31/1/2018 11:09 AM

هاووڵاتیانی سلێمانی ئاگادارده‌كرێنه‌وه‌

یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان رایگەیاند كه لەچەند رۆژی داهاتوودا بە چاودێری لایەنە پەیوەندیدارەكان سایلۆی سلێمانی دەتەقێنرێتەوەو پێویستە خەڵكی شاری سلێمانی ئاگاداربن، بەتایبەت دانیشتوانی گەڕەكی شەكرەكەو دەوروبەری.

یاسین مەحمود وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆى لە فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە: لەچەند رۆژی داهاتوودا لەلایەن گەورە كۆمپانیایەكی جیهانیەوە بە چاودێری پارێزگارو دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەت سایلۆی سلێمانی دەتەقێنرێتەوە، لە بەرامبەریشدا سایلۆیەكی تازە بەپێی كوالێتی باش و ستانداردی جیهانی لە شارەزوور دروستكراوە.

وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان دەشڵێت: ئەوەندەی لە یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستانەوە ئاگادارین، هەموو ئامادەكارییەك كراوە تا ئەم پڕۆسەی تەقاندنەوەیە بچوكترین زیان بەدوای خۆیدا بهێنێت، تەنانەت بەجۆرێك ئەمكارە ئەنجام دەدرێت گەورەترین كۆمپانیای ئەمریكا چاودێری پڕۆسەكە دەكات، ئەمكارە بەهەمان پێوەری پڕۆژە هاوشێوەكانی جیهان ئەنجامدەدرێت بڕیارە چەندین وەبەرهێنەرو كەسایەتی حوكمی و ناحكومی ئامادەی كاتی تەقاندنەوەكە ببن.

بەوتەی مەلا یاسین، لە هوتێل گراند میلینیۆم رێوڕەسمێك بۆ ئەم بابەتە ئەنجامدەدرێت كە بەشێوازی لایڤ لەوێوە سەیری ئەنجامدانی كارەكە دەكرێت.

ئەوەشی خستۆتەڕوو كە دەزگاكانی راگەیاندن ئەم پڕۆسەیە راستەوخۆ دەگوازنەوە، چونكە لە كەم شوێنی جیهان تەقینەوەی وا گەورە لەناو سەنتەری شارەكاندا ئەنجامدەدرێت و كۆنترۆڵكراوەو زەرەرو زیانی بۆ كەس نابێت.

وتەبێژەكەی یەكێتی وەبەرهێنەران، باسی لەوەش كردووە كە لەشوێنی سایلۆی سلێمانی پڕۆژەیەكی وەبەرهێنانی بازرگانی و گەشتیاری و نیشتەجێبوون لەژێر ناوی (داون تاون) بە بەرزترین كوالتی ئەنجام دەدرێت و سەدان هەلی كار بۆ شاری سلێمانی دەستەبەر دەكات و بە ئەنجامدانیشی ئەم پڕۆژەیە هاوكێشەی وەبەرهێنانی سلێمانی گۆڕانكاری بەسەردا دێت.

خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved