12/8/2017 05:26 PM

ئەحمەد کایا

گۆرانیبێژ و ئاوازدانەر و میوزیسیانی کوردە کە لە (٢٨ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٥٧) دا لە شاری مەلەدیی باکووری کوردستان لەدایکبوو. لە (١٦ی تشرینی دوەمی ساڵی ٢٠٠٠) دا کۆچی دوایی کردوە. بنەماڵەکەی بە ھیوای ژیانێکی باشتر ڕوو دەکەنە ئەستەمبوڵ. ئەحمەد لە ئەستەمبوڵ تێکەڵی سیاسەت دەبێ. لەگەڵ سیاسەتیش خۆی فێرە مۆسیقا دەکا، شیعر دەنووسێ و لە پێناوی بژێوی ژیانیشیدا ھەموو جۆرە کارێک دەکا؛ دەبێتە شۆفێری لۆری و فرۆشیاری گەڕۆک و کرێکار. لە ساڵی ١٩٨٥ بڕیار دەدا یەکەمین ئەلبومی گۆرانییەکانی بلاوبکاتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی شێوازەکەی، شێوازێکی نوێیە ناوەڕۆکی شیعرەکانی شۆڕشگێڕانەن. ھیچ دەزگایەکی ھونەری ئامادەنابێ ھاوکاری بکات. ھەڵوێستی دەزگاکان ساردی ناکەنەوە، بەھاوکاریی دۆستەکانی یەکەمین ئەلبوومی خۆی بە ناوی (مەگری بچکۆل) بلاودەکاتەوەو ڕەواجێکی باشی لە لای خەڵکی دەبێ، بەلام حکوومەت قەدەغەی دەکات. کە ئەم قەدەغە کردنە خۆی دەبێتە تەبلیغێکی باش بۆ ئەلبوم و کایا ھۆگری زۆر پەیدا دەکات.

ژیانی کۆمەڵایەتی
ئەحمەد کایا کە بە گۆرانییە کۆمەلایەتییەکانی لایەنگری خەڵکی ھەژار و کوردی تورکیا دەکات، ئەم شێوازەی گۆرانی وتن و لایەنگری کەمینەکان دەبێتە ھۆی لە بەندیخانە کران و قەدەغە بوونی گۆرانییەکانی کایا و ھەروەھا رێگای گۆرانی گوتنیشی لێ تەنگ دەکرێتەوە. لە ئاداری ١٩٩٩، کاتێ خەلاتی باشترین گۆرانی ساڵ لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی وەردەگرێ، رایدەگەیەنێ :من گۆرانییەکی کوردیم لە ناو ئەلبومە تازەکەم داناوە، چونکە من بە ڕەسەن کوردم! گومانم نییە گەلێ کۆمپانیای مۆسیقا حەز دەکەن ئەلبومە تازەکەم بڵاوبکەنەوە! تورکیا گرفتێکی ھەیە بەناوی کوردستان، لە بەرئەوە من ھەرگیز لە باسکردنی ئەم گرفتە بۆ ئەوانەی دان بەراستیدا نانێن، ماندوو نابم). دوای تەواو بوونی ئەم قسانە، چەند ھونەرمەندێکی تورک ھێرشیان کردە سەری و ھاواریان کرد: (خاین! بڕۆ دەرێ)، بەڵام ئەحمەد سوورتر بوو.

دادگایی کردن و دەرکران لە تورکیا
دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لە ٣٠ ی نیسان تۆمەتی ناپاكی بە نیشتمانی، دایە پاڵی و لە ھەموو لایەکی تورکیاوە تورکە تووندڕەوەکان ھێرشیان کردە سەری و ھەندێ رۆژنامەو دەزگای ڕاگەیاندن داوای سزای له‌سێداره‌دانیان بۆ کرد. لەوانە ڕۆژنامەی حوڕییەت بوو کە یەکەم بابەتی دوو ڕۆژ دوای پەلامارەکەی کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە یەکەم بابەتی دژی کایا بڵاوکردوە بە وێنەیەکی دروستکراو گوایە کایا لە بەرلین کۆنسێرتی کردوە و پارەی بۆ پەکەکە کۆکردۆتەوە کە ھەڵبەستراو بوو. دواتریش چەن بابەتی دیکەی بە دواتا ھات . بەڵام ئەحمەد کایا، لە بەردەم یەکەمین دانیشتنی دادگا ئامادەبوو، ھەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە کە درابوونە پاڵی. لەو ماوەیەدا، ئەحمەد کایا چووە ئەورووپا. دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لە دوا دانیشتنیدا، بەبێ ئامادەبوونی کایا، سزای ١٠ دە ساڵ زیندانی بۆ ئەو دا
لە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٠، کاتێ بۆ سازکردنی کونسێرت لە پاریس بوو، لەشوێنی حەوانەوەی خۆی، کۆچی دوایی کردو لە گۆڕستانی ناودارانی پاریس "پیرلاشیز"  بەخاک سپێردرا.

سەرچاوە 
پەڕەی فەرمی ئەحمەد کایا




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved