شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی میرێك له نێو سیاسه‌ت و مێژوودا ئاماده‌كردنی : زاهیر سدیق شه‌ره‌فخان كوری میر شه‌مسه‌دینی كوڕی میر ئه‌شره‌فه، له بنه‌ماڵه‌ی به‌ناوبانگ و میری به‌دلیسییه، له‌ساڵی 1543ی زاینی له گوندی گه‌رمه رووی سه‌ر به شاری قومی ئێرانی عه‌جه‌م له دایكبووه، هه‌ر له منداڵییه‌وه له دیوه‌خانی شا تههاماسبی یه‌كه‌م په‌روه‌رده‌كراوه و خراوه‌ته به‌رخوێندن و له‌گه‌ڵ كوڕه‌كانی شا ژیاوه، هه‌موو جۆره‌كانی هونه‌ر و زانست دینی و هونه‌رییه‌كانی خوێندووه و به سه‌ركه‌وتووی ته‌واوی كردووه، میر شه‌ره‌فخان مێژوونووسێكی زۆر لێوه‌شاوه بووه، به جۆرێك وه‌ها سه‌ركه‌وتووانه كاری له مێژوودا كردووه كه نووسه‌ران و مێژوونووسان و خه‌ڵكی خۆیان به قه‌رزاری ئه‌و ده‌زانن، له ساڵی 1592ده‌ست ده‌كات به نووسینی شه‌ره‌فنامه و له ساڵی 1597 له نووسینه‌وه‌ی ئه‌بێته‌وه. پوخته‌ی نووسینه‌كانی له دوای ساڵی 1597دا كۆتایی پێهێناوه، به‌م جۆره پرۆسه‌ی تۆماركردنی كوردی ئه‌نجامداوه، هه‌ر له‌و كتێبه كوردییه مێژوویه‌دا كه شه‌ره‌فخانی پێناسراوه، ناوی باوك و باپیرانی خۆی كه میری به‌دلیس بوون به نه‌مری هێشتووه‌ته‌وه بۆ چه‌ندین سه‌ده، شه‌ره‌فخان به‌م به‌رهه‌مه جوانه خزمه‌تی كورد و كوردستان و نووسه‌رانی كوردی كردووه و خزمه‌تیشی به كتێبخانه‌ی كوردی كردووه، ئه‌م په‌رتووكه مێژووییه به زمانی فارسی سه‌رده‌می سه‌فه‌وی نووسراوه و شه‌ره‌فنامه له كۆنه‌وه گرنگییه‌كی زۆری پێدراوه. له ساڵی 1667ی زاینی له زمانی فارسییه‌وه له لایه‌ن شامی ناوێكه‌وه وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانی توركی و دوایی ولیامینۆڤی روسی وه‌ریگێڕاوه بۆ سه‌ر زمانی روسی كارمۆی مێژوونووسی فه‌ره‌نسیش وه‌ریگێڕاوه بۆ سه‌ر زمانی فه‌ره‌نسی و چاپكراوه. هه‌وره‌ها مه‌لا جه‌میل رۆژبه‌یانی له ساڵی 1953دا به په‌راوێزێكی به نرخه‌وه وه‌ریگێڕاوه بۆ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی و چاپی كردووه، دواجاریش هه‌ژارموكریانی وه‌ریگێڕاوه بۆ كوردی و له ساڵی 1972 له چاپخانه‌ی كۆڕی زانیاری كورد له به‌غدا چاپكراوه، میر شه‌ره‌فخان له ساڵانی 1603 بۆ 1604ی زاینی كۆچی دوایی كردووه. م. زریان حاجی: شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی و كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی كێیه؟ له كوێ وه هاتووه؟ دیاره شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی له ساڵی 1543 ی زاینی له ناوچه‌ی قوم له ئێران له دایك بووه، بۆیه له ئێران له دایكبووه، چونكه باوكی پێشتر شه‌مسه‌دین یاخود میر شه‌مسه‌دین یه‌كێك بوو له میره به ناوبانگه‌كانی ناوچه‌ی به‌دلیس، دیاره بنه‌ماڵه‌ی شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی به ئه‌سڵ خه‌ڵكی بهدلیسن، به‌دلیسیش ئێستا ئه‌كه‌وێته باكووری كوردستانه‌وه، ژماره‌یه‌كی زۆر له خانه‌واده‌كه‌ی له‌وێ ئه‌مێننه‌وه، به‌ڵام باوكی كه میری به‌دلیسه له لایه‌ن سوڵتان سلێمانی قانوونییه‌وه داوی لێده‌كرێ ئه‌و ناوچه‌یه به‌جێبهێڵێ و روو بكاته ناوچه‌كانی مه‌رعه‌ش و چه‌ند شوێنێكی تر و له‌وێ نیشته‌جێ ببێ و ببێت به میری ئه‌و ناوچه‌یه، باوكیشی كاتێك بیر ده‌كاته‌وه ئه‌مه سه‌ره‌تای لێدانێتی و سه‌ره‌تای دژایه‌تی كردنێتی له لایه‌ن سوڵتانی عوسمانییه‌وه بۆیه په‌یوه‌ندی به سه‌فه‌وییه‌كانه‌وه ده‌كات له ئێران كه له لایه‌ن شا تههماسبهوه ده‌رگایان به‌روودا ده‌كرێته‌وه، شا باوه‌شیان بۆ ده‌كاته‌وه بۆ خۆی و بۆ شاره‌زاییه‌كه‌ی وه‌ك كه‌سایه‌تی خۆی كه له‌و ناوچه‌یه‌دایه. بۆیه كاتێك میر شه‌مسه‌دین له ساڵی 1537 ی زاینی رووده‌كه‌نه ناوچه‌كانی ئێران و له‌و ناوچه‌یه‌دا راسته‌وخۆ ده‌بنه‌وه به ده‌سه‌ڵاتدار و چه‌ند ده‌سه‌ڵاتێكی پێده‌درێ وه‌كو میرێك له‌و ناوچانه‌دا ده‌سه‌ڵاتی ده‌بێ. د. حسامه‌دین نه‌قشبه‌ندی: سوڵتان عوسمانی مورادی سێیه‌م كه بیستی شه‌ره‌فخان دوور خراوه‌ته‌وه پێی ناخۆش بوو، بۆیه بیری كرده‌وه بگه‌ڕێته‌وه بۆ به‌دلیس شاری باوك و باپیرانی و له‌گه‌ڵ خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆی شادبێته‌وه، سوڵتان مورادی سێیه‌م پیاوه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی كورد، نارد بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ن، قه‌ناعه‌تی پێبكه‌ن بێته‌وه ناو ده‌وڵه‌تی عوسمانی و یارمه‌تی ده‌وڵه‌تی عوسمانی بدات، میره كورده‌كان ده‌ستێكی باڵایان هه‌بوو له رازی كردنی شه‌ره‌فخان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ لای ده‌وڵه‌تی عوسمانی، سوڵتان مورادی سێیه‌میش فه‌رمانی ده‌ركرد بیكات به سه‌ركرده‌ی به‌دلیس، هه‌روه‌ها شمشێرێكی ئاڵتون و پۆشاكی سوڵتانی بۆ نارد به دیاری، ئه‌وه‌ش ده‌لاله‌ت له‌وه ده‌كات خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته، بایه‌خی زۆری پێدا و نازناوی خانی پێبه‌خشرا، ئیتر لای سوڵتان مورادی سێیه‌م مایه‌وه و به‌شداری له شه‌ڕه‌كان دژی قزڵباشه‌كان كرد كه دژی ده‌وڵه‌تی عوسمانی بوون. م. زریان حاجی: شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی ورده ورده ناوبانگ په‌یدا ده‌كات، به‌ڵام دیاره به‌و شێوازه ئه‌م هه‌موو پۆسته وه‌رده‌گرێ و پێش ئه‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ش چاوی حه‌سوود و ناحه‌زانی له سه‌ر بووه له‌لایه‌ن قزڵباشهكانهوه له ناوچه‌ی سه‌فه‌وییه‌كان كه خۆیان به پێشتر زانیوه، كه بۆچی ئه‌م كه‌سایه‌تییه ئه‌م هه‌موو نازناوه‌ی پێبدرێ و ئاوا به‌خێرایی بچێته پێشه‌وه، ئه‌كه‌ونه قسه دروستكردن بۆی، یه‌كێك له‌و تۆمه‌تانه ده‌ڵێن گوایه شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك میری تردا ده‌ستی تێكه‌ڵاو كردووه بۆ ئه‌وه‌ی شا ئیسماعیل میرزا له نێو ببه‌ن و براكه‌ی بچێته شوێنی و كاتێك ئه‌مه ده‌گاته‌وه به‌شا ئیسماعیل، دیاره هه‌ڵوێستی ده‌بێ به‌رانبه‌ریان و هه‌موو میره‌كانی دیكه ده‌كوژێت، ته‌نیا شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی نه‌بێ كه دووری ده‌خاته‌وه و ئه‌یكات به میری چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تر، له‌و كاته‌دا كه دوور ئه‌خرێته‌وه له‌لایه‌ن سوڵتان مورادی سێیه‌مه‌وه په‌یوه‌ندی پێوه ده‌كرێت و پێی ده‌ڵێن ئێستا تۆ ده‌توانی بگه‌ڕێته‌وه بۆ خاكی خۆت بۆ ناوچه‌ی به‌دلیس و هه‌موو ئه‌و پاشماوه‌ی حوكم و ده‌سه‌ڵاتداری و موڵكانه‌ی خۆتان كه هه‌تانبووه و له لایه‌ن عوسمانییه‌كانه‌وه ده‌ستی به سه‌ردا گیراوه و دراوه به خه‌ڵكی تر، سوڵتانی عوسمانی ئاماده‌یه بۆتانی بگێڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌وا و ببیته‌وه به فه‌رمانڕه‌وای ناوچه‌ی به‌دلیس و هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان بگریته‌وه به ده‌ست، بۆیه له‌م كاته‌دا شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی زۆری پێخۆش ده‌بێ، خۆی باسی ده‌كات، له په‌ڕه‌گرافێكدا زۆر جوانی وتووه و ده‌ڵێت «ئه‌ڵێ ئه‌مه وه‌كو به‌خشیشێكی خودایی وابوو بۆ من، من ئه‌گه‌ر ئه‌م روداوه نه‌بوایه هه‌رگیز نه ده‌گه‌ڕامه‌وه بۆ ناوچه‌كه‌ی خۆم. كه‌واته خێری پێوه بوو كه تووشی ئه‌و روداوه بووم، ئه‌وه‌تا له‌لایه‌ن سوڵتان مورادی سێیه‌مه‌وه په‌یوه‌ندیم پێوه كرایه‌وه تا بچمه‌وه بۆ ناوچه‌ی به‌دلیس و له زێدی باو باپیرانی خۆم ده‌سه‌ڵات بگرمه‌وه ده‌ست. « ئیتر له‌و ناوچه‌یه‌دا ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی فراوان ده‌بێته‌وه سه‌ر له‌نوێ. شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی یه‌كێكه له مێژوونووسه ناودار و كه‌سایه‌تییه دیار و سیاسییه‌كانی كورد، من ئه‌توانم له دوو روانگه‌وه سه‌یری شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی بكه‌م، شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی وه‌ك میرێكی گه‌وره‌ی كورد، وه‌ك مێژوونووسێكی گه‌وره‌ی كورد. جگه له‌وه‌ش شه‌ره‌فخان وه‌ك رۆشنبیرێكی گه‌وره‌ی كورد ئه‌مه‌ش جێگه‌ی له سه‌ر راوه‌ستان و هه‌ڵوه‌سته‌كردنه، شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی هێنده مه‌زنه، له هه‌موو روانگهكانهوه ئه‌توانین بڵێین ره‌نگدانه‌وه‌ی خۆی هه‌بووه له سه‌رده‌می خۆیدا، جگه له‌وه توانی شاكارێكمان پێشكه‌ش بكات كه به یه‌كه‌م بابه‌تی نووسراوی مێژوویی كوردی داده‌نرێ، به‌ر له شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی هیچ كه‌سێك نه‌بوو كتێبێك بنووسی تایبه‌ت به كورد، خۆی كورد بێ و كتێبێك له سه‌ر كورد بنووسێ، به‌ڵام له دوای شه‌ره‌فانی به‌دلیسییه‌وه زۆره، سه‌یر ده‌كه‌یت شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی بووه رێچكه‌شكێن. شه‌ره‌فخان له دژی هه‌موو سه‌رده‌مه‌كانی دیكه، كاتێك زانی كورد مێژوویه‌كی نییه، كاتێك زانی له ناو كوردا كه‌سێك هه‌ڵنه‌ساوه كتێبێك له سه‌ر مێژووی بنووسێ به‌و كاره هه‌ڵده‌سێ و كتێبێك ده‌نوسێ، نووسینی ئه‌م كتێبه ده‌بێته رێچكهشكێنێك و سه‌ره‌تایه‌كی جوان، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو خه‌ڵكانی پاش شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی كورد بناسێ و بزانن كورد كێیه؟ ئه‌سڵی كورد چییه؟ و له كه‌یه‌وه و بۆ له‌و شوێنانه نیشته‌جێبووه؟ میره‌كانی كورد كێن؟ لایه‌نه سیاسییه‌كانی كورد كێن؟ میرنشینه‌كانی كورد كێن؟ ئه‌و ماوه‌یه مێژووی كورد شاردرابووه‌وه. ئه‌گه‌ر شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی نه‌بوایه و ئه‌و رێچكهشكێنییهی نهكردیا له راستیدا زۆر ههلهقهی شاراوه ده‌بوو، یان زۆر زنجیره‌ی شاراوه ده‌بوو له ناو مێژووی كوردا، كه تا ئێستا نه‌مانده‌زانی باسی بكه‌ین. د. حسامه‌دین نه‌قشبه‌ندی: شه‌ره‌فنامه به‌رهه‌مێكی زۆر گرنگه، زۆرێك له رۆژهه‌ڵاتناسان و مێژوونووسان بایه‌خیان پێداوه بۆ زۆر زمان وه‌رگێڕدراوه، بۆ زمانی توركی و ئه‌ڵمانی و فه‌ره‌نسی و ئینگلیزی وه‌رگێڕدراوه، بۆ سه‌ر زمانی كوردی كرمانجیش له لایه‌ن مه‌لا مه‌حمودی بایه‌زیدییه‌وه وه‌رگێڕدراوه و هه‌ژار موكریانیش كردوه‌یه‌تی به كوردی سۆرانی. شێخ محه‌مه‌د عه‌لی عه‌ونیش نووسخه ئه‌سڵییه‌كه‌ی به زمانی فارسی بڵاوكردوه‌ته‌وه و دوای ئه‌وه‌ش چاپی كردوه‌ته‌وه و پێشه‌كییه‌كی باشی بۆ نووسیوه، ته‌قریبه‌ن زیاتر له پانزه جار چاپكراوه‌ته‌وه. و. زریان حاجی: دیاره ئه‌م كتێبه گرنگی و بایه‌خی خۆی هه‌یه، یه‌كێك له گرنگییه‌كانی ئه‌وه‌یه كه بۆ یه‌كه‌م جاره كتێبێك له سه‌ر مێژووی كورد بنووسرێته‌وه، كتێبێكی گشتگیر له سه‌ر هه‌موو بنه‌ماڵه و ره‌چه‌ڵه‌ك و كه‌سایه‌تییه‌كانی كورد بنووسرێته‌وه. ئه‌م كتێبه بایه‌خه‌كه‌ی له‌وه‌دایه باسی زۆر شت ئه‌كات كه سه‌رده‌می خۆی نه‌بیستراوه، بایه‌خه‌كه‌ی له‌وه‌دایه كه‌سایه‌تییه‌ك نووسیوێتی خۆی شاره‌زاییه‌كی زۆری هه‌بووه، زۆر شاره‌زابووه له بابه‌ته مێژووییه‌كان و بابه‌ته‌كانی میره‌كانی ده‌وروبه‌ری خۆیدا، هه‌ر خۆشی سه‌ركرده‌بووه، بۆیه ئه‌ڵێ سه‌ركرده مێژوو بنووسێته‌وه شاره‌زاتر ئه‌ڕوانێته شته‌كان وه‌ك له خه‌ڵكانی تر، بۆیه كاتێك شه‌ره‌فخانی به‌دلیسیش وه‌كو سه‌ركرده‌یه‌ك مێژوو ئه‌نوسێته‌وه، دێت هه‌موو ئه‌و كه‌موكوڕی و لایه‌نانه باس ئه‌كات، هه‌موو ئه‌و روداوانه ئه‌گێڕێته‌وه له سه‌رده‌می خۆی رویداوه. بایه‌خێكی تری كتێبه‌كه‌ی شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر مێژوونوسانی پێش ئه‌و هاتبێتن كتێبی مێژووییان نووسیبێ له به‌رخاتری كه‌سێك، یان بۆ پاره، یاخود له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سێك مێژوویان نووسیبێته‌وه و بۆ پێداهه‌ڵدانی كه‌سێكی دیاری كرا‌و. شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی بۆ هیچكام له‌مانه مێژووی نه‌نووسیوه‌ته‌وه، به‌ڵكو بۆ رۆشنبیریی و لایه‌نی كه‌سایه‌تی خۆی هاتووه ئه‌مه‌ی كردووه، ته‌نها حه‌زێكی خۆیه‌تی و حه‌زی كردووه خزمه‌تێك به نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی بكات و مێژووه‌كه‌ی بنووسێته‌وه. ئه‌مه‌ش گرنگه بۆیه ئه‌مه بووه‌ته جێگای سه‌رنج و رامان وبایه‌خی رۆژهه‌ڵاتناسان. د. حسامه‌دین نه‌قشبه‌ندی: شه‌ره‌فنامه به زمانی فارسی دانراوه، ره‌خنه‌ی لێده‌گیرێت كه بۆ به زمانی فارسی نووسیوێتی و بۆ به كوردی نه‌ینووسیوه؟ ئه‌مه چه‌ند هۆكارێكی هه‌یه، ئه‌و سه‌رده‌مه (سه‌ده‌ی شانزه‌یه‌می زاینی ) بووه نووسین به زمانی كوردی نه‌بووه، پێشتر به زمانی عه‌ره‌بی بووه، زۆر مێژوونووسی كوردیش هه‌ن كه به زمانی عه‌ره‌بی نووسیویانه، ئه‌و زه‌مانه‌ش سه‌ده‌ی شانزه‌یه‌می زاینی زمانی فارسی زمانی رۆشنبیریی بووه و زۆر كتێبیش هه‌یه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش شه‌ره‌فخان ده‌شیویست غه‌یری نه‌ته‌وه‌ی كورد ئاگای له مێژووی كورد بێ كه بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر تا سه‌ده‌ی شانزه‌یه‌م هیچ كتێبێكمان نییه له سه‌ر مێژووی كورد دانرابێ، ئه‌و كتێبه‌ی شه‌ره‌فخان یه‌كه‌م كتێبی مێژوویی كورده تا ئه‌و كاته نووسراوه. م. زریپان حاجی: سه‌باره‌ت به كه‌سایه‌تی و لایه‌نی رۆشنبیریی شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی، كاتێ كتێبه‌كه‌ی ئه‌ولیا چه‌له‌بی ده‌خوێنینه‌وه، كتێبه به ناوبانگهكهیهتی سیاحه‌تنامه‌ی ئه‌ولیا چه‌له‌بی، كه‌سێكی توركه و هاتووه بۆ ناوچه‌كانی كوردستان و گه‌ڕاوه، كتێبه‌كه‌ی به سه‌رچاوه‌یه‌كی مێژوویی گرنگی سه‌رده‌می خۆی داده‌نرێت. ئه‌ولیا چه‌له‌بی له كتێبه‌كه‌یدا باسی بنه‌ماڵه‌ی بهدلیسییهكان ده‌كات و ئه‌ڵێ له كۆتا میری بهدلیسییهكان من ئه‌ندام بووم له‌و لیژنه‌یه‌دا كه بنه‌ماڵ و شته‌كانی بهدلیسییهكان كۆكراوه‌ته‌وه، باسی كۆتا میریان ده‌كات، كه عه‌بدولره‌حمانی به‌دلیسییه، ئه‌ڵێ ئه‌م كه‌سایه‌تییه كاتێك ماڵه‌كه‌ی گواسته‌وه له رووی بنه‌ماڵه‌وه ئه‌وه‌نده كتێبی بۆ مابووه‌وه كه نزیكه‌ی حه‌وت بار حوشتر كتێبی پێبووه، كه پڕ بووه له كتێبی دانسقه، ئه‌وانه‌ش مهختوت بوون، ده‌ستنووس بوون، جگه له‌وه له‌و كتێبه‌دا چه‌ندین بابه‌تی تر هه‌بوون كه ئه‌توانین بڵێین نه‌خشه‌ی نایاب و نادر بوون. شتێكی تر كه زۆر گرنگه من حه‌ز ده‌كه‌م باسی بكه‌م كتێبی شه‌ره‌فنامه له ئه‌سڵدا چه‌ندین وێنه‌ی تێدابووه كه شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی بۆ خۆی به دهستكێشاوێتی، ئه‌م وێنانه زۆر گرنگه، بۆیه شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی كاتێ كه خۆی وێنه ده‌كێشێ تایبه‌تمه‌ندی هه‌یه، ئه‌م وێنهكێشانهی شه‌ره‌فخان بۆ هونه‌رمه‌ندی ئه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه، بۆچی چونكه كاتی خۆی شا ته‌هماسب په‌روه‌رده‌ی وه‌چه‌ی میره‌كانی خۆی ده‌كردن یه‌كێك له‌و شتانه‌ی كه فێری ده‌كردن، تایبه‌تی نه‌قاشی و وێنه‌كێشان بوو. ئه‌یوت پێویسته ئه‌مانه فێری وێنه‌كێشان بن، بۆ؟ چونكه ده‌یوت وێنه‌كێشان زه‌وق و سه‌لیقه‌ی كه‌سه‌كه جوان ده‌كات، ئه‌مه سبه‌ی رۆژ ده‌بێ به میر، كاتێك بوو به میر وه‌ك وێنه‌كێشێك ئه‌توانێ زه‌وق و سه‌لیقه‌یه‌كی جوانی هه‌بێ و له رێگه‌ی ئه‌و وێنه‌كێشانه‌وه مێشكی فراوان بێ و بتوانێ وێنایه‌كی جوانی هه‌بێ و سبه‌ی رۆژ سوودی بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی هه‌بێ. ئه‌مه له سه‌رده‌می خۆیدا زۆر گرنگ بووه، كه‌وابوو به‌پێی ئه‌و وانهخوێندنانه و ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی هه‌یبوو یه‌كێك بووه له‌و هونه‌رمه‌نده گه‌ورانه‌ی سه‌رده‌می خۆی، به چیدا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت؟ نزیكه‌ی بیست وێنه‌ی كێشاوه له كتێبی شه‌ره‌فنامه‌دا، ئه‌م بیست وێنه‌یه به چه‌ندین زمان لێكۆڵینه‌وه‌ی له سه‌ر كراوه، به زمانی فه‌ره‌نسی لێكۆڵینه‌وه له وێنه‌كانی ناو كتێبه‌كه‌ی شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی كراوه، هه‌روه‌ها به رووسی چه‌ندین لێكۆڵینه‌وه‌ی له سه‌ر كراوه. كه ئه‌توانین بڵێین له‌و په‌ڕی به‌رزیدایه و له‌و په‌ڕی به‌هادایه و بایه‌خی تایبه‌تی پێدراوه له‌لایه‌ن لێكۆڵه‌ران و ئه‌و كه‌سانه‌ی له بواری هونه‌ردا شاره‌زان و كار ده‌كه‌ن، هه‌وڵیانداوه تاوه‌كو بزانن ئه‌م وێنانه به شێوازێكی چه‌ند جوان كێشراوه، جگه له‌وه ئه‌وه‌ی كه زۆر گرنگه له كتێبه‌كه‌ی شه‌ره‌فخانی به‌دلیسیدا نه‌خشه‌یه‌كمان هه‌یه، شه‌ره‌فخان نه‌خشه‌ی هه‌موو كوردستانی كێشاوه، ئه‌توانم بڵێم ئه‌وه یه‌كه‌م نه‌خشه‌یه به ده‌ستی كورد خۆی كێشراوه و باسی هه‌موو سنوور و هۆزه كوردییه‌كان ده‌كات، نه‌خشه‌یه‌كی زۆر جوانه بۆ لایه‌نی سیاسی ئه‌مڕۆشمان ئه‌توانین سوودێكی باشی لێ ببینین كه نه‌خشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه و شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی له‌كاتی خۆیدا كێشاوێتی و له روانگه‌ی مێژووییه‌وه سوودی لێ وه‌رگرتووه.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure