26/12/2018 10:16 AM

گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی له‌ وێنه‌گری دیجیتاڵیدا له‌ ده‌یه‌ی داهاتوودا

به‌بۆنه‌ی پێشكه‌وتنی ته‌كنۆلۆژییه‌وه‌، له‌ ده‌یه‌ی ڕابردوودا گۆڕانكاری به‌رچاو له‌ وێنه‌گریدا ڕوویانداوه‌، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت بۆ ده‌یه‌ی داهاتووش زانستی پشت هونه‌ری وێنه‌گری به‌هه‌مانشێوه‌ له‌به‌ره‌وپێشچووندا بێت.

زۆربه‌ی ئه‌و ته‌كنۆلۆژییه‌ی ئێستاكه‌ له‌به‌رده‌ستدایه‌ له‌ به‌ره‌وپێشچوونی یه‌كه‌م به‌ره‌ی كامێرای دیجیتاڵه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌. نه‌واری فیلم دوورخرایه‌وه‌و هه‌سته‌وری دیجیتاڵی وێنه‌گری جێگه‌ی گرته‌وه‌، به‌ڵام زۆربه‌ی به‌شه‌كانی‌ تری كامێرا وه‌ك لێنزه‌كان، شاتێره‌كان و سیستمی ئۆتۆماتیكی فۆكوسكردن وه‌ك خۆیان مانه‌وه‌.

ئێستا چاوه‌ڕێ ده‌كرێت دوو شت گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی له‌ وێنه‌گری دیجیتاڵدا دروستبكه‌ن. یه‌كه‌میان وێنه‌گری ژمێركارییانه‌ یان وێنه‌گری كۆمپیوته‌رییه‌. له‌م شێوازه‌ی وێنه‌گریدا كه‌ڵك له‌ ته‌كنۆلۆژیی كۆمپیوته‌ر وه‌رده‌گیرێت بۆ باشتركردنی كوالیتی وێنه‌كان. دووهه‌م شت كه‌ چاوه‌ڕی ده‌كرێت گۆڕانكاری گه‌وره‌ دروستبكات ته‌كنۆلۆژیی كامێرای "بێ ئاوێنه‌یه‌"، له‌م كامێرایه‌دا وێنه‌ی به‌رامبه‌ر له‌ڕێگه‌ی هه‌سته‌وه‌ری كامێراكه‌وه‌ ده‌خوێنرێته‌وه‌و له‌سه‌ر پیشانده‌ری كامێراكه‌ ده‌رده‌كه‌وێت.

له‌ مێژووی كامێرادا گه‌وره‌تر واته‌ باشتر. فره‌یمێكی گه‌وره‌تر له‌ فیلم ده‌توانێت ورده‌كاری زیاتری وێنه‌ هه‌ڵگرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ واتای ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ كامێراكه‌ش گه‌وره‌تر بێت. لێنزی گه‌وره‌تر ورده‌كاری زیاتر وه‌رده‌گرێت و ئه‌وه‌ش واته‌ كێش و قورسایی زیاتر. وێنه‌گریی ژمێركارییانه‌ كه‌ له‌سه‌ر پرۆسێسۆر (پێواژۆكه‌ر)ی به‌هێز جێبه‌جێ ده‌بێت، ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌رده‌كات و ئه‌وه‌ش بۆ زۆربه‌مان كه‌ به‌ مۆبایل وێنه‌ ده‌گرین هه‌واڵێكی دڵخۆشكه‌ره‌.

خاك – سه‌مه‌د كورده‌




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved