26/6/2018 09:20 AM

یەکەمین کۆنفرانسی پێداچونەوەی هاوەڵانە لە کوردستان دەستپێکرد

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: یەکێک لە سەرچاوەو بنەما سەرەکییەکانى دەوڵەت کۆکردنەوەو بەردەستکردنى داتایە، ئەوکارەى ئێمە هەوڵێکە بۆ کۆکردنەوەى داتا لە کوردستان، چونکە تائێستا دامەزراوەیەکى تایبەت بە کۆکردنەوەى داتا نیە بۆ ئەوەى لە توێژینەوەى زانستى بەکاربهێنرێت، ئەوکارەى ئێمەش جگەلەوەى کارێکى زانستییە لەهەمانکاتدا ئەرکێکى نیشتیمانییە.

ئەم ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لەمیانى یەکەمین کۆنفرانسى پێداچوونەوەى هاوەڵانە بۆ بەخشینى یەکەمین گرانتى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى کوردستان هات، کە ئەمڕۆ 25-6-2018 بە ئامادەبوونى ئەندامانى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى و ژمارەیەک لە پسپۆڕان لە هۆڵى هۆتێل دیدەمان لە شارى هەولێر بەڕێوەچوو.

لەمیانى پێشکەشکردنى وتەیەکیشدا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى وتى: سەربەرزم ئەمڕۆ لە یەکەمین کۆنفرانسى پێداچوونەوەى هاوەڵانە بۆ بەخشینى یەکەمین گرانتى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى کوردستان بەشدارم.

وتیشى: ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى یەکەمین دەزگاى نیشتمانى تایبەتمەندە بە پشتیوانيکردنى توێژینەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان، کاردەکات بۆ دەستەبەرکردنى پشتیوانى دارایی و گەشەپێدان و کاراکردنى چالاکى توێژینەوەى زانستى لەبوارى پسپۆڕى جیادا لەبەر ڕۆشنایى پێداویستییە زانستى، تەکنەلۆجى، ئابورى، سیاسى، کۆمەڵایەتییەکانى هەرێمى کوردستان و بەکارهێنانى بەرهەمەکانى توێژینەوەى زانستى بۆ چارەسەرکردنى پرسەکانى هەرێمى کوردستان.

د.یوسف وتیشى: ئەمکارە دەمێکە خەونى ئێمەو ئێوەیە کە لەبوارى توێژینەوەى زانستى کاردەکەن و دەیان ساڵە لە گۆڤارو شوێنە جیاکان توێژینەوە ئەنجامدەدەن، دواى ئەو گۆڕانکاریانەى کە لە کوردستان و دونیا ڕوویداوە ڕۆڵى توێژینەوە زیاتر دەردەکەوێت، بازاڕیش کوردستانیش وەک هەموو بازاڕەکانى دونیا توێژینەوەى زانستى ڕۆڵى خۆى بگێڕێت.

ڕوونیشیکردەوە، وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لەڕووى فەرمیەوە بەرپرسین لەوە، بۆیە ئێمە هەوڵمانداوە فەندێکى بەردەوام هەبێت، چونکە تائێستا لە عيراق و هەرێمى کوردستان ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى نیە، ئێمە بۆ ئەوە کارمان کردووەو ئەنجومەنێکمان دروستکردووە.

ئاشکراشیکرد، ئەم ئەنجومەنە کاردەکات بۆ دەستەبەرکردنى گرانتى ساڵانەى تایبەت بە توێژینەوەى زانستى و بەخشینى بەپڕۆپۆزەڵى ئەو توێژینەوانەى کە لەپێشینەی بەرژەوەندی نیشتمانى هەرێمى کوردستان.

هەر لە وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ئاشکرایکرد: ئەمساڵ توانیمان لەسەر بودجەى وەزارەت و بە هاوکارى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بڕى 250 ملیۆن دینار تەرخانبکەین وەک یەکەمین گرانتى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى بۆ ئەوەى ببەخشرێنە ئەو توێژینەوانەى کە لەڕوى زانستییەوە نایابن و دەچنە خزمەتى چارەسەرکردنى پرسە نیشتمانیەکانەوە.

وتیشى: ئەمە سەرەتاى ڕێگەکەمانە، بەڵێنتان پێدەدەم ئەمکارەمان نەک ساڵانە، بەڵکو شەش مانگ جارێک ئەنجامبدرێت و بڕى پارەیەکى زیاتریشى بۆ تەرخانبکرێت، بۆ ئەوەش وتى: کاردەکەین بۆ ئەوەى فەندى دووەم لە سەرەتاى ساڵى نوێ ڕابگەێنین.

لە چوارچێوەی هەوڵەکانیش بۆ بایەخدانى زیاتر بە توێژینەوەى زانستى، وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ئەوەى ڕاگەیاند: هیوامان وایە لە ساڵانى ئایندەدا پەڕلەمانى کوردستان لە داڕشتنى یاساى بودجەى هەرێمى کوردستان بودجەى توێژینەوەى زانستى دیارىبکات و لەڕێگەى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى بۆ پەرەپێدانى توێژینەوەى زانستی سوودى لێوەربگیرێت.

لە کۆتایی وتەکەشیدا وەزیرى خوێندى باڵاو توێژینەوەى زانستى وتى: ئێمە سوپاسى ئەرک و ماندووبونتان ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى دەکەم، دڵنیاین لەبەر ڕۆشنایی پێوەرە زانستییەکان و بە لەبەرچاوگرتنى بنەماکانى هەلى یەکسان و دادپەروەرى کۆمەڵایەتى بڕیارى زانستى دەدەن.

وتیشى: وەزارەتەکمان پابەند دەبێت بە هەموو ئەو بڕیارانەى کە لەم کۆنفرانسە دەدرێت و ئێوە بڕیار لەسەر بەخشینى یەکەمین گرانتى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى کوردستان دەدەن.

هەر لەمیانى یەکەمین کۆنفرانسى پێداچونەوەى هاوەڵانە بۆ بەخشینى یەکەمین گرانتى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى کوردستان، د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: 80 پڕۆپۆزەڵ پێشکەشکراون و قۆناغى شۆرت لیست بۆ پڕۆپۆزەڵەکان کراوەو بەشێکیان ماونەتەوە، ئەمرۆ لەمیانەى ئەوەى کۆنفرانسەدا کار بۆ دیاريکردنى باشترین پڕۆپۆزۆلە شایستەکان دەدەین، جگەلەوەش 22 پڕۆپۆزەڵى دیکە کە تایبەتە بە هەڵسەنگاندن و تێڕوانینەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا هاتوون و ڕیفۆرمى پەروەردە پێشکەشکراون، ئەوانیش شۆرتلیستکراون و باشترینەکانى ئەمڕۆ دیاريدەکرێت.

د.ئامانج سەعید ئەوەشى ئاشکراکرد کە بە سیستمى خاڵبەندى بڕیار لەسەر پڕۆپۆزەڵەکان دەدرێن.


خاك - بەڕێوەبەرایەتى ڕاگەیاندنى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى








زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved