28/9/2017 03:20 PM

حەسەن قزڵجی

نووسەر و ئەدیب و رۆژنامەنووس حەسەن قزڵجی رۆژی 15-09-1914 لەبنەماڵەیەکی خوێندەوار لەشاری بۆکان لەرۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. لەتەمەنی 6 ساڵییەوەخراوەتەبەر خوێندن. سەرەتا لەلای باوکی و دواتر لەلای مامۆستا مەلا ئەحمەدی فەوزی و مەلا ئەحمەدی تورجانی زادەخوێندویەتی.

پاش چەند ساڵ خوێندن بۆتەفەرمانداری شاری مهاباد. زۆربەی لایەنەکانی ژیانی ئەم بلیمەتەشاراوەن. جۆری ژیانی تایبەتی و سیاسی و کاری نهێنی و دەیان ساڵ راوەدوونران و ئاوارەیی و سەرەنجامیش گیران و کوژران پەردەیەکی نادیاریان بەسەردا کشاوە. حەسەنی قزڵجی یەکێک بووەلەو پیاوانەی رۆڵێکی رووناکبیری و رامیاری باشیان بووەلەکۆماری کوردستان بەسەرۆکایەتی قازی محەمەد. لەهەڕەتی لاوەتی دا بەناوی نهێنی (ژیر) پەیوەندی دەکا بەکۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستانەوەو لەگەڵ چەند کەسی ئازادیخواز و روناکبیری تردا.

ئەم نووسەر و روناکبیرە لە گۆڤارەکانی (کوردستان)، (ئاوات)، گۆڤاری هەڵاڵەدا نوسینەکانی بڵاو کراونەتەوە. هەروەها سەرنووسەر و بەڕێوەبەری گۆڤاری وێژەیی و رامیاریی گشتیی (هەڵاڵە) بووەکەلەساڵی 1946 لەبۆکان و لەژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستان دا دەردەچوو. قزڵجی پاش کۆماری کوردستان وەک زۆربەی نیشتمانپەروەران بەناچاری پەڕیوەدەبێ و لەکوردستانی عێراق جێگیردەبێ. سەرەڕای ژیانی نهێنی و چەرمەسەری درێژەبەنووسین دەدا و لەبڵاوکراوەکانی (هیوا)، (رۆژی نوێ)، (نووسەری کورد)، (بەیان)دا بابەتەکانی بڵاو دەکرێنەوە. ئەم تێکۆشەرەلەساڵی 1953 دا بەبیانوی ئەوی خەڵکی عیراق نیە لەلایەن رژێمی بەعسەوە تەسلیم بەئێران دەکرێتەوە، بەڵام لە دەرفەتێکدا خۆی لەدەستی پۆلیسی ئێران رزگار دەکا و خۆی دەگەیەنێتەو ەشاری هەڵەبجەو لەوێ نیشتەجێ دەبێ. 
پاشان خۆی دەگەیەنێتەلای هەژار موکریانی لەبەغدا. قزڵجی هەر لەبەغداوەدەچێتەوڵاتی بولگاریا و لەوێ لەرادیۆی پەیکی ئێران دەبێتەبێژەری هەواڵی رامیاری بەزمانی کوردی. پاش رووخانی رژیمی پاشایەتی ئێران، لەریزەکانی حیزبی توودەی ئێران وەک سەرنووسەری رۆژنامەی (مردم) کەبەکوردی دەردەچوو کاری کردوەبەڵام ساڵی 1983 حەسەن قزڵجی دەگیرێت و دەخرێتەزیندانەوە.
مامۆستا و نووسەر حەسەن قزڵجی ئەو کاتەی لە بەندیخانە دەستگیرکراوە تەمەنی 70 ساڵ بووە و پاش ئەوەی 10 مانگ لەژێر شکەنجەی جەستەیی و دەروونی دا دەبێ لەرۆژی 28-09-1984 بەهۆی نادیارەوە لە زینداندا کۆچی دوایی دەکا و لەژێر چاودێریی حکومەت تەرمەکەی لەگۆڕستانی بەهەشتی زارای تاران بەخاک دەسپێردرێت. 

دەیان بابەتی ئەدەبی لەزمانەکانی فارسی، تورکی، بولگاری و عەرەبی وەرگێڕاوەبۆ زمانی کوردی و هەروەها چەندین بابەتی زمانەوانی بڵاو کردۆتەوە. قزڵجی رۆڵێکی بەرچاوی لەبوارەکانی چیرۆک، وتار، رەخنەو لێکۆڵینەو بابەتی زامانەوانی و وەرگێڕان دا هەبووە. بەڵام بەداخەوەنەهامەتییەکانی رۆژگار پەردەیان بەسەر ئەم توانایانەدا کێشاوەو ئەمڕۆ قزڵجی زیاتر بەکۆچیرۆکی (پێکەنینی گەدا) ناسراوە.
بەشێک لەبەرهەمەکانی حەسەنی قزڵجی
ئاشتیخوازیی لادێیی و پەیمانی دوولایی، نووسراوی حەسەن قزڵجی و عەبدولڕەحمانی زەبیحی، بەغدا 1959. پێکەنینی گەدا کۆمەڵەچیرۆک، 1972، بەغدا. بەرهەمی چاپ نەکراو: تیۆری ئەدەبی، وەرگێڕان لەبولگارییەوە. زاراوەی سیاسی کۆمەڵایەتیی وەرگێڕان. کورتەچیرۆکەکانی ئەنگیل کارالچیڤ،وەرگێڕان لەبولگارییەوە




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved