4/8/2019 04:51 PM

پرۆفیسۆر كەمال خۆشناو،

پرۆفیسۆر كەمال خۆشناو،دڵسۆز وبوێر وخۆڕاگر
 

 پ.د.زاهیر لەتیف كەریم


گەرچی پێشتر،وەك مامۆستا ودامەزرێنەری زانكۆی سلێمانی،1968،وتێكۆشەرێك،ناو وناوبانگی كەمال خۆشناوم بیستبوو،بەڵام لەدوای ڕاپەڕینەوە كاتێك لەهەولێر وزانكۆی سەلاحەددین مامۆستا بووم،بۆ یەكەم جار ولەنزیكەوە برادەرایەتی وئاشنایەتیم لەگەڵ ئەم بەڕێزەدا دروست كرد.ماڵەكەی ،كەلەگوندی زانكۆ بوو،ببوو بەجێگەی دایەڵۆگ وئارگیومێنتە زانستی وفیكری وسیاسییەكان.وەك كەسێكی سروشتی لەخزمەت میوانەكانیدا بوو،تەنانەت گەلێك جار خۆی بەكاری خزمەتكردن وخزمەتگوزاری هەڵدەسا.ڕۆژێك پێم گوت"مامۆستا گیان تۆ،بەهەموو پێوەرێكی تەمەنی وزانستی وسیاسی وفیكرییەوە پێویستە دابنیشت وئێمە خزمەتی خۆمان بكەین".لەوەڵامدا گوتی"گەرچی من لەدایكبووی ئاغا وبەگەكان بووم،بەڵام ئەمڕۆ ئەو زەمەنی بەخۆزلزانین وگەورەزانینە بەسەر چووە وژیانی پێشمەرگایەتی،وەك كێڵگەیەكی ڕاهێنانی،فێری زۆر شتی كرووم لەوانە ڕێزگرتن لەچینە هەژار ومامناوەند ونووسەر وشاعیر وڕۆشنبیرانە".كاتێكیش وەك مامۆستا لەكۆلێژی پەروەردەی زانكۆی سەڵاحەددین، ودوای دابڕانێكی زۆری زانستی وئەكادیمی، بۆ جارێكی تر دامەزرایەوە،ژوورە بچووكەكەی كەبۆی تەرخان كرابوو،ببوو بەژووری كۆبونەوەكان.پۆلێك لەمامۆستایان ڕۆژانە یان هەفتەی دوو، تا سێ ڕۆژ لەو ژوورەدا یەكمان دەگرتەوە بەنموونەی بەندە ومامۆستایان حەمە نوری عارف وكاوس عەزیز ودارا جاف وئەحمەد حەمە ئەمین ودڵشاد عەبدولڕەحمان وڕۆستەم عیززەت...هتد.لەو سەردان وكۆبوونەوانەدا هەر زوو بۆم دەركەوت كەمامۆستا خۆشناو خاوەن كەسێتییەكی تایبەتی خۆیەتی وگەر ئاستی بەرامبەرەكان لەئاستێكی ڕۆشنبیری بەرزدا نەبوایە ئەوا بەئاسانی لەستراتیژیەت وبۆچوونەكانی نەدەگەیشتن.خاك ونیشتمان وزانست نزیكترین هاوڕێی بوون بەڵكو حەزەكانی لەم خاڵانەدا كۆكردبۆوە.هەمیشە لەخولیای ئەوەدا بوو كەچۆن بتوانێت سەركەوتن بۆ حەزەكانی بەدەست بهێنێت.بەچاكیش دەیزانی ئەو حەزانە بەخودی تاكی خۆی بەدەست نایەت.هەر لەبەر ئەمەش بوو كەحەزی بەهاوڕێیەتی ئێمە بوو،بەڵكو زۆریش نزیك دەبوەوە لەنموونەكانی وەك ئێمە.لەهەموو حاڵەتەكانیشدا دڵسۆزی بۆ حەزەكانی بەدەردەكەوتن وەك ئەوەی بەشێك بێت لەو حەزانە.جەنگی براكوژی زۆر كاری تێكرد وهیچ كات حەزی بەو جۆرە جەنگانە نەدەكرد چونكە دەیگوت" گوتاری كوردی بەجەنگی براكوژی بەرهەم نایەت ودروست نابێت".جەنگەكە زۆر شتی گۆڕی بەتایبەتی لەئاستێكی ئایدیاڵزمییەوە بۆ ئاستێكی ڕووخاوی تێكدەر.شیرازەی زانست وئەكادیمیا بەرەو هەرەس دەڕۆشت وململانێی لایەنگرانی هەر دوو حیزبی دەسەڵاتی نێو جەنگەكە هۆكار وفاكتەری سەرەكی ئەم تێكشاندنە بوو.ئەمە مۆتیڤێكی ووزەبەخش بوو بۆ مامۆستا خۆشناو تا بیربكاتەوە لەچارەسەرێكی گونجاو.لەماڵەكەی خۆی وبەئامادەبوونی چەند برادەرێكی ئەكادیمی بیر لەوە كرایەوە كەكۆمەڵەیەكی ئەكادیمیای كوردستانی دامەزرێنین.بیرۆكەكە دەگەڕایەوە بۆ مامۆستا خۆشناو،بەڵام داوای لەبەندە كرد كەسەردانی جەنابی كاك كۆسرەت بكات ،كەئەو كات سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان بوو،تا ڕەزامەندی فەرمی لەسەر بدات.لەسەردانەكەدا جەنابی كاك كۆسرەت بەخۆشحاڵییەوە ڕەزامەندی لەسەر دامەزراندنی كۆمەڵەكە دا.سەرەتا مامۆستا خۆشناو وئێمەش داوامان لەپرۆفیسۆر مارف خەزنەدار كرد كەئەركی سەرۆكی كۆمەڵەكە بگرێتە ئەستۆ تا ئەو كاتەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت.بەڵام مامۆستا خەزنەدار قایل نەبوو،لەئەنجامدا كارەكەمان ڕووبەڕوی مامۆستا خۆشناو خۆی كردەوە.ئەو ماوەیە تا دەگاتە نەهامەتییەكەی 31 ئاب كۆمەڵەكە بەهاوكاری وهامەهەنگی هەموو مامۆستایەك بەجیاوازی فیكر وئایدیا ڕۆڵێكی بەرچاوی بینی لەڕاگرتنی ئاستی كارگێڕیی وزانستی لەزانكۆكانی كوردستان بەگشتی وزانكۆی سەڵاحەددین بەتایبەتی.كۆمەڵەكە ڕۆڵی ناوەندگیری وڕەوینەوەی گرژییەكانی بینی بەتایبەتی لەنێوان ئەندامانی مامۆستایانی هەر دوو حیزبی ناكۆك.ئاڕاستەی بۆچوونەكان بەیارمەتی مامۆستا خۆشناو دەچوو بەڕێوە.ڕۆژانە وەك ئەركێكی نیشتمانی وزانستی سەرجەم ئەندامان بەتایبەتی ئەندامانی دامەزرێنەر لەجووڵەیەكی بَی وێنەدا بوون وبەبەردەوامی سەردانی سەركردایەتی هەر دوو حیزبی ناكۆكی دەكرد.جووڵێنەری كارەكە،جارێكی تر، دەگەڕایەوە بۆ مامۆستا خۆشناو بەوپێیەی خاوەن ئەزموونێكی سیاسی دوور ودرێژ بوو.لەهەمان كاتدا هاوڕێتی نزیكی لەگەڵ سەركردەكاندا هەبوو.لەكۆبوونەوەكاندا تەواو ڕێزی لەئامادەبووان وئەندامانی دامەزرێنەر دەگرت وبۆچوونی خۆی بەزۆرە ملێی نەدەچەسپاند بەسەر ئەوانی تردا.لەگەڵ گەورەدا گەورە بوو،لەگەڵ بچووكیشدا بچووك بوو.هەمیشە هانی ئێمەی دەدا كەكۆڵ نەدەین بەرامبەر بەبۆچوون وبڕیارە نالۆژیكەكان.دوای نەهامەتییەكەی 31 ئاب مامۆستا خۆشناو هات بۆ زانكۆی سلێمانی كەئەو كات بەندە ڕاگری كۆلێژی زمان بوو.مامۆستاش دوای ماوەیەكی كورت ئەركی ڕاگرایەتی كۆلێژی كشتوكاڵی گرتە ئەستۆ.ماوەی چەند ساڵێك پێكەوە وەك ڕاگر كارمان پێكەوە كرد.لەو ماوەیەدا نموونەی بوێری ودڵسۆزی بوو بۆ زانكو َ وزانست.ڕووبەڕوی چەندین بڕیاری كتوپڕی لادەرانەی دەسەڵات بوو.بۆچوونەكانی كاریگەری لەسەر بەشێك لەڕاگرەكان دروست كرد بەوەی كەپێویستە شەڕ بكەن لەپێناو بەرز ڕاگرتنی كەسێتی زانكۆ وزانست.بەبەردەوامی خۆی لەنێو گرژی وململانێكاندا دەبینییەوە.كەبوو بەسەرۆكی زانكۆی سلێمانیش بەهەمان ڕۆح وخولیاوە كاری دەكرد.لەبەردەم دەسەڵاتدا كەسێكی بوێر وخۆڕاگر بوو.شتە نامۆكانی بەزانست وئەكادیمیا پێ قبووڵ نەدەكرا.ڕۆژانە خۆی لەجەنگێكی سایكۆڵۆژی سەختدا دەبینییەوە.بەبەردەوامی چاودێری سروشت وپڕۆسەی خوێندنی دەكرد.لەدایەڵۆگەكاندا ڕاشكاوانە وبێ ترس مامەڵەی لەگەڵ بەرامبەرەكاندا دەكرد.هەر لەو زەمەنەدا ڕۆژێك بانگی بەندەی كردوو وگوتی باشتر وایە كەزانكۆ ڕێكخراوێكی خۆبەخشی دامەزرێنێت كەسوود وقازانجەكەی بگەڕێتەوە بۆ زانكۆ.ئەم جارەش داوای لەبەندە كرد كەبچێت بۆ لای جەنابی كاك كۆسرەت بەمەبەستی ڕەزامەند وەرگرتنی ئەو ڕێكخراوە.بەندەش بەكارەكەی هەڵسا وبەسوپاسەوە كاك كۆسرەتیش بەدەنگ داواكارییەكەمانەوە هات وبڕیاری فەرمی بۆ ڕێكخراوەكە دەركرد.لەماوەیەكی كەمدا ڕێكخراوەكە كەبەنێوی "كارۆ"وە بوو چەند كارێكی ئەنجام داو لەئەنجامیشدا خزمەتێكی باشی زانكۆی كرد.مامۆستا خۆشناو كەوەك سەرۆك كاری دەكرد نموونەی دەست پاكی ودڵسۆزی بوو.هیچ شتێكی بەبێ ئەندامانی ڕێكخراوەكە ئەنجام نەدەدا كەبەندە یەكێك بوو لەوانە.گەرچی لەدوا ساتەكانی ژیانیدا وبەهۆی گواستنەوەی چەند هەواڵێكی نادروست لەلایەن كەسە خۆپەرستەكانەوە پەیوەندی نێوانمان بەرەو گرژی ڕۆیشت بەڵام لەنەخۆشییە كوشندەكەیدا،كەبەرەو ئەمریكا ڕۆیشت بەمەبەستی چارەسەر، چەند جارێك لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیم پێوە دەكرد ولەهەواڵی تەندروستیم دەپرسی.لەبەرامبەردا زۆر دۆستانە و لەجاران زیاتر خۆشەویستی خۆی بۆ من وخێزانەكەم دەردەبڕی.بەداخەوە،مەرگ ڕێگەی نەدا جارێكی تر پێكەوە كار بكەین بەڵام بۆچوون ویادەوەرییەكانی بۆ من گەورەترین ئەزموونە وهەمیشە لەهزر وهۆشمدا پارێزراوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved