31/3/2019 03:29 PM

قازی محەممەد


قازی محەممەد، كوڕی قازی عەلی، لە بنەماڵەیەك كە ناوبانگی لە شاری مەھاباد بۆ چوار سەدە پێشتر دەگەڕێتەوە. ئەوان نە تەنیا لەلای خەڵك بەڵكوو لەلایەن دەسەڵاتداران و بەرپرسانی حكوومەتیش، جێگەی رێز و پێ‌زانین بوون. ھەر بە بنەماڵە زانا و ئازادیخواز و نیشتمانپەروەر بوون. لە شەڕی یەكەمی جیھانیدا پیاوی وەك میرزا فەتاحی قازییان لە بەرەنگاریی راستەوخۆ دەگەڵ ڕووسەكان لێ شەھید بوو، كوڕە لاوەكانیشی (سالار و محەممەد) بە دیل گیران و بۆ شوێنە دوورەكانی رووسیەی ئەو كات بەڕێ كران و تا شۆڕشی ئۆكتۆبر ھەر لە دیلی‌دا بوون.

قازی عەلی باوكی، لە ١٩٣٠ لە مەھاباد رێكخراوێكی كوردی بە ناوی بزووتنەوەی محەمەد پێك ھێنا. ناوبراو لەگەڵ جووڵانەوەی شێخ محەمەد خیابانی لە تەورێز پێوەندی ھەبوو، تا ساڵی ١٩٣٤یش كە كۆچی‌دوایی كرد لەسەر ئەو كارە بەردەوام بووە.

قازی عەلی، دوو كوڕی ھەبووە، یەكیان ئەبوالقاسم قازی (ناسراو بە سەدری قازی) بووە كە دوو دەورە لە لایەن خەڵكەوە كراوەتە نوێنەری پەڕلەمان و جێ‌بڕوا و كاریگەرێتی تایبەتی ھەبووە. دوای تەواوبوونی كاری پەڕلەمان لەسەر ڕاسپاردەی باوكی، بۆ ڕاپەڕاندنی كارە سیاسییەكان و یاری‌دانی خەڵك ھەر لە تاران مابۆوە.

قازی محەممەدیش كە ساڵی ١٨٩٣ی زایینی لەو بنەماڵە دا لەدایك بووە. قازی محەممەد لە منداڵی و لاوی دا زۆر خولیای زانست و فێر بوونی زمانە بیانیەكان بووە و جگە لە عەرەبی و فارسی، دەگەڵ زمانی فەرەنسی و ئینگلیزی و ئێسپێرانتۆ و تا ڕادەیەكیش ڕووسی ئاشنایەتی كردووە. قازی محەممەد زۆری حەز بە تێكەڵاوی دەگەڵ زانایانی زەمان، كەسایەتیە گەورەكان، كوردانی نیشتمانپەروەر و سەرۆك عەشیرەتەكان ھەبووە.

دەستپێكی فەرھەنگی
دوای كۆچی‌دوایی باوكی، بوو بە دادوەر(قازی) ی شار. لە بەر ئارەزووی خۆی بۆ كاری فەرھەنگی و بردنەسەرەوەی زانیاری خەڵك، لە ساڵەكانی بەر لە ١٩٤١ و دوای ئەوەش بەرپرسایەتی دایەرەی فەرھەنگ و ئەوقافی شاری مەھابادی بە ئەستۆوە گرتووە و خزمەتی بەرچاوی فەرھەنگی كردوە و لە كاتی بەرپرسایەتیی ئەودا، یەكەم قوتابخانەی كچان لە مەھاباد كراوەتەوە. ھەر لەبەر ئەوە دەگەڵ زۆرێ لە خوێندكاران، رۆشنبیران و مامۆستایان پەیوەندی نزیكی بووە.

لە چەند ساڵ ماوەی نابەسامانی دەوڵەتی ناوەندیی تاران، واتە لە ساڵانی١٩٤١ تا ١٩٤٥ كە كۆماری كوردستان پێك ھاتووە، بەڕێوبەرایەتی ئەو لە پێش‌بردنی كاروبارەكان‌دا و بە تایبەتی لە چارەسەریی كێشە عەشیرەی‌یەكاندا دەورێكی بەرچاو بووە. زۆر لە گرفتەكانی كاری ڕۆژانەی خەڵك لە دیوانی ئەودا كە مەحكەمەیان پێ‌دەوت، چارەسەر بووە.

قازی لە ڕوانگەی نوێنەرانی بیانی‌شەوە كە ئەوكات ئێرانیان لەنێو خۆیان دا دابەش كردبوو، ڕێزی تایبەتی ھەبووە. ھەر كەس چۆتە مەھاباد تێكۆشاوە بەر لە ھەموو كەس چاوی بە ئەو بكەوێ. بانگ كرانی بۆ سۆڤیەت ھەر لەم پەیوەندیەدا بووە، كە دەگەڵ وەفدێكی گەورە سەردانی باكۆیان كرد.

قازی محەممەد كە بوو بە ئەندامی كۆمەڵەی ژ. ك و ناوی نھێنی بینایی بۆ دانرا، ھیوایەكی زیاتری بۆ بەرپرسان و خەڵك پێك ھێنا. لە ئاكامی تێگەیشتنی بە وەخت و ئازایەتی سیاسی ئەو و بە قەناعەت گەیشتنی بەرپرسانی كۆمەڵەدا بوو كە ژ. ك بوو بە حیزبی دێموكراتی كوردستان و وەك حیزبێكی دێموكرات و پێشكەوتوو دەستی كرد بە تێكۆشان و خەباتی سیاسی. قازی لەبەر ڕێزی تایبەتی كە بۆ ژ. ك‌ی ھەبوو، بناغەی دامەزرانی حیزبی دێموكراتیشی ھەر بە ٢٥ی گەلاوێژ، ڕۆژی دامەزرانی ژ. ك دانا و ھەر بۆیەش سەرنجی زۆربەی نزیك بە تەواوی بەرپرسانی بۆ تێكۆشان لە نێو حیزبی دێموكراتی كوردستاندا ڕاكێشا. حیزب زۆر بە خێرایی پەل‌وپۆی سەند و تێكۆشانی لە ھەموو ناوچەی ئازادی كوردستان دا پەڕەی سەند. قەیرانی بە زۆر لكاندنی كوردستان بە ئازەربایجانەوە حەل كرد و مەجبووری كردن حیسابی جیاواز بۆ كوردستان بكەن. لە یەكەم كۆنگرەدا، لە ٢٢ی ژانویە ١٩٤٦ (٢ی رێبەندانی ١٣٢٤ی كۆچیی ھەتاوی) بە بەشداریی نوێنەرانی پارچەكانی دیكەی كوردستان و مەلا مستەفا بارزانی و سەرۆك عەشیرەت و نوێنەرانی ھەموو چین و توێژەكانی كوردستان پێكھاتنی یەكەم كۆماری كوردستان ڕاگەیێندرا.

لە ماوەی دەسەڵات‌داڕی كۆماری كوردستان ئەوەی پێویست بوو زۆر بە ڕاشكاوی بە شای ئێران و قەوام (سەرۆك وەزیرانی كاتی ئێران) ڕاگەیاندوە، قامكی لەسەر لاوازییەكانیان بەرانبەر بە گەلی كورد داناوە. بە ئاشكرا پێی گوتون، ئێوە لە قسەكانی خۆتان‌دا دوودڵن و ناتانەوێ مەسەلەی كوردستان چارەسەر بكەن.
ڕووخانی كۆمار
دوای وتووێژی زۆر، تاران و كۆماری كوردستان بە خاڵێكی ھاوبەش نەگەشتن و گرفتەكان چارەسەر نەكران. ھەر بۆیە بەشوێن ماوەیەك ھەڕەشە، و بە دوای وەر گرتنی ھێندێ بەڵێن بۆ یارمەتیدان لە ڕووخاندنی كۆماری مەھاباد لە لایەن بڕێك سەرۆك عەشیرەتەكان، تەنانەت چەن كەس لەوانەی دەگەڵ قازی سەفەری باكۆیان كردبوو، تاران لە پێش‌دا ھێرش دەكاتە تەورێز بۆ ڕووخاندنی كۆماری ئازەربایجان و پاشان ھێرش دەكاتە سەر كوردستان.

ئەرتەشی ئێران كە قورسترین ئامێری شەریان چەن تانكی كۆن و قۆڕازە بوو، ڕۆژی ٢٠ سەرماوەزی ساڵی ١٣٢٥ی ھەتاوی (١٩٤٦ی زایینی) گەیشتە دەرۆی شاری تەورێز و ڕۆژی ٢١بە ھەڵاتنی سەرۆكانی كۆمار بۆ سۆڤیەت كۆماری ئازەربایجان ڕووخا و ئەرتەش شاری تەورێزی داگیر كرد. دوای ئەوە ئەرتەش لەوێڕا بەرەو مەھاباد ڕێ كەوت. لەو ئەو ناوچانەی دیكە لە باشوری مەھاباددا كە خۆیان بە بەشی كۆمار دەزانی و دەسەڵاتی تارانیان بە حكوومەتی ناوەندی نادەزانی، واتە لە شارەكانی سنە، دیواندەرە، مەریوان ھەتا نزیكی سەقز، لە چەن مانگ پێش ئەوە، ھێزیان ئامادە كردبوو؛ بەڵام دوای تەورێز ئەرتەش ھێزی نوێی لە ڕێگای قەزوێن بۆ سەقز نارد كە لە ٢٠ی سەرماوەز گەیشتنە سەقز و لە ڕێگەی بۆكان بە یارمەتی ھێندێ لە كوردەكانی سەربە حكوومەتی شا، ڕێگەی مەھابادیان گرتە بەر. قازی وەك سەرۆك كۆمار دەستوور دەدات ھەتا دەكرێ لە شەڕ خۆ بپارێزن چون ماڵوێرانی پێوەیە. ئەگەرچی لە پێناوی وڵات ھەمووان تێدەكۆشن بەڵام بە ھۆی جووڵانەوەی سەرنجڕاكێشی ھێزەكانی سۆڤیەت، زۆر بە خێرایی، لە ماوەی چەن ڕۆژ كوردستان داگیر دەكرێ.. 

دادگایی كردنی قازی
٦ی ڕێبەندانی ھەمان ساڵ (١٣٢٥ھەتاوی- ١٩٤٧زایینی) لێژنەی تایبەت كە لە تارانەوە ھاتبوون بە سەرۆكایەتی سەرھەنگ ڕەزا دەگەنە مەھاباد و دادگا ڕێدەخەن. پرسیارەكانی دادگا ڕوون نەبوون. لە لایەن قازیەكانەوە (قازی محەممەد، سەدر قازی، سەیف قازی) ھەموو تاوانەكان ڕەد كرایەوە و داوای بەڵگەیان دەكرد. ئاشكرا بوو كە ئەو دادگا ھیچ بەڵگەیەكی بە دەستەوە نەبوو.
تاوانەكانی قازی ئەمانە بوون:
گۆڕین و دەستكاری كردنی نەخشەی وڵاتی ئێران
ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و داگیر كردنی بەشێك لە خاكی ئێران بە ناوی كوردستان
بازرگانی كردنی نەوت لەگەڵ سۆڤیەت بە بێ ئاگاداری و ڕەزامەندی دەوڵەتی ناوەندی
ساز كردنی نەخشەی كوردستانی گەورە بە لكاندنی كوردستانی ئێران، عێراق، توركیا و سووریا
دانانی ئاڵای جیاواز بۆ كوردستان بە نیشانی چەكوچ و داس بە شێوەی ئاڵای سۆڤیەت
لێدانی سكەی پووڵ بۆ كۆردستان بە وێنەی ڕووپیەی ڕووسی

پەتی سێدارە
لە بەرەبەیانی ١٠ی خاكەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی ھەتاوی(٣٠ی مارسی ١٩٤٧) پێشەوا قازی، حەمەحوسێن خانی سەیف قازی(ئامۆزای پێشەوا) و ئەبولقاسم سەدر قازی(برای پێشەوا) بە دوای حوكم دران لە دوو دادگای نایاسایی و فەرمایشیدا بەدەستی دوژمنانی گەلی كورد لە چوارچرای شاری مەھاباد، واتە ھەر لەو شوێنەی كە ٢ی رێبەندانی ١٣٢٤ھەتاوی (٢٢ مانگی ژانویە ١٩٤٦) كۆماری كوردستان لێی راگەیەندرابوو، لە سێدارە دران و شەھیدكران.


سەرچاوەكان
دەقی دادگایی كردنی پێشەوا قازی محەمەد و سەدر و سەیفی قازی / ئامادە كردنی بەدرەدین ساڵح / وەرگێڕاوی بەڵگەكانی نووسراوە سەروان كەیومەرس ساڵح / ھەولێر ٢٠٠١




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved