30/8/2018 08:49 AM

لە زانكۆ پۆلی تەكنیكییەكان ریفۆرمی خوێندن دەستپێدەكات

وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: ململانێی هەرە گەورەی سەدەی بیست و یەك بریتی دەبێت لە شەڕی دەستەبەركردنی دەرفەتی كار، ئێمەش وەك دامودەزگاكانی خوێندنی باڵا لە بەردەم ئەرك و ئۆباڵی مێژوویدا دەبین، خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین بەرامبەر نەوەكانمان.

ئەم وتانەی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەمیانەی مەراسیمی راگەیاندنی (ریفۆرمی خوێندنی تەكنیكی لە زانكۆ پۆلی تەكنیكییەكانی كوردستان) هات، كە 29-8-2018 بە ئامادەبوونی د.عومەرو عزت سەلامە ئەمینداری گشتی یەكێتی زانكۆكانی عەرەب و وەفدی هاوڕێی و راوێژكارانی وەزارەت و بەڕێوەبەرانی گشتی و سەرۆكی زانكۆ حكومی و تایبەتییەكانی كوردستان لە هۆڵی هۆتێل رۆتانا لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

لە دەستپێكی وتەكەیدا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە وتەكەیدا رایگەیاند: ئەمڕۆ بەرهەمی پڕۆژەیەكی زیندووی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە زانكۆ پۆلیتەكنیكیەكانی هەرێمی كوردستان دەچنینەوە، ئەم ڕێوڕەسمەمان تایبەتە بە راگەیاندنی ریفۆرمی خوێندنی تەكنیكی لە هەرێمەكەمان.

د.یوسف گۆران وتیشی: خوێندنی پیشەیی و تەكنیكی لە دیبەیتە گەرمەكانی چوار ساڵی ڕابردووی وەزارەتەكەمان بووە، بۆیە ل ەسەرەتای دەستبەكاربوونیشمان تائێستا بە هاوكاری زانكۆ پۆلیتەكنیكیيەكان و هاوكارە نێودەوڵەتییەكان زۆر بەوردی هەڵسەنگاندنی بابەتیانەمان بۆ پڕۆسەو سیستمی خوێندنی تەكنیكی ئەنجامداوەو گفتوگۆی وردمان دەربارەی هێڵە گشتییەكانی گۆڕانكاری لە خوێندنی تەكنیكی كردووە.

وتیشی: لەم پڕۆژەیەشدا ژمارەیەك دامودەزگاو ڕێكخراوی جیهانی تێڕوانین و سەرنجی خۆیان پێشكەشكردوین، لە ئاكامدا بڕیارماندا لیژنەیەكی باڵا بۆ دیراسەكردن و بڕیاردان لەسەر ریفۆرمی خوێندنی تەكنیكی پێكبهێنین.

وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وتیشی سوپاسی زۆری ئەم لیژنەیە دەكەم، كە توانیان بەوپەری لە خۆبردوویی و بەبێوچان كارەكانی خۆیان ئەنجامبدەن و پڕۆژەیەكی زانستی و گونجاو بۆ ریفۆرمی خوێندنی تەكنیكی گەڵاڵە بكەن.

لەبارەی پڕۆژەكەش د.یوسف گۆران ئەوەی ڕاگەیاند كە جێگەی خۆشحاڵییە ئەم پڕۆژەیە هەمەلایەنەو زۆربەی بوارەكانی خوێندن لە زانكۆ پۆلیتەكنیكيیەكان دەگرێتەوە، بەتایبەت رێكخستنەوەی پرۆگرامەكانی خوێندن و گونجاندنی لەگەڵ پێداویستییەكانی بازاڕی كارو گەشەكردنی ئابووری هەرێمی كوردستان، هەروەها گرنگیدان بەو كارامەییانەی كە دەرفەتی كاركردن بۆ كادیرانی ناوەندی و تەكنیكی دەرەخسێنێت. ئەوەشی ڕوونكردەوە كە لەهەمانكاتدا بەپێی ئەم بەرنامەیە لەمەودوا سیستمی خوێندن لە سەرجەم زانكۆ پۆلیتەكنیكیيەكان لەرووی پرۆگرام و یەكەكانی خوێندن و ئاكامەكانی پرۆسەی خوێندن و فێركردن و راهێنان بەتەواوەتی پەیڕەوی سیستمی بۆڵۆنیا دەكات و بابەتەكانی فاوندەیشن و زمانی ئینگلیزی و سۆفت سكڵ لەپاڵ خوێندن و راهێنان و دروستكردنی كارامەییە تەكنیكیيەكان دەبێتە خەسڵەتی نوێی خوێندنی تەكنیكی لە زانكۆكانی كوردستان.

لەبارەی بڕوانامەی زانكۆ پۆلیتەكنیكیەكانیش وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وتی: ئاستەكانی پێدانی بڕوانامەی پیشەیی گۆرانكاری بنەڕەتییان بەسەردا دێت، بەجۆرێك ئەم سیستمە بتوانێت كادیری ناوەندی و تەكنیكی خۆماڵی بۆ بازاڕی كار ئامادەبكات، لەهەمانكاتدا ڕێچكەی تەواوكردنی خوێندنی بەكالۆریۆس و خوێندنی باڵاش بۆ بوارە تەكنیكيیەكان دەڕەخسێنێت، بەجۆرێك بەشە زانستییەكان دەتوانن پرۆگرامی بروانامەی دبلۆم و بەكالۆریۆس و خوێندنی باڵا رێكبخەن.

ئاشكراشیكرد كە سیستمی نوێی خوێندن لەسەر بنەمای تێروانینی داهێنەرانە دادەریژرێتەوەو قوتابیان خوێندكارانیش لە رێگای پرۆگرامەكانی (ئینتەنشیپ) بە بەردەوامی پەیوەندیان لەگەل بازاڕی كار دەبێت.

لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وتی: دەبێت ئەو راستییەمان لەپێشچاو بێت كە وڵاتەكەمان لە ئێستا پێویستی زۆری بە كادیری تەكنیكی و ناوەندی هەیە، زۆر بواری تەكنیكی هەیە كە لە بازاڕی كاری هەرێمەكەماندا پشت بە دەستی كاری بیانی دەبەستێت، بۆیە ئەركی زانكۆكانی پۆلیتەكنیكیەكە كە بتوانن بەوردی ئەو بوارانەمان بۆ پڕبكەنەوە دەستی كاری خۆماڵی بۆ هەموو بوارەكانی كارامەیی تەكنیكی ئامادەبكەن.

هەروەك وتیشی: گرنگە ئێمە لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو زانكۆ پۆلیتەكنیكیەكان هەموو ساڵێك بەوردی دیراسەی پێداویستيیەكانی بازاڕی كار بكەین، هەروەها بە زووترین كات پرۆژەی رووپێوی ساڵانە پێداویستی كارامەییە تەكنیكیەكانی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت بخەینە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆ ئەوەی بتوانین بە شێوەیەكی كارا وەڵامی پێداویستی بازاڕی كارو گەشەكردنی ئابووری هەرێم بدەینەوە.

لەبارەی پەیوەندیەكانی خوێندن بەكەرتی تایبەت و پیشەسازیش، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: دەبێت پەیوەندی توندوتۆڵمان لەگەڵ كەرتی تایبەت و پیشەسازی هەرێم هەبێت، چونكە كارلێكی نێوان بازاڕی كارو دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا كلیلی گەشەكردنی ئابوری و رەخساندنی هەلی كارە بۆ دەرچووانمان.

وتیشی: دەبێت لە قۆناغە سەرەتاییەكانی خوێندنەوە دەرفەتی كۆنتاكتی نێوان قوتابیان و خوێندكاران و كەرتی تایبەت و پیشەسازی بڕەخسێنین، بەمەش دەرفەتی كارپەیداكردن و تەنانەت كار داهێنانیش زیاتر دەڕەخسێنین. 

سەبارەی بە پێشكەوتنەكانی كۆمەڵگەو ململانێی وڵاتان بۆ دۆزینەوەی دەرفەتی كار، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئەوەی نەشاردەوە كە ململانێی هەرە گەورەی سەدەی بیست و یەك بریتی دەبێت لە شەری دەستەبەركردنی دەرفەتی كار، ئێمەش وەكو دامو دەزگاكانی خوێندنی باڵا لەبەردەم ئەرك و ئۆباڵی مێژوویدا دەبین، خۆمان بەبەرپرسیار دەزانین بەرامبەر نەوەكانمان.

لەو چوارچێوەیەشدا ئەوەی ئاشكراكرد كه هەموو شارەزایانی ئابوری لەسەر ئەو ڕاستيیە كۆكن كە 10 ساڵی ئایندە گۆڕانكاری گەورە بەسەر پێداویستیيەكانی بازاڕی كارو كارپەیداكردندا دێت، بەهۆی كاریگەریيەكانی شۆرشی پیشەسازی چوارەم و ئاوێتەبوونی تەكنەلۆجیای فیزیكی و دیجیتاڵی و بایلۆجییەوە گۆرانكاری گەورە بەسەر پیشەو سروشتی كارو كارامەییەكانی بازاڕی كاردا دێت، بۆ ئەوەش وتی: پێشبینی دەكرێت تا ساڵی 2025 لە 50%ی پیشەكانی ئێستا نەمێنن و پیشەو كارامەیی دیكە جێگەیان بگرێتەوە، بەتایبەت گەشەكردی زیرەكی دەستكردو بەرەوپێشچوونی تەكنەلۆجیای رۆبۆتیكی پێشكەوتوو پرێنتەری سێ رەهەندی و ماتریالی نوێ بەتەواوەتی سروشتی بازاڕی كار لە سەرتاسەری دونیا دەگۆڕن.

لەژێر ڕۆشنایی ئەو بەرەوپێشچوون و گۆڕانكارییە پێشبینیكراوانە، د.یوسف گۆران وتی: پێویستە نەوەی نوێ لە ئێستاوە لەسەر تواناو كارامەیی داهێنەرانە ڕابهێنین، ئەو كارامەییانەیان فێربكەین كە بتوانن لەگەڵ گەشەكردنی ئابوری و تەكنەلۆجی و سروشتی نوێی كاردا بەئاسانی خۆیان بگونجێنن.

هەر لەوبارەیەوەش وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وتی: ئەگەرچی ئەم پرسانە پرسی جیهانی و گلۆباڵن، بەڵام بەهۆی خێرایی گەشەكردنی تەكنەلۆجییەوە بەئاسانی كاریگەرییەكانی لەسەر سەرتاسەری دونیا دەردەكەون، بۆیە پێویستمان بەوەیە لەجاران زیاتر سیستم و پرۆگرامی خوێندن لەگەڵ گۆرانكارییەكانی دونیا بگونجێنین.

وتیشی: دەبێت ئامانجمان ئەوە بێت كە لەماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا بۆ هیچ كارامەییەك پێویستیمان بە دەستی كاری بیانی نەبێت، بەڵكو دەستی كاری خۆماڵی بە شێوەیەكی گونجاو ئامادەبكەین و نەوەیەكی چالاك و كار داهێنەر ئامادەبكەین.

سەبارەی بەڕیفۆرمی پڕۆسەی خوێندنی تەكنیكیش لە هەرێمی كوردستان، د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: پرۆسەی ریفۆرمی خوێندنی تەكنیكی پرۆسەیەكی داینامیكیيە، بەردەوام توێژینەوەو داهێنان و نوێبوونەوەی دەوێت، نابیت تەنها لێرەدا بوەستین، بەڵكو دەبیت چاوكراوەو بەئاگابین بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوومان دەست و پێ سپی نەبێت، بتوانێت بەئاسانی لە بازاڕی كاری ناوەخۆی و نێودەوڵەتی هەولى بەدەستهێنانی هەلی كار بدات.

لەو ڕوانگەیەوەش وتی: هەربۆیە وەكو وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بریارمانداوە كە گرانتێكی تایبەت بۆ توێژینەوەكانی بواری پێداویستیەكانی بازاڕی كارو كارداهێنان و نوێگەری تەرخانبكەین، داواكارین لە توێژەران سوود لەم گرانتە وەربگرن و بە توێژینەوەكانیان هاوكارمان بن بۆ پەرەپێدان سیاسەتی گشتی خوێندنی تەكنیكی.

لە كۆتایی وتەكەیدا د.یوسف گۆران رایگەیاند: كاروانی ریفۆرم و گەشەكردن راناوەستێت، چونكە گەشەكردن و كێشەكان و داواكارییەكانی مرۆڤ نوێ و تازە دێنە پێشەوە، یەكێك لە پرۆژە گەورەكانی وەزارەت لە ئایندەندا دروستكردنی بانكێكی سەرچاوەكانی و زانیاری بۆ ئەكادیمستانی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانێت پركردنەوەی پێداویستیيەكانی بازاڕی كار.

وتیشی: هیوادارم زانكۆ پۆلیتەكنیكیەكان بەوردی ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بكەن و بەردەوام هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی جێبەجێكردن و ئاستەنگەكانی ئەنجامبدەن، دووبارە دەستخۆشی لە سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی باڵای ریفۆرمی خوێندنی تەكنیكی دەكەم سوپاسی ئەنجومەنی زانكۆكان و مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆ پۆلیتەكنیكیيەكان دەكەم كە ماندووبوون لە دارشتنی ئەم پرۆژەیە.

هەر لەو ڕێوڕەسمەدا، د.كاوە شێروانی سەرۆكی لێژنەی باڵای ریفۆرم لە زانكۆ پۆلیتەكنیيەكان لە سمینارێكدا هێڵە گشتيیەكانی گۆڕانكارییەكانی باسكردو ڕاشيگەیاند: ئەمساڵ 50% گۆڕانكارییەكان جێبەجێ دەكەین، ساڵی داهاتووش 50% كارەكانی دیكەی گۆڕانكارییەكە دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە، بەوەش هەرێمی كوردستان لەبواری خوێندنی تەكنیكی دەبێتە خاوەت سیستمێكی هاوچەرخ و پیشكەوتوو، ئەوەشی ڕاگەیاند: لە گۆڕانكارییەكاندا جەختی زۆر لە بەستنەوەی زانكۆ بە بازاری كار كراوەتەوە.

لە كۆتایی ڕێوڕەسمەكەدا، د. عومەرو عزت سەلامە ئەمینداری گشتی یەكێتی زانكۆكانی عەرەب وتارێكی پێشكەشكرد، لە وتارەكەیدا دوای ئەوەی ستایشی كارەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كرد، ڕایگەیاند: ئەم گۆڕانكارییە ئەو تێڕوانینەی لەلا گەڵاڵە كردووم، كە لەپشت ئەم گۆڕانكارییە گەورانەی لە وەزارەت كراوە دیدگاو تێڕوانینێكی بەهێزو جددی هەیە، بۆیە ئەم دەسكەوتانە لە كوردستان لەبواری خوێندنی باڵا بەدیهاتوون.


خاك - راگەیاندنی خوێندنی باڵا








زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved