24/6/2018 04:15 PM

عوسمان عەلی



هونەرمەندی ناسراوی کورد مامۆستا عوسمان عەلی، ساڵی 1944 لە گەڕەکی مەڵکەندی شاری سلێمانی لەدایکبووە، تاوەکو پۆلی پێنجەمی سەرەتایی خوێندووە، دواتر بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان چووەتە بەر کارکردن.ساڵی 1963 بەهۆی بارودۆخی سیاسی کوردستانەوە چووەتە ریزی شۆڕشەوەو بووە بە پێشمەرگە.

سەرەتای کاری هونەریی لە ساڵی 1965ەوە دەستپێکردووە و لە ساڵی 1969 بووە بە ئەندام لە کۆمەڵەی هونەرو وێژەی کوردی بەشی موزیکو گۆرانی، کە دواتر وەک یەکێک لە گۆرانیبێژە کاراکان رۆڵی خۆی دیوە لەو بوارەدا.ساڵی 1967 خێزانی پێکهێناوەو سێ کچ و کوڕێکی هەیە.

لە دوای هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی ئەیلول، لەگەڵ ئەندامانی تیپی مۆسیقای سلێمانیو تیپی مۆسیقای شۆڕش کاریانکردووە، دواتر لە ساڵی 1975ەوە لەگەڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی وەک ئەندامێکی چالاکو هەتا دوا چرکەکانی ژیانی بەردەوامبووە، بەڵام هاوکات هاوکاری بەرهەمەکانی: تیپی مۆسیقای مەولەوی، تیپی مۆسیقای شۆڕشو تیپی مۆسیقای نەورۆزیشی کردووە.

هەروەها لە زۆربەی بۆنە نیشتیمانییو کۆمەڵایەتییەکانو کۆنسێرتو فێستیڤاڵەکان دا لە عێراقو هەرێم دا بەشداریکردووە.هەمیشە ئەندامێکی چالاکو دیاری یەکێتی هونەرمەندانی کوردستان بووە.هونەرمەند لە ساڵی 1996ەوە بووە بە لێپرسراوی کارگەی جلوبەرگی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

لە شەوی 21/22 ی حوزەیرانی ساڵی 2005 دا و لە کاتی چڕینی مەقام دا دوا هەناسەی بەخشی بەجیهانی قەشەنگو فراوانی هونەری کوردی، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو هونەرەدا بۆ هەتا هەتایە لەیەکتری دانەبڕێن.خوالێخۆشبوو توانی لە مێژووی ئەو فەرهەنگەدا پاشماوەیەکی بایەخدار ببەخشێ بە ئەرشیفی موزیکی کوردیو کۆمەڵێک بەرهەمی نایاب تۆمار بکات.دوای مەرگی مامۆستا عوسمان عەلی، کەناڵی کوردسات ئەلبوومێکی گوڵبژێری لە گۆرانیو بەرهەمەکانی، بەهاوکاری بنەماڵەی هونەرمەند ئامادەو بڵاوکردەوە.
لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved