8/7/2021 02:36 PM

سێهەم دەوڵەمەندی جیهان لە خانوویەکی 35 مەتریدا دەژیت!

ئیلان ماسک، کە لە ریزبەندیی دەوڵەمەندانی جیهاندا لە پلەی سێهەمدا جێگیر بووە، لە خانوویەکی بچووکی 35 مەتریدا دەژیت و نرخەکەی 50 هەزار دۆلارە، واتە کەمتر لە نرخی ئۆتۆمبێلی زنجیرەی Sـی کۆمپانیای تێسلا کە خۆی خاوەنیەتی.
ماسک لە یەک ساڵی رابردوودا زۆرینەی زەوی و مڵکەکانی فرۆشتووە و خەریکی خۆ ئامادەکردنە بۆ گەشتی هەسارەی مەریخ. سێهەم دەوڵەمەندی جیهان کە ئێستا لە خانوویەکی 35 مەتریدا دەژیت کە بەرهەمی کۆمپانیای Boxablـە، لە لێدوانەکانی خۆیدا هیچ ئاماژەیەکی بە ناوی ئەم کۆمپانیایە نەکردووە، بەڵام هەندێک کەس دەڵێن ئەم کارەی ئیلان ماسک هۆکاری بازرگانی لەپشتە.


ئەم خانووە ئەگەرچی زۆر بچووکە بەڵام زۆر رێکوپێک دروست کراوە و دەکرێ لە شوێنێکەوە بیگوازیتەوە بۆ شوێنێکی دیکە. کۆمپانیای Boxabl پشتڕاستی نەکردووەتەوە کە خانووەکەی ئیلان ماسک بەرهەمی ئەم کۆمپانیایەیە بەڵام لە مانگی نۆبەمبەردا رایگەیاندبوو کە خانوویەکی بۆ مشتەرییەکی بەناوبانگ و نهێنی لە «بوکا چیکا» -کە شوێنی نیشتەجێ‌بوونی ئێستای ماسکە- دروست کردووە.


ماسک دوایین خانووەکی کە کۆشکێکە لە کالیفۆرنیا، لە مانگی ژوەندا بە نرخی 37/5 ملیۆن دۆلار فرۆشت. ئەم کۆشکە شوێنی بەڕێوەچوونی ئاهەنگ و مەراسیمی کەسانی بەناوبانگ و دەوڵەمەندی ئەمریکا بوو و خۆی لەم بارەوە لە تویتێکدا دەڵێ: «شوێنێکی تایبەتە».
ماسک لە گفتوگۆیەکدا دەڵێ: «بە بۆنەی سامان و داراییەکانمەوە بەردەوام هێرش دەکرایە سەرم. ئێستا من هیچم نییە و چاوەڕێم بزانم دژکردەوەی خەڵک چی دەبێت».

 

سەرچاوە: dailymail

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved