1- ئاماژه‌كردنی كه‌سێك به قامكی ئاماژه: هێمای باڵاده‌ستی و هه‌روه‌ها هه‌وڵ بۆ باڵاده‌ستی كه‌سی ئاماژهكهره به‌سه‌ر كه‌سی به‌رامبه‌ریدا، له‌بیرتان بێت كه ئه‌م ڕه‌فتاره به‌شێوه‌ی بێئاگاو وروژێنه‌ری هه‌ستی نه‌رێنییه له كه‌سی به‌رامبه‌ردا. 2- ههڵخهستنی شان: به‌و مانایه‌یه كه كه‌سی به‌رامبه‌ر نازانێت یان تێناگات كه بابه‌ته‌كه چۆن چۆنییه. بارباراو ئالێن پیێز نووسه‌رانی كتێبی "زمانی جه‌سته" ئه‌ڵێن: كاتێك كه‌سێك شانی هه‌ڵئه‌خات یان تێناگات یان نازانێت ئێوه باسی چی ئه‌كه‌ن. 3- به‌ری ده‌ستی كراوه: كه‌سه‌كه ئه‌یه‌وێت ڕاستگۆیی خۆی پیشان بدات. هه‌روه‌ها كاتێك كه‌سێك ده‌ستی ئه‌كاته‌وه و به‌ری ده‌ستی پیشانی ئێوه‌ی ئه‌دات، ئه‌یه‌وێت بڵێت ئه‌و خۆی داوه به‌ده‌سته‌وه‌و له‌لایه‌ن ئه‌وه‌وه هیچ ههڕهشهیهكتان له‌سه‌ر نییه. 4- چرچ نه‌بوونی ده‌وری چاو له‌كاتی پێكه‌نیندا: هێمای پێكه‌نینی ساخته‌یه‌و كه‌سه‌كه هه‌وڵده‌دات خۆی شاد‌و خۆشحاڵ پیشانبدات، له‌كاتێكدا به دڵ وانییه. 5- به‌رزكردنه‌وه‌ی بڕۆكان: هێمای ئاسووده نه‌بوون یان دڵگرانی كه‌سی به‌رامبه‌ره، سوزان كراوس ویتبێرن مامۆستای زانكۆی ماساچۆسێت له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه كه نیگه‌رانی، سه‌رسووڕمان یان ترس هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی برۆكانن. 6- له‌رزینی ده‌نگ: هێمای هۆگری به كه‌س یان شتێكه. لێكۆڵینه‌وه ده‌روونناسییه نوێیه‌كان پیشانیانداوه ئه‌گه‌ر له‌كاتی قسه‌كردندا هه‌ستێك سازبێت، له خانماندا شایه‌تی موزیكاڵ بوونی ده‌نگ و له پیاواندا شایه‌تی له‌رزینی ده‌نگ ده‌بین. 7- حاڵه‌تی ئاوێنه‌یی: هێمای په‌یوه‌ندییه‌كی باشه. كاتێك دوو كه‌س په‌یوه‌ندییه‌كی باشیان به‌یه‌كه‌وه هه‌یه یان ماوه‌یه‌كی زۆر به‌یه‌كه‌وه بوون، به شێوه‌یه‌كی بێئاگایانه‌و وه‌كو ئاوێنه حاڵه‌ت و ڕه‌فتاره‌كانی یه‌كتر دووباره ئه‌كه‌نه‌وه. گه‌ر له سه‌ره‌تاو له ده‌سپێكی پهیوهندییهكهدان، چاوه‌ڕێ بكه‌ن تا هێما گه‌لێك له حاڵه‌ت و ڕه‌فتاری جه‌سته‌یی هاوبه‌ش له‌نێوان خۆتاندا ئه‌بینن. 8- چاو له‌چاو كردن: ده‌رخه‌ری هۆگری و بزوێنه‌ری هه‌سته‌كانه. كاتێك كه‌سێك ڕاسته‌وخۆ سه‌یری چاوتان ئه‌كات به‌و مانایه كه ئه‌یه‌وێت هه‌سته‌كانتان ببزوێنێت، رۆناڵد رێگیۆ ده‌روونناسی ڕێكخراوه‌یی له‌مباره‌یه‌وه ئه‌ڵێت: لێكدانه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ست بزوواندنهو زانینی مه‌به‌ستی كه‌سی به‌رامبه‌ر، ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جۆری په‌یوه‌ندی ئه‌و دوو كه‌سه به‌یه‌كه‌وه، گه‌ر كه‌سی به‌رامبه‌ر بێگانه بێت، ئه‌وه هێمایه‌كی باش نییه، به‌ڵام گه‌ر هاوسه‌ر یان خۆشه‌ویسته‌كه‌تان بێت، له‌وانه‌یه هێمای ویستی په‌یوه‌ندی و ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستی بێت. 9- چاو له‌چاو كردنی درێژماوه: هێمای ناڕاستگۆییه له‌ئاست كه‌سی به‌رامبه‌ردا. خۆبپارێزن له نیگا فێڵاوی و ناڕوونه‌كان، هه‌ندێك كه‌س بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر چاو له‌چاوی كه‌سی به‌رامبه‌ریان ئه‌كه‌ن، چونكه ئه‌یانه‌وێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌سته‌كانی دابنێن. ته‌نانه‌ت له‌وانه‌یه بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر به‌بێ جوڵه‌و چاوتروكاندنیش سه‌یرتان بكات. 10- قاچ خسته‌سه‌ر قاچ: هێمای به‌رگری و خۆبه‌ده‌سته‌وه نه‌دانی كه‌سی به‌رامبه‌ره. جێرارد نیرێنبێرگ و هێنری كالێرۆ، نووسه‌رانی كتێبی "چۆن كه‌سه‌كان وه‌كو كتێب بخوێنینه‌وه" له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن كه تا كاتێك یه‌كێك له دوو لایه‌نی دانوستان قاچی له‌سه‌ر قاچی بێت، دانوستانه‌كه هیچ ئاكامێكی نابێت. گه‌ر كه‌سێك له دانوستاندا قاچی خسته‌سه‌ر قاچی، له‌وانه‌یه به‌و مانایه بێت كه چیتر هۆگری به‌رده‌وامبوون له به‌ره‌وپیشبردنی ئه‌م دانوستانه نییه. خاك – سه‌مه‌د كورده
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure