لە ڕابردودا جەنگ و هۆکارە ئابوریەکان دەوری گەورەیان لەسەر ژیان و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لە جیهاندا هەبووە ، بەڵام لە ئێستادا گۆڕانی کەش و هەوا کاریگەری گرنگتری لەسەر ژیان و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس هەیە. بە پێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی (Mashable)ی ئەمریکی پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٥٠ ،١٤٠ میلیۆن کەس بەهۆی کەم بوونی ڕێژەی ئاو، نەمانی دانەوێڵە، بەرزبونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان و زریان ئاوارە ببن و ناوچەکانی خۆیان بەجێبهێڵن. ڕاپۆرتەکە بە ناونیشانی( لافاو: ئامادەکاری بۆ کۆچی ئاوهەوای ناوخۆیی) ئاماژە بەوەدەکات گۆڕانی کەش و هەوا کاریگەری لەسەر ناوچەکانی (هەرێمی باشوری بیابانی گەورەی ئەفریقا، باشوری ئاسیا و ئەمریکای لاتین) دەبێت کە لە ٥٥%ی دانیشتوانی زەوی پێكدەهێنن. ڕاپۆرتەکە هۆشداری دەدات لە گرتنە بەری ڕێوشوێن لەلایەن حکومەتەکانی ئەو ناوچانەوە. لەو بارەیەوە کوماری ریغو، یەکێك لە ئەندامانی دەستەی ئامادەکاری ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەدەکات : کۆچی دانیشتوانی ئەو ناوچانە کەبەشێکیان ناوچەی هەژارنشینن بۆ شارەکان یەکێکە لەگەورەترین مەترسیەکان کە پێویستە کاری لەسەر بکرێت. گەرمترین ناوچەکان لە ڕاپۆرتەکەدا سێ ناوچە دەستنیشانکراوە کە بەهۆی گۆڕانی کەش و هەواوە دەبنە گەرمترین ناوچەو کۆچی دانیشتوانی دەیگرێتەوە ئەوانیش(بەنگلادیش، ئەسیوپیا و مەکسیك)ە باس لەوەش دەکرێت دانیشتوانی ئەسیوپیا بەهۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرما ڕوو لە ناوچەکانی باکوری وڵاتەکە دەکەن، دانیشتوانی (ئەدیس ئاباد) پایتەختی وڵاتەکە بەهۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاوی خواردنەوە ئاوارە ببن. بەنگلادیشیەکانیش بەهۆی زریان و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما ڕوو لە شاری (دەکا)ی پایتەختی وڵاتەکە دەکەن. خاك- ژیمان
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure