیندانی، ئەكبەریی لە تاران دوای ئازاد بوونی.
* ساڵانی 2004، 2006، 2009، بەشداریی لە وەرك شۆپەكانی یەكیتی رۆژنامەنووسانی نێودەولەتی كردوە لە عەممان وقاهیرە وهەولێر وبەغدا.
* ساڵی (2012) بەشداریی ئەم چالاكیانەی لەبەغدا كردوە:
أ-ڕێزلێنانی محمدی مەلا كەریم        
ب-میهرەجانی روناكبیریی كوردی-عەرەبی.
ج-كۆنگرەی ئاشتبوونەوەو لێبووردن.
د-بەشداریی كردن لەچالاكی یانەی (صید) بۆ لابردنی پەردە لەسەر پەیكەری پیرەمێردو گۆران.
ه-ڕێزلێنانی د.عزالدین مستەفا.

* ئەیلولی 2012 بەشداری كردوە لەمیهرەجانی ڕوناكبیریی هاوبەشی نووسەرانی عیراق و بنكەی گەلاوێژ لەشاری (بەسرە).
* لەبەهاری 2013 بەشداری كردوە لەمیهرەجانی ڕوناكبیریی كوردی-عەرەبی لەنەجەف.
تێبینی:
ئەو زانیاریانەمان لە ئەرشیفی د. فوئاد حەمە خورشید وەرگرتوە كەبە هەوڵی خۆی وكۆكردنەوەی زانیاریی لەسەر ژیانی نووسەر نووسیویەتی و هەندێكیشی لێ بڵاوكردونەتەوە وئەوانی تریشی لای خۆی پاراستووە.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved