16/12/2018 10:12 AM

سوپای به‌ریتانیا په‌رده‌ی له‌سه‌ر مینی تانكێكی لازه‌ری لادا

هاوشێوه‌ی ئه‌وشته‌ی له‌ درامای "شه‌ڕی رۆبۆته‌كان"دا بینراوه‌، ئه‌م مینی تانكه‌ كه‌ له‌دووره‌وه‌ كۆنترۆڵده‌كرێت به‌ره‌و دوژمن ئه‌ڕوات و به‌بێ ئه‌وه‌ی گیانی كه‌س بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ به‌ ڕه‌شاشه‌كه‌ی ته‌قه‌ له‌ دوژمن ئه‌كات.

"هێرشبه‌ری تایتان" له‌ سالزبێری پۆلین، یه‌كه‌م تێستی خۆی سه‌ركه‌وتووانه‌ تێپه‌ڕاندووه‌و به‌ چه‌كی تیشكی لازه‌ر ئامانجه‌كانی خۆی پێكاوه‌.

سه‌ره‌تا له‌ڕێگه‌ی دووره‌وه‌و به‌ تابلێتێك خاڵه‌ جوگرافییه‌ پێویسته‌كان بۆ ئه‌م مینی تانكه‌ كه‌ ناوی (Titan Strike)ه‌ دیاری ئه‌كرێت و ئینجا به‌ رێموت كۆنترۆڵ فه‌رمانه‌كان وه‌رئه‌گرێت.

دوربینه‌كانی سه‌ر ئه‌م رۆبۆته‌ ڕێك وێنه‌ی ئاڕاسته‌ی لووله‌ی ڕه‌شاشه‌ی ئه‌گوازنه‌وه‌ بۆ ئۆپێراتۆره‌كه‌و به‌مشێوه‌یه‌ ئه‌و ئه‌توانێت گونجاوترین كات بۆ ته‌قه‌كردن هه‌ڵبژێرێت.

ئه‌م تانكه‌ بچووكه‌ خۆی رۆبۆتێكی‌ تری له‌ناوه‌ كه‌ ئه‌ویش له‌ دووره‌وه‌ كۆنترۆڵده‌كرێت و ناوی "پارێزه‌ری تایتان"ه‌. ئه‌مه‌یان هه‌ڵگری چه‌ندین جۆر دووربینی تایبه‌ته‌ كه‌ ئه‌توانێت شوێن و پێگه‌ی دوژمن ئاشكراو گوزارشت بكات.

ئه‌م مینی تانكه‌ كه‌ له‌لایه‌ن گروپی به‌رگری ته‌كنیكی (QinetiQ)ه‌وه‌ سازكراوه‌، له‌ ڕێوڕه‌سمێكی سه‌ربازی 5 ملیۆن پاوندیدا په‌رده‌ی له‌سه‌ر لادراو جگه‌له‌مه‌ش زیاتر له‌ 70 چه‌كی سه‌ربازی ‌تر تاقیكرانه‌وه‌.

خاك – سه‌مه‌د كورده‌







created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved