17/3/2018 02:57 PM

به‌دیعه‌ دارتاش

* هونه‌رمه‌ندی شانۆكار به‌دیعه‌ دارتاش باوكی ناوی (شێخ عه‌بدوڵڵا) و دایكی ناوی (حه‌لیمه‌ مه‌عروف)ـه‌، ساڵی 1946 له‌ شاری سلێمانی له‌دایكبووه‌.

* ژیانی هونه‌ری به‌دیعه‌ دارتاش ساڵی 1968 ده‌ستپێده‌كات، ئه‌وكاته‌ی قوتابی به‌شی شانۆ بووه‌، یه‌كه‌م كچ بووه‌ له‌ به‌شی شانۆ وه‌رگیراوه‌، هه‌مان ساڵ ئه‌كادیمیای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی به‌غدای ته‌واوكردووه‌.

* دوای ته‌واوكردنی ئه‌كادیمیا له‌ په‌روه‌رده‌ی سلێمانی به‌ مامۆستا دامه‌زراوه‌، ماوه‌ی دوو ساڵ له‌ چالاكی قوتابخانه‌كان كاریكردووه‌، ده‌ورێكی باڵای بینیوه‌ له‌ پێشخستنی هونه‌ری شانۆ له‌و قوتابخانه‌یه‌دا.

* ساڵی 1972 ده‌بێته‌ مامۆستا له‌ ئاماده‌یی سلێمانی كچان بۆ ماوه‌ی هه‌شت ساڵ.

* ساڵی 1975 ده‌رهێنه‌ری ئۆپه‌رێتی (كۆتایی زۆرداری) بووه‌و پله‌ی یه‌كه‌می له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو پارێزگاكانی عیراق وه‌رگرتووه‌.

* كاتێك په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی سلێمانی داده‌مه‌زرێت به‌دیعه‌ دارتاش ساڵی 1980 ده‌بێته‌ مامۆستاو بۆ ماوه‌ی چوارده‌ ساڵ سه‌رۆكی به‌شی شانۆ ده‌بێت، چه‌ندین به‌رهه‌می سه‌ركه‌وتوو له‌ چوارچێوه‌ی په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كان و چالاكییه‌كانی ده‌ره‌وه‌دا پێشكه‌شده‌كات.

* ساڵی 2002 ده‌بێته‌ سه‌رپه‌رشتیاری هونه‌ری له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ بۆ په‌یمانگاكانی هونه‌ره‌ جوانه‌كانی كوردستان و ساڵی 2005 وه‌ك یه‌كه‌م ئافره‌تی كوردو شاره‌زا له‌ شانۆدا له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ده‌ناسرێت، یه‌كه‌م به‌رهه‌می ته‌له‌فزیۆنی ساڵی 1969 به‌ناوی (نه‌فره‌ت) نمایش كردووه‌.

له‌ ساڵی 2008دا له‌ (كوردستانی رۆژهه‌ڵات) له‌ فێستیڤاڵی ساڵانه‌ی (شانۆی سه‌فز)دا خه‌ڵات كراوه‌ به‌ مه‌دالیای زێڕ، به‌رامبه‌ر به‌وه‌ی كه‌ یه‌كه‌م ئافره‌تی كورد بووه‌ له‌ كوردستانی باشورو رۆژهه‌ڵاتدا كه‌ بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی هه‌یه‌ له‌ شانۆدا.

* ساڵی 1968 ده‌برێته‌ به‌رده‌م ئاماده‌یی رۆشنبیر له‌به‌رچاویدا سێ لاوی قاره‌مانی كورد گوللـه‌باران ده‌كه‌ن و له‌ یاده‌وه‌ری به‌دیعه‌ دارتاشدا ده‌بێته‌ وێنه‌یه‌كی له‌بیرنه‌كراو.

* وه‌ك ئه‌كته‌رو ده‌رهێنه‌ر به‌شداری له‌ 70 شانۆدا كردووه‌و له‌ زۆربه‌ی دراما كوردییه‌كاندا به‌شدارو رۆڵی به‌رچاوی بینیوه‌، وه‌رگێڕانی بۆ 6 شانۆ كردووه‌ بۆ زمانی كوردی و ده‌رهێنه‌ری 5 شانۆی منداڵان بووه‌ بۆ باخچه‌ی ساوایان، چه‌ندین توێژینه‌وه‌ی له‌بواری شانۆدا نووسیوه‌و له‌ 65 درامای رادیۆیدا له‌ به‌غداو سلێمانی ده‌وری هه‌بووه‌.

* په‌یكه‌رێكی بۆ ئاماده‌كراوه‌ له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندی په‌یكه‌رساز ره‌نج چێوار له‌ پاركی ئازادی شاری سلێمانی دانراوه‌.

* به‌دیعه‌ دارتاش به‌ناوی (یاده‌ورییه‌كانم له‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی سلێمانی) كه‌ له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندی په‌یمانگاو كاری مامۆستایی چه‌ند به‌شێك له‌ رووداو به‌سه‌رهاته‌كان له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی بڵاوده‌كاته‌وه‌و تائێستاش له‌ ژیان و كاری هونه‌ری به‌رده‌وامه‌.

خاك – ئا: تانیا ئاواره‌




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved