28/6/2018 09:12 AM

هەولێر.. ڕێز له 167 پڕۆفیسۆر دەگيرێت

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ئەو هەموو گەمارۆ سیاسى و ئابورى و دەرونیەى کە کرایە سەرمان چ لە سەرەتاى ساڵى نەوەدەکان و چ ئێستا نەیانتوانى ببنە هۆکارى ئەوەى گەمارۆى زانستیمان بخرێتەسەر، ئەوەى کە نەشیهێشت گەمارۆى زانستی بخرێتەسەر هەرێمەکەمان و گەنجان و قوتابیان و خوێندکارانمانن ئێوە بوون، بۆیە ئەتوانین بڵێین ئێوە سەرمەشقى ئەو قافڵەیە بوون کە نەتانهێشت پڕۆسەى خوێندن و لاوازکردنى کوردستان لەڕووى زانستییەوە سەربگرێت.

ئەو وتانەى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لەمیانى مەراسیمى ڕێزلێنان بۆ هەڵگرانى پلەى زانستى پڕۆفیسۆر کە لە ئێستادا لە زانکۆکانى سنورى پارێزگاى هەولێر خزمەت دەکەن هات، کە ئەمڕۆ 27-6-2018 لە هۆڵى سێنتەرى ڕۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى زانکۆى سەڵاحەدین بە ئامادەبوونى و چاودێرى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى و سەرۆک زانکۆو نوێنەرى سەرۆک زانکۆکان یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆو ڕاگرى کۆلێژەکان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت بەڕێوەچوو.

لەمیانى پێشکەشکردنى وتارێکیدا د.یوسف گۆران وتى: پێخۆشحاڵم ئەمڕۆ جارێکى دیکە لە بۆنەیەکى تایبەت و ڕێزلێنان لە ئێوەى قەدرگران لەگەڵتاندابم، پێموایە کەمترین شت کە ئێمە بتوانین لەگەڵ ئێوەى بەڕێزدا کە دەیان ساڵى تەمەنى خۆتان بۆ خزمەتکردنى زانست و قوتابیان و خوێندکارانى ئەم وڵاتە تەرخانکرد کەوا ئێمە ئەمڕۆ بێین ساتێکى خۆمان بۆ ئێوە تەرخانبکەین و ئەو دیدارەتان بۆ ڕێکبخەین.

هەر لە وتەکەیدا د.یوسف گۆران ڕاشیگەیاند: ئەوەى کە ئەمرۆ دەیکەین تەنها شتێکى سیمبولیە، تەقدیرو وەفاى ئێوە بەهیچ شێوەیەک و بەهیچ موناسەبەک ناکرێت، وتیشى: ئێمە ئەزانین لە چ دۆخێکدا مامۆستایان هاتن و ئەرکى زانستى و کارگێڕى خۆیان جێبەجێکرد، ڕوونیشيکردەوە کە لە سەرەتاى پرۆسەى خوێندن لە کوردستان 157 مامۆستامان هەبووە لە یەک زانکۆ، بەڵام ئێستا نزیکەى 170 پڕۆفیسۆر ڕێزلێنانیان بۆ دەکرێت، ئەمە خۆى لەخۆیدا ئەوە پیشاندەدات کە کوردستان چ گەشەیەکى کردووە.

لە بەشیکى دیکەى قسەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى وتى: چۆن لە ڕابردودا نەیانتوانى ڕەوتى زانستى ئێمە ڕابگرن، لە قۆناخى نوێشدا نەیانتوانى بەو هەموو گەمارۆ سیاسى و ئابورى و دەرونیەى کردیانە سەرمان چۆکمان پێ دادەن، ڕاشیگەیاند: ئەوەى کە نەیهێشت گەمارۆى زانستی بخرێتەسەر هەرێمەکەمان و گەنجان و قوتابیان و خوێندکارانمان ئێوە بوون، بۆیە ئەتوانین بڵێین ئێوە سەرمەشقى ئەو قافڵەیە بوون کە نەتانهێشت پڕۆسەى خوێندن و لاوازکردنى کوردستان لەڕووى زانستییەوە سەربگرێت.

هەر لە وتارەکەیدا د.یوسف گۆران وتى: ئێمە سوپاستان ئەکەین و دەستى ماندوبونتان ئەگوشین و پێمانوایە کارى ئێوە تەواونابێت و ئێمە لە چەندین بۆنەى جیاوازدا بەردەوام لە کۆنفرانسەکان و ئەو ئەنجومەنە تازانە کە دروستمان کردوون بۆ توێژینەوە لە رانکینگەکاندا لە هەموو بۆنەکاندا لە گۆڤارانەى کە دەردەچێت ئێوە دەستى باڵاتان هەیە، ئەوەشى ئاشکراکرد: بۆیە ئێمە پێمانوایە ئەگەر ئێمە خاوەنى مامۆستاى وەکو ئێوەو پڕۆفیسۆرو زانکۆى باش بین هیچ دوژمنێک ناتوانێت زەفەرمان پێببات، چونکە سەرەتاى دروستکردن و ڕوخاندنى وڵات لە خوێندن دەستپێدەکات، سەرەتاى خوێندنى باش لەبوونى مامۆستاى باش و دڵسۆزو نیشتمانپەروەر دەستپێدەکات.

لە کۆتایى وتارەکەشیدا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بە پڕۆفیسۆرانى ئامادەبووى مەراسیمەکەى ڕایگەیاند: سوپاستان دەکەین ئێوە ئەو شەرەفەتاندا کە ئێمە ئەمڕۆ بتوانین بۆ کەمێکیش ئەو قەرزە بدەینەوەو لەسەرشانمانەو هەستى پێدەکەین، سوپاسى سەرۆکایەتى زانکۆى سەڵاحەدین و لیژنەى ئامادەکارى ڕێزلێنانەکە لە وەزارەت دەکەین.

هەر لەو مەراسیمەدا د.ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەڕحەدین لەوتەیەکدا ڕایگەیاند: ئەمرۆ رۆژێکى پیرۆزو خۆشە لاى ئێمە کە وەزارەتى خوێندنى باڵا بڕیارى ئەوەى داوە لە خزمەتى ئێوەدا بێت و ڕێزلێنان و خەڵات بۆ ئێوە ئەنجامدا، هەرچى بکرێت بۆ ئێوە هەر کەمە چونکە ئێوە زیاتر لە ٣٠ ساڵى تەمەنى خۆتان بەخشیوە بە زانست. وتیشى: لەپاش راپەرینەوە تەنها یەک زانکۆمان هەبوو لەگەڵ ١٥٧ مامۆستا، بەڵام ئێستا زیاتر لە ٣٠ زانکۆى حکومى و تایبەت و زیاتر لە هەشت هەزار مامۆستامان هەیەو زیاتر لە 130 پرۆفیسۆرمان تەنها لە زانکۆى سەڵاحەدین هەیە.

هەر لە مەراسیمەکەدا پ.د.ئازاد فەیزوڵڵا بە نوێنەرایەتى پڕۆفیسۆرانى زانکۆکانى سنورى پارێزگاى هەولێر وتارێکى پێشکەشکردو بەناوى ئامادبووانەوە دواى ئەوەى سوپاس و پێزانینى ئاراستەى وەزارەت كرد بۆ ئەو ڕێزلێنانە وتى: ئەم بۆنەیە هاندەرێکى مەعنەوى گرنگە بۆ ئێمە، ئەوەشى ڕاگەیاند ئەو مامۆستایانەى کە ئەمڕۆ ڕیزلێنان و خەڵاتەیان پێشکەشکرد، کە جێگايان لە پڕۆسەى زانست و فێرکردندا دیارە، چونکە ئێوە لە دژوارترین ساتەکانى ئەو میللەتە کۆڵتانن نەدا، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: ئەمە هاندەرە بۆ بەردەوامى.

هەر لە مەراسیمى ڕێزلێنان بۆ هەڵگرانى پلەى زانستى پڕۆفیسۆر کە لە ئێستادا لە زانکۆکانى سنورى پارێزگاى هەولێر خزمەت دەکەن و ژمارەکەیان 167 پرۆفیسۆر بوو، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى خەڵات و ڕێزلێنان و سوپاس و پێزانینى وەزارەتى لە بەرامبەر ئەو خزمەتى چەند ساڵەى ڕابردوو کە پێشکەشى پڕۆسەى خوێندن و بەرەوپێشبردنى زانست لە کوردستان بردو، پێشکەشکردن.


خاك - بەڕێوەبەرایەتى ڕاگەیاندنى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved