31/1/2019 03:21 PM

محەمەدی ماملێ

محەمەدی ماملێ كوڕی میرزا سەعیدی ماملێ"مام عەلی"لە ساڵی ١٩٢٥ له بنەماڵەیەكی پیشەكا‌ر، هونەرمەند و نیشتمانپەروەر لە گەڕەكی هەرمەنییانی شاری مهاباد لە دایكبووە.

 میرزا سەعیدی باوكی هەرچەند نەخوێندەوار بووە، بەڵام بە هۆی هونەری دەنگخۆشی و مەقامزانی و شیعرخوێنی"بەتایبەت وەفایی" لە كۆڕ و كۆزیلكەی عارفانەی خانەقای شەمزینان، ڕێزێكی زۆری لێگیراوە و لە گەڕەك و دەر و بازاڕ بە میرزا ناوی براوە هەروەك لە زۆر كەسی بەتەمەنی ناوچەی موكریان بیستراوە، سەعیدی ماملێ لە‌گەڵ هونەرمەند"سەیید عەلی ئەسغەری كوردستانی"١٨٨٢-١٩٣٧"، كە له ساڵی 1932دا هاتووەتە موكریان و لە باخی "میرزا شەریفی حاجی ڕەشید" بۆ خەڵكی مهاباد گۆرانی گوتووە، بەشدار بووە.

هەر‌چەند بنەماڵەی ماملێ بە تێكڕایی هونەرمەند و دەنگخۆش و گۆرانیبێژن، بەڵام محەمەدی ماملێ هونەرمەندێكی جیاوازتر دەركەوتووە بەبەراورد بە خێزانەكەی، كە لە دوای میرزا سەعیدی باوكی و هەروەها میرزا حوسێن"١٩١٥-١٩٥٢"ی برای، كە دەساڵێك لە خۆی گەورەتر بووه، توانی وەك بەرپرس و نوێنەری هونەریی ئەو بنەماڵەیە، بۆ ماوەی پەنجا ساڵ، مەقام و گۆرانی كوردی برەو و ڕەواج پێبدا.

حامیدی كاكیلی یەكێك لە نزیكترین دۆستانی محەمەدی ماملێ لەو بارەیەوە دەڵێ: "ناكرێ بڵێین بنەماڵەی ماملێ لە چ كاتێكەوە و لە كوێدا دەستیان پێكردووە".

ماملێ چ وەك كەسایەتی كۆمەڵایەتی و چ وەك كەسایەتی هونەری، هەم لە ڕژێمی پاشایەتی"ڕەزا خان ١٩٢٥-١٩٤١"و"حەمەڕەزا پەهلەوی١٩٤١-١٩٧٩"دا و هەم لە ڕژێمی ئیسلامی ئێران لەساڵی ١٩٧٩ دا، توانی بە شێوەیەكی گونجاو، نە تەنیا ئەو لەنگەره ڕابگرێ، بەڵكو وەك هونەرمەندێكی ئازادیخواز و گەلنەواز لە ساڵی ١٩٦٨ زیندانیش بكرێت. 

ماملێ لە بارودۆخێكی زۆر تایبەتیی كوردستاندا، وەك سیمبۆلی نواندنی بەشێك لە فەرهەنگی خۆڕاگری و سەرزیندوویی گەلی كورد، كە له زۆربەی گۆارانییەكانیدا ڕەنگی داوەتەوە.
ماملێ لەماوەی‌ ٥٦ ساڵی ژیانی‌ هونەرییدا نزیكەی ٣٢٨ گۆرانی‌ تۆمار كردووە.

ماملێ لە ساڵی‌ ١٩٩٤دا دوا گۆرانی‌ تۆمار كرد، لەو ساڵەوە تووشی‌ نەخۆشییەكی‌ سەخت بوو‌ و دوای‌ پێنج ساڵ لەبەرواری ١٩٩٩/١/٢٣ بەو نەخۆشییە كۆچی‌ دواییكرد

محەمەدی ماملێ، خۆی لە بارەی میرزا سەعیدی باوكیدا گوتوویە: «بابم نەخوێندەوار بوو و لە نێو بازاڕدا دوكانێكی چكۆڵەی خوری فرۆشتنی هەبوو. ئێمە شەش كوڕ و كچێك بووین.. بابم، هەربە گشتی تایفەی ئێمە تایفەی گۆرانیبێژانە. بابم زۆربەی ئەو گۆرانییانەی كە ئەمنیش دەیانڵێمەوه، بۆ خۆی دایناون و ئاهەنگی خستوونەسەر. نەیتوانیوه سازێك لێ بدا، بۆ ئەو مەبەستە سازژەنی خۆی هەبووە. ئەو لە هەموو گۆرانییەكی زیاتر حەزی لە گۆرانی ئایینی و دڵداری بوو.»
لەوانەیە كەسێك یان كەسانێك دەنگی هونەرمەندێكیان بە دڵ نەبێ، ئەوە شتێكی سروشتی یە و، ماملێش لەو دیاردەیە ئاوارتهە ناكرێ. بەڵام زۆر كەس لە سەر ئەو باوەڕەن كە ماملێ بێجگە لە كەسایەتی كۆمەڵایەتی و كوردایەتی خۆی، هونەرمەندێكی ڕەسەن و خاوەن قوتابخانەیە. هەر لە سەردەمی منداڵیمەوە لە زۆر كەسی بەتەمەنم دەبیست كە سەبارەت بە «ماملێ» دەیانگوت: (زۆر بە جێ و ڕێ گۆرانیان دەڵێ). ڕاستە، دەنگخۆشیی بەهرەیەكی خودادایی یە، بەڵام با بزانین چ شتگەلێك محەمەدی ماملێیان بەو پلەیە گەیاند و نێویان لە سەر چڵەپۆپەی هونەری مەقام و گۆرانی كوردیی نەخشاند.


لێكدانەوەی بەرهەمەكان
بەرهەمەكانی «ماملێ» لە سێ بەشی سەرەكی پێكهاتون:1- بەیت(گوڵێ، شیرن بەهارە و..)، 2-گۆرانی(قام، بەستە) و، 3- قەتار.
- سەرجەمی گۆرانییەكانی «ماملێ»، دەكرێ بە شێوەی خوارەوە دابەشكرێن:
گۆرانییە فۆلكلۆرییەكان: ئەو گۆرانییانە تەواو بە مڵك و گەنجینەی هونەری كوردەواری دادەندرێن كە «ماملێ» زۆربەیانی بە شێوازی خۆی گوتووەتەوە. شیاوی سەرنجە كە بەشێكی زۆر لەو ئاهەنگانە لەلایەن هونەرمەندانی دیكەشەوە گوتراونەوە، بۆنموونە: گۆرانیی«مرێم سابڵاغی ــ ماملێ» و «مرێم بۆكانی ــ زیرەك»؛ یان گۆرانی «بەرهەڵبێنە..» كە بێژگە لە ماملێ و زیرەك، لەلایەن «خەلیلی سەددیقی» و «مەزهەری خالەقی»یشەوە گوتراونەتەوە.
گۆرانییە هاوبەشەكان: ئەوانە ئەم جۆرە گۆرانییانەن كە هەوا و ڕیتم و مێلۆدییەكەیان لە ناو گەلانی دراوسێی وەك: فارس، ئازەری و تورك، هەرمەنی و عەڕەب و.. هاوبەشە و، بە دروستی نازاندرێ كێ لە كێی وەرگرتووە. دیارە بۆ ئەو بەشەش دەبێ بگوترێ كە گەلانی دراوسێی وەك فارس و ئازەری و تورك و عەڕەب، یان ئازەرییەكانی كۆماری ئازەربایجان كە خاوەنی دەوڵەت و دەسگای ڕەسمی(ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن) بوون، زووتر لە ئێمە توانیویانە بەشێكی زۆر لەو گۆرانییانە بە نێوی خۆیان ئاستە و تۆمار بكەن.
گۆرانییە خوازراوەكان: ئەم گۆرانییانە بەشێكن كە لە گەلانی دراوسێی فارس و ئازەری و ئیدیكە وەرگیراون، بۆ نموونە: گۆرانی «ڕەعنا» (فارسی) و «ئازەربایجان مەڕاڵی»(ئازەری). ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە كە «ماملێ» بەرگێكی وەها جوان و كوردانەی بە بەژنی ئەو گۆرانییانە بڕیوە كە ناسینەوە و هەڵاواردنیان لە ماكە ئەسڵییەكە كارێكی دژوارە.
گۆرانییە داهێنراوەكان: لە سەرجەمی ئەو گۆرانییانەی كە دە كتێبی (یادی بەخێر)18دا تۆمار كراون و نیزكەی 300تا 320 گۆرانی (بێژگە لە قەتارەكان) دەگرنەخۆ، بەشێكی هەرە زۆریان گۆرانی داهێندراو و داندراون، كە لە مانەش پشكێكی زۆروزەوەند وەبەر خودی «ماملێ» دەكەوێ و پشكێكی بەرچاویش كەسانی وەك خوالێخوشبووان: «سێمانی شاوەلە»، «حاجی هاشمی نانەوازادە»، «فەتاحی سیڵوێ ــ ئەمیر عەشایری» و «خەلیلی سەددیقی» دەگرێتەوە كە بە شێعر و ئاهەنگ و بەستە یارمەتیان داوە.
سەرچاوە:
- كۆچی دوایی هونەرمەندی ناوداری كورد: محەمەدی ماملێ، س.چ هێرش، گزینگ، ژ 22، 1999، ل8.
- سەیید عەلی ئەسغەری كوردستانی، محەمەد حەمەباقی، چاپی یەكەم 1988، ل122و123.
- جزمی سێهەم لە فەرهەنگی خاڵ، نوسراوی شێخ محمدی خاڵ، ل 64.
- كاروانی هونەری ماملێ..، نووسین و ئامادەكردنی: سمایلی ماملێ، بەرگی یەكەم، ل 62.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved