27/10/2018 09:54 AM

له‌باره‌ی به‌هێزترین پاپۆڕه‌ فڕۆكه‌ هه‌ڵگره‌ ناوكییه‌كانی جیهانه‌وه‌

به‌هێزترین پاپۆڕه‌ فڕۆكه‌ هه‌ڵگره‌ ناوكییه‌كانی جیهان: شارڵ دوگۆل، نیمیتز و جێراڵد ئار فۆرد

پاپۆڕه‌ فڕۆكه‌ هه‌ڵگره‌ ناوكییه‌كان زۆر كارامه‌ترو به‌سوودترن له‌ نموونه‌ ئاساییه‌كانی كه‌ به‌ سووته‌مه‌نی فۆسیلی یان ئه‌له‌كتریكی كارده‌كه‌ن، ئه‌م باڵاده‌ستییه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دوو هۆكاری سه‌ره‌كی.
یه‌كه‌م، وزه‌ی ناوكیی به‌راورد له‌گه‌ڵ وزه‌ی سووته‌مه‌نییه‌ فۆسیلییه‌كان، هێزێكی یه‌كجار زۆرتر بۆ كوره‌ی موشه‌ك هاوێژو هه‌روه‌ها سێنسۆره‌كانی پاپۆڕی فرۆكه‌ هه‌ڵگر فه‌راهه‌مده‌كات
دووه‌م، سووته‌مه‌نی ناوكیی پێویستی به‌ شوێنێكی زۆر كه‌متره‌و به‌مجۆره‌ بواری ئه‌وه‌ ئه‌داته‌ پاپۆڕه‌كه‌ تا ڕێژه‌یه‌كی یه‌كجار زۆرتر بۆمب و موشه‌ك هه‌ڵبگرێت.

به‌ڵام له‌ جیهاندا ته‌نها دوو وڵاتی ویلایه‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاو فه‌ره‌نسا پاپۆڕی فڕۆكه‌ هه‌ڵگری ناوكییان هه‌یه‌. فه‌ره‌نسا ته‌نها یه‌ك پاپۆڕی فڕۆكه‌ هه‌ڵگری ناوكی هه‌یه‌ به‌ ناوی شارل دوگۆل كه‌ له‌ ساڵی 2001دا په‌یوه‌ستی هێزی ده‌ریایی فه‌ره‌نسا كراوه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌مریكا 11 پاپۆڕی فڕۆكه‌ هه‌ڵگری ناوكیی هه‌یه‌ كه‌ دابه‌شكراون به‌سه‌ر دوو كلاسدا: له‌ كلاسی "جراڵد فۆرد"دا (Gerald R. Ford) تائێستا ته‌نها یه‌ك پاپۆڕ به‌ناوی the USS Gerald R. Ford ئاماده‌كراوه‌ كه‌ تائێستاش مه‌یدانی شه‌ڕی نه‌بینیوه‌. به‌ڵام له‌ كلاسی "نیمیتز"دا (Nimitz) تائێستا 10 پاپۆڕ دروستكراوه‌و یه‌كه‌مینیان له‌ ساڵی 1975دا ئاماده‌كراوه‌.

له‌ ڕووی جۆری ریاكتۆری ناوكییه‌وه‌:
پاپۆڕه‌ فڕۆكه‌ هه‌ڵگره‌ ناوكییه‌كانی نیمیتز، دوو ریاكتۆری ناوكیی A4W یان هه‌یه‌ كه‌ هه‌ركامه‌یان 550 مێگاوات وزه‌ به‌رهه‌مده‌هێنن، له‌كاتێكدا پاپۆری فڕۆكه‌ هه‌ڵگری شارڵ دوگۆل له‌ دوو ریاكتۆری K15 كه‌ڵك وه‌رده‌گرێت كه‌ هه‌ركامه‌یان ته‌نیا 150 مێگاوات وزه‌ به‌رهه‌مده‌هێنن. پاپۆڕه‌كانی نیمیتز نه‌ ته‌نها له‌ شارڵ دۆ گۆڵ خێراترن (54.5 كیلۆمه‌تر له‌ كاتژمێردا له‌به‌رامبه‌ر 50 كیلۆمه‌تر له‌ یه‌ك كاتژمێردا) به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌ی شارڵ دوگۆل كه‌ هه‌ر 7 ساڵ جارێك ئه‌بێت سووته‌مه‌نی باربكاته‌وه‌، پاپۆڕی فڕۆكه‌ هه‌ڵگری نیمیتز تا 50 ساڵ پێویستی به‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی سووته‌مه‌نی دووباره‌ نییه‌.

له‌ڕووی قه‌باره‌وه‌:
درێژایی پاپۆڕه‌كانی كلاسی نیمیتز 333 مه‌تره‌ له‌ كاتێكدا درێژایی پاپۆڕی شارڵ دوگۆل بڕێك له‌ 261.5 مه‌تر زیاتره‌ و به‌مجۆره‌ پاپۆڕه‌كانی نیمیتز ئه‌توانن فڕۆكه‌ی زۆرتر هه‌ڵگرن. توانستی بارهه‌ڵگرتنی پاپۆڕه‌كانی نیمیتز 97000 ته‌ن و توانستی شارل دوگۆل 42000 ته‌ن ڕاگه‌ینراوه‌.

خاك – ئا/ سه‌مه‌د كورده‌





created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved