8/9/2018 08:58 AM

دەست بەسەر بڕیكی زۆر گۆشتی بەستوودا دەگیرێت

لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانيیەوە، دەست بەسەر بڕیكی زۆر گۆشتی بەستوودا گیراوە كە خاوەنەكەی ویستوویەتی بە نرخی فرێش بەسەر هاووڵاتیاندا ساغی بكاتەوە، سەرۆكی لیژنەكانیش دەڵێت: گۆشتەكە لەناودەبرێت و خاوەنەكەی روبەرووی یاسا دەكەنەوە.

گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكان رایگەیاند: لە ئەنجامی پشكنینە بەردەوامەكانی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت و لەلایەن لیژنەی سێ-وه،‌ لە كۆگایەكی گۆشت فرۆشتن لە گەڕەكی هوانە دەست بەسەر بڕی 490 كیلۆگرام گۆشتی بەستوودا دەگیرێت،‌ خاوەنەكەی ویستوویەتی به گۆشتی فرێش و نرخی خۆماڵی بە خەڵكی‌ بفرۆشێت.

راشیگەیاند: بۆ چاوبەستكردن لە‌‌ هاووڵاتیان لەوەی گۆشتەكەی خۆماڵیيە، خاوەنەكەی گۆشتە هاوردەكراوەكانی لە كارتۆنەكەی خۆی دەرهێناوەو كردوویەتیە ناو فەردەوەو پاشان لە بەفرگرەكانی كۆگاكەی دایناوە، كە بەهۆی بەسەرچوونی ماوەكەیەوە بەشێكی زۆری گۆشتەكەی بۆنی كردووە.

وتیشی: بەپێی یاسای بازرگانی، دەستكاریكردنی لیبڵ و شاردنەوەی زانیاريیەكانی سەر كارتۆنی كاڵاو شمەكەكان بە فێڵی بازرگانی ئەژماردەكرێت و سزای بۆ ئەنجامدەرانی داناوە.

هەروەك داوای لە هاووڵاتیانی شاری سلێمانی كرد لەكاتی بازاڕكردن بەوردی سەرنج بدەنە بەرواری بەسەرچوونی ئەو كاڵاو شمەكانەی دەیكڕن، هەروەها لەكاتی كڕینی گۆشت لە مۆرەكەی بەڕێوەیەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی دڵنیاببنەوە، لەكاتی هەبوونی هەر سەرپێچیيەكدا لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی لێ ئاگاداربكەنەوە.

سەرۆكی لیژنەكان راشیگەیاند: لە كۆگاكەداو بە فەرمانی قائیمقامی سلێمانی دەست بەسەر بەفرگرەكان و كۆتەو ئەو قولاپانەدا گیراوە كە لە پیشەكەدا بەكاردەهێنرێت و گۆشتەكەشی رەوانەی بەڕیوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی‌ بۆ لەناوبردنی كراوه، هەروەها خاوەنەكەشی روبەرووی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.


خاك - راگەیاندنی قایمقامیەتی سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved