بە چاودێری و ئاماده‌بوونی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا‌و توێژینەوەی زانستی، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی له مه‌راسیمێكدا بۆ یه‌كه‌مینجار توێژه‌ری ساڵی دیاریكرد‌و 22 توێژه‌ری له زانكۆكی كوردستان خه‌ڵات و ڕێزلێنانی وه‌زاره‌تیان پێشكه‌شكرا. له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا كه ڕاوێژكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی و سەرۆکی زانکۆ حكومی و تایبه‌ته‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ره گشتیه‌كانی فه‌رمانگه‌كانی دیوانی وه‌زاره‌ت و یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆکان بۆ کاروباری زانستی و ڕاگری پەیمانگه تایبەتەکان و بەڕێوەبەرانی دڵنیایی جۆری و متمانە بەخشین، سێشەمە 11/12/2018 لە هۆتێل دیڤان به‌ڕێوه‌چوو، له سه‌ره‌تادا ئاماده‌بووان به ساتێك بێده‌نگی ڕێزیان له شه‌هیدانی ڕێگه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان گرت، پاشان د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتارێكی پێشكه‌شكرد. پیرۆزبایی له توێژه‌رانی سه‌ركه‌وتوو ده‌كه‌م له سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌یدا، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتی: سەربەرزم ئەمڕۆ لە ڕێورەسمی ڕێزلێنان لە توێژەرانی ساڵ لە خزمەتتاندام، سوپاسی ئامادەبوونتان دەکەم، پڕبەدڵ سوپاس و پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی هەموو ئەو توێژەرانە دەکەم کە توانیان بەرهەمی کاری توێژینەوەکانیان بگەیەننە ئاستی بڵاوکردنەوە لە گۆڤارە زانستییە ئاست بەرزەکانی جیهان. بەرهەمی توێژەرانمان شاڕێی دەرکەوتنی زانکۆکانمانە لەسەر نەخشەی ئەکادیمیای جیهانی هه‌ر له وتاره‌كه‌یدا وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی باسی له كارنامه‌ی كابینه‌ی هه‌شته‌م بۆ بایه‌خدان به توێژینه‌وه‌ی زانستی كرد‌و ڕایگه‌یاند: له ساڵی ٢٠١٤ و لە سەرەتای پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕامانگەیاند کە پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی لە ئەولەویەتی کارەکانی وەزارەتەکەمان دەبێت، هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییەی کە بەشداری ڕەسەن لە بەرهەمهێنانی مەعریفەو بڵاوکردنەوەی بەرهەمی توێژەرانمان لە گۆڤارە زانستییە ئاستبەرزەکان شاڕێی دەرکەوتنی زانکۆکانمانە لەسەر نەخشەی ئەکادیمیای جیهانی. وتیشی: هەمیشە ئەو ڕاستییەمان وتووە کە زانکۆکانمان لە سەدەی بیست و یەکەم و لە سەردەمی ئابوری مەعریفەدا ئەرک و ئۆباڵی گەورەیان لەسەرشانە. ڕاشیگه‌یاند: کۆمەڵگه‌ی کوردستان چاوەڕی دەکەن کە زانکۆکان جگە لە پێگەیاندنی جگەرگۆشەکانیان بتوانن لەڕێگه‌ی توێژینەوەی زانستی و بەشداری ڕەسەن لە چارەسەرکردنی پرسە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان بكه‌ن، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه كه چاوەڕی دەکرێت زانکۆکان بە هزرو بیر‌و توانای زانستی‌یان بەشداربن لە پرۆسەی دروستکردنی بڕیار لە هەموو بوارێکی سیاسی، کارگێڕی، تەنانەت گەشەکردنی بزنسیشدا. توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆوە دیوە سه‌باره‌ت به كار‌و پڕۆژه‌كانی وه‌زاره‌ت له ماوه‌ی ڕابردوودا، وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تائێستا بۆ گەشەپێدانی توێژینەوەی زانستیی کۆمەڵێک هەنگاوی کرداریمان ناوە کە گرنگترینیان پرۆسەی ڕیزبەندی نیشتیمانی و دامەزراندنی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی بوو. وتیشی: توێژینەوەی زانستی لە نێو ڕیزبەندی نیشتیمانیدا پشکی شێری پێدراوە، چونکە قورسایی پێوەرەکان لەبەر ڕۆشنایی دیدگای و له‌پێشینه‌ی ئەولەویاتی وەزارەت داڕێژراوە، خۆشبەختانە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆوە دیوە. وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتر له‌وباره‌یه‌وه دا‌و وتی: ئه‌گەر بەوردی لە داتاکانی ڕیزبەندی نیستیمانی بڕوانین دەبینین بە بەراوردکردنی ساڵانی ٢٠١٥ تا ٢٠١٨ ژمارەی فاکتەری کاریگەری کۆکراوە لە بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی لە گۆڤارە زانستییە ئاستبەرزەکانی جیهان (Web of Science / ISI ) بەڕێژەی (%586) زیادیکردووەو ژمارەی توێژینەوە بڵاوکراوەکان لەو گۆڤارانەی کە ئیندێکس کراون لە (Web of Science and Scopus) بەڕێژەی (%700) زیادیکردووە، بۆ ئه‌وه‌ش د.یوسف گۆران ڕایگه‌یاند: ئه‌و داتا‌و ئامارانه پێمان ده‌ڵێ بەڵێ، کە هەرێمی کوردستان، زانکۆکانی کوردستان، مامۆستاکانی کوردستان، توانایەکی زۆریان هەیە، بەڵام ئەوەی پێویست بوو ئێمە وەکو وەزارەت بیکەین، ئەوە بوو ئەو توانایانە ئاڕاستەی ئەو شوێنانە بکەین کە پێویستە، ئەوەش شتێک نەبووە کە ئێمە دروستمان کردبێت لەناو مامۆستاکانی زانکۆ، بەڵام ئەوە تەنها ڕێگەیەک بووە نیشانداوە، کە ئێمە چۆن دەکرێت بەشداربین لە زیادکردن و بەرزکردنەوەی ئاستەکەو چۆن وابکەین لەسەر نەخشەی جیهانی زانستیدا دەربکەوین. وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی ئاشكراشیكرد كه ئاستی گوگڵ سایتەیشن بۆ توێژەرانی کوردستان لەنێوان ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠١٨ بەڕێژەی (%700) زیادیکردووە. وتیشی: ئەم ژمارانە ئاماژەی دڵنیاکەرەوەن، کە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لەتوانایاندا هەیە لەبواری توێژینەوەی زانستیدا هەنگاوی گەورە بنێن. ده‌بێت توێژه‌ران و مامۆستایان له سه‌رده‌می گڵۆباڵیزیشن ئاگاداری گۆڤاره فه‌یكه‌كان بن بۆ كاری داهاتووی و ئاینده‌ی توێژینه‌وه له كوردستان وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی باسی له چه‌ند هه‌نگاو كارێكی گرنگ كرد‌و ڕایگه‌یاند: دەبێت هەنگاوەکانی ئایندەمان لەبواری توێژینەوە بە وریایی بنێین، هه‌روه‌ك دەبێت هەوڵبدەین ئاست و کواڵیتی توێژینەوەکانمان لە ئاستی ستانداردە زانستییەکان بێت و هەوڵبدەین لەو گۆڤارانەدا بڵاویان بکەینەوە کە خاوەنی ئاست و ناوبانگی بەرزن بەتایبەت ئەو گۆڤارانەی کە لەلایەن (Web of Science and Scopus) ئیندێکس کراون و خاوەنی فاکتەری کاریگەرین و توێژینەوەکانیش بەر لە بڵاوکردنەوەیان پێداچوونەوەی هاوەڵانە (Peer Review)یان بۆ ئەنجامدەدرێت. جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه كه دەبێت بە وریاییەوە خۆمان لە هەموو ئەو گۆڤارانە بەدوور بگرین کە سەنگی زانستیان نییەو لە پیناو بەدەستهێنانی پارەدا توێژەران بەلاڕێدا دەبەن. هه‌ر له وتاره‌كه‌یدا وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتی: ئێمە لە سەردەمێک دەژین کە سەردەمی گلۆباڵێزەیشنە، دونیا کراوەیە، زانکۆکان کراوەن، هاتوچۆکان کراوەن، ئەم لایەنە هەرچەند لایەنی باشی زۆر زۆرەو دەتوانین سودی زانستی لێبکەین، بەڵام کێشەی گەورەی خۆشی هەیە، یەکێک لەو کێشە گەورانەی کە لە سەردەمی گلۆباڵیزەیشن هەیەو هەندێکجار ئاڵنگاریه بۆ ئەو کۆمەڵگه‌یانەی دوچاری دەبن، لەدەستدانی بەهاکانە، ئاڵنگاری تازەیە بۆ که‌لتووری تازەو یەکێکشه لەو شتانەی کە ئێستا ئێمە له زانكۆكان ڕوبەڕووی دەبینەوە، ئەوەش دروستبوونی هەندێک پەیوەندیه لەگەڵ هەندێک جۆرناڵ و دەزگای بەناو ئەکادیمی، بەڵام لەڕاستیدا ساختەو فەیکە، ئەوەش دەبێتە کێشەیەکی گەورە بۆ مامۆستایان و ئەکادیمیان. ڕوونیشیكرده‌وه ئەم کێشەیە بەتەنیا لە هەرێمی کوردستاندا نییە، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر بەوردی سەیری دونیا بکەین دەبینن لە هەموو ئەو کۆمەڵگه‌یانە ئەو کێشە باوە، کە هەوڵی کۆنتاکتکردن دەدەن لەگەڵ کۆمەڵگه‌ی ئەکادیمی، بۆ نموونە وڵاتی چین کە ئێستا ئاره‌زوویه‌كی گەورەی هەیە بۆ کۆنتاکتکردن و بەشداریکردنی لەگەڵ لایەنە ئەکادیمی و نائەکادیمیەکانی جیهانی، بۆیه دەبینین ئێستا یەکێک لەو کێشە گەورانەی کە ئه‌و وڵاته هەیەتی ئەوەیه لە هەوڵی ئەوەدایە کە چۆن گۆڤاری رەسەن و نارەسەنی نێودەوڵەتی لێک جیابکاتەوەو بەم ئاڕاستەیەش چەندین هەنگاوی زانستی ناوە. وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا لیستی گوڤاره باوه‌ڕپێكراوه‌كان ئاماده ده‌كات له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، د.یوسف گۆران باسی له هه‌نگاوه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی كرد بۆ گۆڤاره ساخته‌كان و له‌وباره‌یه‌وه وتی: ئێستا پرسی گۆڤارە ساختەکان بابەتێکی هەستیارەو لە هەموو وڵاتانی دونیا جێگه‌ی دیبەیت و هەڵوه‌ستە لەسەرکردنە، تەنانەت لە هەرێمی کوردستانیش لە ئێستادا ئەم پرسە بۆتە دیبەیتێکی (پەبڵیک) و لەناو چین و توێژە جیاکانی کۆمەڵانی خەڵكدا وەک پرسێکی مەترسیدار باسی لێوە دەکرێت، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفته‌ش د.یوسف گۆران ڕایگه‌یاند: لە ئێستادا وەزارەتی خوێندنی باڵا‌و توێژینەوەی زانستی بەوردی کاردەکات بۆ ئامادەکردنی لیستی ئەو گۆڤارانەی کە باوەڕپێکراون و توێژەرانی هەرێمی کوردستان دەتوانن توێژینەوەکانیان تیایدا بڵاوبکەنەوە. ئاشكراشیكرد لیستێکی دیکەش ئامادە دەکرێت بۆ ئەو گۆڤارانەی کە دەخرێنە لیستی ڕەشەوە. هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕوو له توێژه‌ران وتی: لە ئێستاوە تا کاتی ئامادەکردنی ئەو دوو لیستە، داوا لە زانکۆکان و لە توێژەران دەکەین کە خۆیان لەوجۆرە گۆڤار‌و بڵاوکراوانە بەدووربگرن کە پرسیار لەسەر ڕەسانایەتی و کواڵیتیان هەیە، چونکە بڵاوکردنەوەی توێژینەوە لەنێو ئەوجۆرە گۆڤارە ساختانەدا دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە بەهاو پرانسیپ و ئیتیکی کاری ئەکادیمی و هەموو ئەو کەسانەش ڕوبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە، کە مامەڵە لەگەڵ گۆڤاری ساختەدا دەکەن. نزیكه‌ی ساڵێكه وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا لێژنه‌یه‌كی وردبینی بۆ تویژینه‌وه‌كان پێكهێناوه سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی به‌رزكردنه‌وه‌ی كواڵیتی توێژینه‌وه‌كان، وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: ماوەی ساڵێکە وەزارەتەکەمان لێژنەیەکی پێکهێناوە بۆ وردبینی لەو توێژینەوانەی کە بۆ مەبەستی بەرزکردنەوەی پلەی زانستی پێشکەشکراون و پرسیار لەسەر ڕەسەنایەتی ئەو گۆڤارانە هەیە کە توێژینەوەکانیان تیادا بڵاوکراوەتەوە، لەبەر ڕۆشنایی ڕاسپاردەکانی ئەم لێژنەیەو یاسا‌و ڕێنماییە کارپێکراوەکاندا وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری دروست و ئۆبجێکتیڤ دەدات له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی توێژینه‌وانه‌یان له‌و شوێنانه بڵاوكردۆته‌وه. له‌سه‌ر ئاستی جیهان بایه‌خدان به توێژینه‌وه زیادی كردووه هەر سه‌باره‌ت به بایه‌خدانه‌كانی وه‌زاره‌ت به توێژینه‌وه‌ی زانستی، وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتر له‌وباره‌یه‌وه دا‌و ڕایگه‌یاند: لە سەردەمی کابینەی هەشتەمدا توانیمان پڕۆژەی دامەزراندنی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی (National Research Council) بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە. وتیشی: ئەم ئەنجومەنە بەرپرسیار دەبێت لە داڕشتنی سیاسەتی گشتی توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان و دەستەبەرکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ ئەو توێژینەوانەی کە دەچنە خزمەتی چارەسەرکردنی پرسەکانی هەرێمی کوردستانەوە. ڕاشیگه‌یاند: ئێمە لە هەنگاوی یەکەمدا ٢٥٠ ملیۆن دینارمان تەرخان کرد‌و بەخشرا بە (حەوت پرۆپۆزەڵی زانستی)، هیواشی خواست خولی پێنجەمی پەڕلەمانی کوردستان کاربکات بۆ چەسپاندنی بودجەی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی لە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستاندا. وتیشی: نابێت توێژینەوەی زانستی لە بودجەی گشتیدا فەرامۆش بکرێت، چونکە لە سەرتاسەری دونیا تادێت گرنگی زیاتر بە توێژینەوەی زانستی دەدرێت و بودجەی ساڵانەی توێژینەوەو پەرەپێدان تادێت ڕوو لە زیادبوونە، بۆ ئه‌وه‌ش ڕایگه‌یاند: لەسەر ئاستی جیهان بودجەی توێژینەوەو پەرەپێدان بەپێی ڕاپۆرتەکانی دامەزراوەی (وێڵد بانک) لە ساڵی (١٩٩٦)دا (٥٢٢) بلیۆن دۆلار بووەو لە ساڵی ٢٠١٨‌دا گەیشتۆتە نزیکەی (2.19) تریلیۆن دۆلار، ئەوەش مانای ئەوەیە کە وەبەرهێنان لە توێژینەوەو پەرەپێدان لەسەر ئاستی دونیا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە، بۆیه ئێمه‌ش وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌كادیمی و زانكۆكان پێویسته جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ینه‌وه كه ده‌بێ بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ توێژینه‌وه هه‌بێ. بۆ یه‌كه‌مینجار 22 توێژه‌ر خه‌ڵات ده‌كرێن سه‌باره‌ت به ڕێكخستنی ئه‌و مه‌راسیمه‌ش، وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: ئەمڕۆ بەخۆشحاڵییەوە سوپاس و ڕێزلێنانی خۆمان پیشکەش بەو توێژەرانە دەکەین کە بە هەوڵ و ماندوبوون و شەونخونیان کاریان کردووە بۆ ئەوەی داتا‌و ئەنجام و بەرهەمی توێژینەوەکانیان لە گۆڤاری زانستی ئاستبەرزدا بڵاوبکەنەوەو ببنە هۆی بەرز ڕاگرتنی ناوی هەرێمی کوردستان و ناوی زانکۆکانیان. وتیشی: بێگومان ئەمساڵ لە زانکۆکانی کوردستان ٤٦١ توێژینەوەی زانستی لە گۆڤارە زانستییە ئاستبەرزەکاندا بڵاوکراوەتەوەو تێکڕای فاکتەری کاریگەری توێژینەوە بڵاوکراوەکانیش گەیشتوەتە ١٦١٩، بۆ ئه‌وه‌ش د.یوسف گۆران ڕایگه‌یاند: ئێمە ئەمڕۆ خەڵاتی ڕێزلێنان دەدەینە ئەو توێژەرانەی کە لەئاستی زانکۆ حکومییەکانی کوردستان لە ساڵی خوێندنی ٢٠١٧/٢٠١٨‌دا توانیویانە توێژینەوەکانیان لە باشترین گۆڤارە زانستییە جیهانیاکاندا بڵاوبکەنەوەو زۆرترین فاکتەری کاریگەریان کۆبکەنەوە. ئاشكراشیكرد، لەبواری زانستە سروشتی و تەتبیقیەکان ١٥ توێژەرو لەبواری زنستە مرۆڤایەتییەکانیش ٧ توێژەر لە پلەی یەکەمدا بوون، بۆ ئه‌وه‌ش وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: كاتێك كه ده‌ستمان به دانانی پێوه‌ره‌كان كرد، زۆر له مامۆستایان به‌تایبه‌ت له‌بواری زانسته مرۆڤایتیه‌كاندا پێیان وابوو كه ئه‌سته‌مه زانسته مرۆڤایتیه‌كان بتوانن ئیپماكت فاكته‌ر بێنن، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه ئه‌مساڵ توانرا حه‌وت توێژه‌ر له‌بواری زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كاندا توانیویانه ئیمپاكت فاكته‌ر بهێنن و له گۆڤاره ئاسته‌به‌رزه‌كان توێژینه‌وه‌كانیان بڵاویبكه‌نه‌وه، ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه‌یه كه له‌م ڕێگه‌شه‌یدا هه‌رێمی كوردستان سه‌ركه‌وتوبین، بۆیه دووباره پیرۆزبایيان لێده‌كه‌م. ده‌بێت توێژەران پرۆسەی توێژینەوە ببەستینەوە بە چارەسەرکردنی هەموو گرفتەکانی وڵاتەکەمان له به‌شی كۆتایی وتاره‌كه‌شیدا، وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی دوای پیرۆزبایكردن له توێژه‌رانی ساڵ، هیوای خواست توێژینه‌وه‌كان ببنه هۆكاری چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی كۆمه‌ڵگه، بۆ ئه‌وه‌ش له سه‌ره‌تادا وتی: پیرۆزبایی و دەستخۆشیان لێدەکەین و هیوای بەردەوامیان بۆ دەخوازین، هیوامان وایە بە هەموو لایەکمان کاربکەین بۆ ئەوەی ژێرخان و پێداویستییەکانی توێژینەوەی زانستی پتەوتر بکەین، بودجەی ساڵانەی توێژینەوەی زانستی لە یاسای بودجەی هەرێمدا بچەسپێنین و ژینگەو (ئیکۆ سیستمی) توێژینەوەی زانستی باشتر ئامادەبکەین، هه‌روه‌ك داواشی لە سەرۆک زانکۆکان كرد ئەو ئەرکە جێبەجێ بکەن و لەسەر ئاستی زانکۆکانی خۆشیان خەڵات بکرێن و هانی زیاتر بدرێن، بۆ گرنگی توێژینه‌وه‌ش د.یوسف گۆران ڕایگه‌یاند: کارکردن بۆ گەشەپێدان و چالاککردنی جوڵانەوەی توێژینەوەی زانستی و پاراستنی ئاست و کواڵیتی توێژینەوەکان پرۆسەیەکی دوورودرێژەو نەفەسدرێژی و شەونخونی و کاری پێکەوەیی دەوێت. وتیشی: هیوادارم هەموومان پیکەوە بتوانین بۆ ئەم ئامانجە پیرۆزە تێ‌بکۆشین، چونكه خەونی گەورەی ئێمە ئەوەیە کە توێژەران و پرۆسەی توێژینەوە ببەستینەوە بە چارەسەرکردنی هەموو گرفتەکانی وڵاتەکەمان، ئەنجامی توێژینەوە زانستییەکان ببنە بنەمای نەخشەڕێگه‌ی چاکسازی و گەشەکردنی هەمەلایەنەی هەرێمەکەمان. خه‌ڵات و ڕێزلێنان به‌سه‌ر توێژه‌رانی ساڵدا دابه‌شكرا هه‌ر له‌و مه‌راسیمه‌دا، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی خه‌ڵات و دیاری و ڕێزلێنانی وه‌زاره‌تی پێشكه‌ش به توێژه‌رانی ساڵ كرد، كه ژماره‌یان 22 توێژه‌ره له زانكۆكانی كوردستان. پانێڵێك سه‌باره‌ت به دۆخی توێژینه‌وه‌ی زانستی پێشكه‌شكرا له به‌شێكی كۆتایی مه‌راسیمه‌كه‌دا، پانێڵێك سه‌باره‌ت به دۆخی توێژینه‌وه‌ی زانستی و چۆنیه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی توێژینه‌وه له گۆڤاره ئاسته‌به‌رزه‌كان و چۆنیه‌تی خۆپاراستن له گۆڤاره ساخته‌كان له‌لایه‌ن هه‌ردوو توێژه‌ری براوه پێشكه‌شكراو تیایدا به‌وردی تیشكیان خسته‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته. خاك - راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure