18/6/2019 04:01 PM

سافی هیرانی

 

ناوی تەواوی  (كاك مستەفای كوڕی كاك عەبدوڵڵای سانی) ناسراو بە سافی هیرانییە. سەرەتا بۆ فەقێیەتی لەلای مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای باوكی و قازی علی باوكی پێشەوا قازی محمد خوێندوویەتی. بۆ خوێندنی فەقێیەتی چووە بۆ زۆربەی ناوچەكانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان. سافی خۆی و بنەماڵەكەشی دیندار و خوداپەرست بوون. خاوەنی دیوانێكی گەورەیە و شیعری بە هەر چوار زمانی كوردی و عەڕەبی و توركی و فارسی هەیە. لەنێو شاعیراندا هونەرمەندانی كورد زۆرتر شیعرەكانی ئەویان كردووە بە گۆرانی. 
لە تەمەنی (30) ساڵیدابووە كاتێ‌ باوكی كۆچی دوایی كردووە, هەر لەو كاتەوە بووە بە جێ‌ نشین و بە (كاكە مستەفای هیدانی) ناوی دەركردووە, بەم شێوەیە خزاوەتە نێو قۆناغێكی نوێ‌ لە ژیانیدا بۆ تەواو كردنی زنجیرەی تەریقەی قادری.
شیعری ڕێك و لەباری هەبووە لەبارەی عیشق و دڵداری,هەر لە تەمەنی چواردە ساڵیدا دەستی بە شیعر هۆنینەوە كردووە, بەڵام لەگەڵ وەرگرتنی نازناوی (كاك) و دانیشتنی لە جێگای باوكی, عالەمی ماددی وەلاناوە بۆ عالەمی مەعنەوی و لە پاشان بووە بە مەرجعی مورید و دەروێشان و عاشقانی ڕێگەی خوا پەرستی.
لە بەراووردی (لاهووت) و (ناسووت) دا, پلە و پایەی بەرزی بەدەست هێناوە, هەر لە ڕێگای شیعرە پڕ عیشق و تەسەوفەكانیەوە, دەنگی (یاگەیلانی) گەیاندۆتە كۆڕی وەفادارانی ئەو ئەزموونە كە قوتابخانەیەكی تەسەوفی و شیعری تایبەت بووە,
(سافی) هەست ناسك, یەكێك بووە لە ڕێزی ئەو شاعیرە ناسراوانەی كە تەسەوف و ئەدەبیان بەیەكەوە كۆكردۆتەوە, لەسەر هەمان ڕێبازی (جەزیری) و(حەریق) و (مەحوی), عیشق و تەسەوف لای (سافی), بە جۆرێك بووە كە هەموو جەستەی پێكاوە.
سافی لە ساڵی 1873 لە هیرانی ناوچەی خۆشناوەتی لەدایك بووە و لە 12 ـی 02 ـی 1942 كۆچی دوایی كردووەو لە هیران لەو گۆڕەدا نێژرا كە بەدەستی خۆی هەڵی كەندبوو.

دڵ لەبەر دەردی فیراقی یارە مەیلی مەی ئەكا
گوێی لە دەنگی ساز و عوود و بەزمی نای و نەی ئەكا

سەردەمێ مەست و خومارە خادیمی مەیخانەیە
كاتێ تەزبیحی لە دەستە سۆفییە حەی حەی ئەكا

ڕۆژی وایە هەر بەكەیف و پێكەنین و خەندەیە
هەندێ جار مەجنوونە دایم گریە بۆ لەیلا ئەكا

قەت مەڵێن یار بێوەفایە وا بەناحەق دەیكوژێ
بیكوژێ یا نەیكوژێ «سافی» فیداكاری ئەكا
ئامادەكردنی: بەیاد مەریوانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved