26/3/2018 01:11 PM

نەوال سعداوی

ئەو لە مەیدانی جەنگدا نیە بەڵام جەنگاوەرێکی ڕاستەقینەیە لە مەیدانی ئازادی و مافی مرۆڤ و ژندا ، ئەوژنێکە جیاوازە و لەهیچ ژنێکی دیکە ناچێت لەگەل قەڵەمەکەیدا شۆڕشی دژی پیاوانی کۆمەڵگای عەرەبی بەرپا کرد ، زیندان، دەرکردن لە نیشتیمان و سانسۆرکردنی نوسینەکانی چۆکی پێدانەدا ، لە کۆی بەرهەمەکانیدا داوای ئازادی (مرۆڤ، ژن و نیشتیمان) دەکات، وەك دەڵێت" ئازادی ژن و ئازادی نیشتیمان لەیەک جیاناکرێتەوە"،  ئەو لە زۆرێک لە وڵاتانی دنیا خەڵات دەکرێت بەڵام لە نیشتیمانەکەی خۆیدا ئاوارەو قەدەغە کراوە بەهۆی باوەڕ و نوسینەکانیەوە یەکێکە لەو ژنانەی لە لیستی تیرۆریستاندا لە ڕیزبەندی یەکەمدایە بۆ کوشتن ، بەڵام لە مردن و نەخۆشی و زیندان و کوشتن ناترسێت ئەو ژنەی لەگەڵ کاغەزێکی سپیدا لە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکاندا شۆڕشی بەرپا کرد "نەوال السعداو"یە.

نەوال، کە بەواتەی بەخشین دێت هەموو ژیانی بۆ ئازادی ژنان بەخشیوە هیچ کاتێک نایەوێت بە ناوی سعداوی باوکی بانگبکرێت بەڵکو دەیەوێت پێی بوتریت (نەوال زەینەب) ، ئەمەش وەك ڕێزێك بۆ قوربانی و ماندوبونەکانی دایک کە لە جیهاندا ژنان بەشخوراوترین بونەوەرن بەتایبەت دایکان ، نەوال لە کتیبی ( قضايا المرأة المصرية) دەڵێت " کاتێک فێری نوسینی ناوی خۆم بوم بەدوای ناوەکەمدا ناوی دایکم دەنوسی بەڵام ڕۆژێک باوکم هاتوو ناوەکەی دایکمی سڕیەوە ناوی سعداوی خستە پاڵ ناوەکەم لەو ڕۆژەوە ڕقم لە ناوی سعداویە چونکە بووە هۆی سڕینەی ناوی دایکم".

نەوال بەهۆی بیرو باوەڕەکانیەوە لە کۆمەڵگای عەرەبیدا بە ژنێکی بێباوەر(کافر) پێناسە دەکرێت نوسین و بابەتەکانی لە بەشێک لە ڕاگەیاندنەکانی جیهانی عەرەبی و کۆمەڵگای میسڕیدا قەدەغە کراوە کە دواینیان  (کچێکی بێ باوەڕ)ە لە ساڵی ٢٠١٦ دا بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەکانی میسڕدا ڕاگیرا، لەگەڵ ئەوەی نەوال هەرگیز خۆی وەك ژنێکی بێباوەڕ نەناساندووە بەڵام هەمیشە دژی بازرگانی کردن بە ئاین و ئەو کۆت و بەندانەیە کە پیاوانی ئاینی سەپاندویانەو مرۆڤ بە گشتی و ژنان بەتایبەتی بونەتە قوربانی دەستی ئەو کۆت و بەندانە ، نەوال دژی باڵاپۆشی و بە سیمبول کردنی ژنان وەک شەرەف دەوەستێتەوە لەبارەی شەرەفەوە دەڵێت " ئەگەر بونی چەند ئەندامێکی جەستەی ژن بەتایبەتی بونی پەردە لە کچاندا هێمای شەرەف بێت ئەی پیاوان بە بی پەردە لە دایك دەبن کەواتە بە بێ شەرەفی لە دایک دەبن " ئەمە یەکێکە لەو خاڵانەی کە نەوال زۆترین شۆری لەبارەیەوە بەرپا کردووە ئەم خالە بۆتە هۆی قوربانی هەزاران ژنی کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکان، لە کتێبی (مرآە و الجنس) باس لەو بارە بایلۆژیانەی جەستەی کچان دەکات تا پیاوان هۆشیار بن و ژنان نەکەن قوربانی ، یەکێکی دیکە لەو باسەنەی نەوال دژی دەوەستێتەوە باڵاپۆشی ژنانە ٢ لەو بارەیەوە دەڵێت " من دژی حیجابم لەبەر ئەوەی دژی ئەخلاقم ، نابێت ژنان خۆیان داپۆشن بەڵکو دەبێت پیاوان چاویان داپۆشن ناکریت پیاوان لە جێگای فەرمی و سەر شەقامەکاندا بە چاوی حەزەوە سەیری ژنان بکەن بەڵکو دەبێت چاوی ئەو پیاوانە دابخرێت، ژانانیش وەك پیاوان ئارەزویان هەیە کەواتە دەبیت پیاوانیش جەستەیان داپۆشن تا ژنان سەیریان نەکەن ".

یەکێکی دیکە لە و خاڵانەی نەوال کاری لەسەر کردووەو لە دژی وەستاوەتەوە خەتەنە کردنی کچان بووە، بەهۆی دواکەوتوی خێزانەکەیەوە نەوال لە تەمەنی ٦ ساڵیدا خەتەنە دەکرێت ئەمەش وا دەکات کە دژی ئەو کارە بوەستێتەوە نەوال لەبارەی خەتەنەکردنیەوە لە کتیبی ( قضایا مرآە المصریە) دەڵێت " باوکم پێی دەوتم خودا دروستکارێکی کامڵ و تەواوە سەرجەم کارەکانی ەواو و کامڵە لەش و لاری ئێمەی بە جوانترین شێوە دروست کردووە بەڵام لە شەوێکی تاریکدا ژنێك بە گوێزانەوا هات بۆ خەتەنە کردنم، ئەوکاتە تەمەنم شەش ساڵ بوو پارچەیەکەی لە ئەندامیکی لەشم بڕی و وتی ئەوە فەرمانی خودایە، نەم دەتوانی بپرسم چۆن خودا فەرمان بە بڕینی پارچەیەکی جەستە دەکات کەخۆی دروستی کردووە !!!!.".
لە کتێبی ( المرآە و الجنس) بە تەواوی دژی خەتەنەکردنی کچان دەوەستێتەوەو باس لە کاریگەریەکانی ئەو کارە نامرۆڤانەیە دەکات کە بەرامبەر کچان ئەنجام دەدرێت.

ژیانی نوسەر:
نەوال سعداوی، ژنە نوسەر وداکۆکیکاری بواری مافەکانی ژنان و پزیشکی نەخۆشیە دەرونیەکان لە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٣١ دا لە گوندی کەفەر تحلە، سەر بە پارێزگای القلیوبیە، لە دایك بووە دووەم منداڵی خێزانەکەی بووە ، نەوال لە خێزانێکی پارێزگار بە داب و نەریتە کۆمەڵایەتیەکانەوە لە دایك بووە لە لایەن خێزانەکەیەوە لە تەمەنی ٦ ساڵی خەتەنە کراوە .
لە ساڵی ١٩٥٥ بڕوانامەی بەکالوریوسی لە پزیشکیدا بەدەست هێناوە دواتر بۆتە پزیشکی نەخۆشیە دەرونیەکان، هەر لەهەمان ساڵدا لەگەڵ یەکێك لە هاوپیشەکانی بەناوی ئەحمەد حلمی، هاوسەرگیری ئەنجام دەدات بەڵام ماوەی هاوسەرگیریەکەی زۆر ناخایەنێت و دوای دوو ساڵ لە هاوسەرەکەی جیا دەبێتەوە .
لەماوەی کارکردنیدا وەك پزیشك هەستی بە کێشە جەستەی و دەرونیەکانی ژنان کردووە کە بونەتە هۆی کپکردنیان لە کۆمەڵگادا بەتایبەت ئەو نەخۆشیانەی ڕوبەڕوی ژنانی لادێ نشین دەبنەوە.
دوای کۆتایهاتنی هاوسەرگیری دووەمی لە ساڵی ١٩٦٤ دا لەگەڵ پزیشك و ڕۆمانوس شەریف حتاتە، ژیانی هاوسەری پێک هێناوە لەو هاوسەرگیریەدا بۆتە خاوەنی کچ و کوڕێک دوای ٤٣ پێکەوە بوون کۆتای بە هاوسەرگیری سێیەمی دەهێنێت.
لە ساڵی ١٩٧٣ بۆ ساڵی ١٩٧٦ نەوال گرنگی بە ڕوانگەی مافەکانی ژنان داوە لەگەڵ نەخۆشیە دەماریەکان لە کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی (عین الشمس)، لە ساڵی ١٩٧٩ بۆ ساڵی ١٩٨٠ بۆتە ڕاوێژکاری نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری ژنان لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

زیندانیکردن:
نەوال سەعداوی یەکێکە لەو کەسایەتیانەی کە لەلایەن حکومەتی میسڕەوە دوچاری زیندانی کردن و دەربەدەر کردن بۆتەوە لە ساڵی ١٩٨١ دا بەشدار دەبێت لە دەرکردنی ڕۆژنامەیەکی تایبەت بە ژنان بە ناوی (ڕوبەڕوبونەوە) ئەمەش دەبێتە هۆی دەستگیرکردنی لەلایەن حکومەتی ئەو کاتەی میسڕ بە سەرۆکایەتی ئەنوەر سادات، و ماوەیەك ژیان لە زینداندا بەسەر دەبات نەوال ڕۆژەکانی زیندان بە جوانترین ڕۆژەکانی ژیانی ناودەبات لەبارەی زیندانی کردنیەوە دەڵێت " ترس بەشێک بوو لە ژیانم کاتێک قەڵەم و نوسینم بەرز کردەوە ، بەلام ئێستا هیچ شتێك لە وتنی ڕاستی ترسناکتر نیە لە جیهانی درۆیا ".
نەوال کاتێک لە زینداندا دەبێت دەست بە نوسینی کتێبێکی بەناوبانگی دەکات بەناوی (بیرەوەریەکانی زیندانی ژنان) لە ساڵی ١٩٨٣ دا .
لە ١٢ی مارسی ٢٠٠٨دا دادگای میسڕ ڕەتی کردەوە ڕەگەزنامەی میسڕی لەنەوال سعداوی بسەنێتەوە کە لەلایەن پارێزەرێکی میسڕیەوە بەهۆی بیروباوەڕەکانیەوە داوای لە دژ بەرزکرابۆوە تا ڕەگەزنامەی میسڕی لێبسەندرێتەوە.

کارەکانی نوسەر:
نەوال خاوەنی دەیان کتێب و نوسینە کە وەرگێراونەتە سەر ٢٢ زمانی جیاواز خوێنەریان لە سەرتاسەری جیهاندا هەیە .
سەرەتای نوسینی نەوال دەگەڕێتەوە بۆ چیرۆکێکی کورت بە ناونیشانی ( فێری خۆشەویستی بووم ) لێرەوە سەرەتای درەوشانەوەی خامەی نەوال دەستی پێکرد ، دواتر لە ساڵی ١٩٥٨ دا یەکەمین ڕۆمانی بەناوی ( بیرەوەریەکانی دکتۆرەیەک ) ی بڵاوکردەوە کە ئەم ڕۆمانە زادەی ئەزمونی کاری نەوال بووە لەماوەی پیادەکردنی پیشەی پزیشکیدا .

یەکێکی دیکە لە ڕۆمانە ناوازەو بەناوبانگەکانی نوسەر بریتیە لە  (ئافرەتێک لە خاڵی سفردا) ئەم ڕۆمانە لە نێوان ساڵانی ١٩٧٧ تا ٢٠١٥ بە شەش زمانی جیاواز ٩٩ جار چاپکراوەتە لەسەرانسەری جیهاندا خوێنەری هەبووە، ڕۆمانەکە باس لە کچێک دەکات کە لەلایەن خێزانەکەیەوە پەراوێز دەخرێت ودواتر لە تەمەنێکی منداڵیدا هاوسەرگیری پێشوەختی پێئەنجام دەدرێت ئەم کارە دەبێتە هۆی ڕاکردنی لە خێزان و هاوسەری تا تێکەڵ بوون لەگەڵ گروپێکی لەشفرۆشیدا لەوێوە پاڵەوانی ڕۆمانەکە بەهۆی دروست بونی گریی دەرونی بەرامبر ئەو پیاوانەی ئازارای جەستەی و ڕۆحیان داوە دەبێتە کچێکی بکوژ و لە زینداندا چاوەڕێی مەرگ دەکات )، ئەم ڕۆمانە کاردانەوەیەکی گەورەی لە کۆمەڵگای عەرەبی و میسڕیدا دروست کرد بەوهۆیەوە لەلایەن حکومەتی میسڕەوە سزای زیندانیکردن بۆ نەوال دەردەکرێت.

تەواوی کتێب وڕۆمان و نوسینەکانی نەوال کاریگەری گەورەیان لەسەر هزری خوێنەر دروست کردوە شۆڕشێکی فکریان لە کۆمەڵگای عەرەبیدا دروست کردووە بەرهەمەکانی نوسەر بریتین لە ( بیرەوەریەکانی پزیشکێک، لاپەڕەکانی ژیانم، بیرەوەریەکانی زیندانی ژنان، سانۆنامەی شین، کێشەی ژنانی میسڕ لە سیاسەت و سێکسدا، شۆڕشێکی نوێ لە دۆسیەی ژندا،ڕۆمانی مردنی دواین پیاو لەسەر زەوی، کورتە چیرۆکی فێری خۆشەویستی بووم، دوانەی دەسەڵات و سێکس، گەشتەکانم بە جیهاندا، کورتە چیرۆكی ساتی ڕاستگۆی ، ڕۆمانی بەهەشت و شەیتان، ڕۆمانی وێنە دڕاوەکە، ڕۆمانی ئافرەتێک لە خاڵی سفردا، ڕۆمانی کەسێکی نادیار، ژن و دین و ئەخلاق، توێژینەوە دەربارەی ژن و پیاو، شکاندنی سنورەکان، شانۆنامەی فەرمانڕەوایەتی بە فەرمانی خودا، ڕۆمانی شکستی ئیمام، ڕۆمانی دوو ژن لە ژنێکدا، داو و چاوی ژیان، ژن و سێکس، ژن و ململانێی دەرونی، ڕۆمانی خۆشەویستی لە سەردەمی نەوت، ڕۆمانی زینە،...هتد).

خەڵاتەکانی:
نەوال سەعداوی بەهۆی بەپێزی و کاریگەری نوسین و کارەکانیەوە لە چەند وڵاتێکی جیهان خەڵات کراوە لەوانە:
خەڵاتی باکور و باشور لە ئەنجومەنی ئەوروپا ساڵی ٢٠٠٤.
وەرگرتنی خەڵاتی من لە کوێم لە وڵاتی بەلجیکا ساڵی ٢٠٠٥.
وەرگرتنی خەڵاتی ستیغ داغیرمان، لە سوید ساڵی ٢٠١١.
وەرگرتنی خەڵاتی ماکبراید بۆ ئاشتی لە سویسرا ساڵی ٢٠١٢.


خاك- ژیمان عبدالرحمن
س/Eanswers
کتێب و چاوپێکەوتنەکانی نوسەر




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved