چاوفڕین بریتییه له جوڵه‌ی یه‌ك به‌دوای یه‌ك و گرژبوونی به‌رده‌وامی ماسولكه‌ی پێڵووی چاو، پێڵووی سه‌ره‌وه زیاتر توشی فڕین ئه‌بێت، به‌ڵام ئه‌كرێت پێڵوی خواره‌وه‌ش یان هه‌ردووكیان پێكه‌وه توشی ئه‌م باره ببن، زۆربه‌ی كات ئه‌م فڕینه كه‌مه‌و بۆ ماوه‌یه‌كی كورت به‌رده‌وام ئه‌بێت و به‌بێ هیچ گرفت و چاره‌سه‌رێك كۆتایی دێت، له‌وانه‌یه گرژبوونه‌كه هێنده توندبێت پێڵووهكه به‌ته‌واوی دابخرێت و كه‌سی توشبوو بێبزاربكات، ئه‌م حاڵه‌ته‌ش ده‌گمه‌نه، چاوفڕینی باو و بێ زیان به شێوه‌یه‌كی ئاسایی چه‌ند چركه جارێك له‌رزینێك له پێڵووهكهدا دروست ئه‌كات و دوای چه‌ند خوله‌كێك یان چه‌ند كاتژمێرێك كۆتایی دێت. هۆكارو چاره‌سه‌ری ئه‌م حاڵه‌ته چییه؟ له‌وباره‌یه‌وه د.ماكۆك محه‌مه‌د پزیشكی پسپۆڕی نه‌شته‌رگه‌ری و نه‌خۆشییه‌كانی چاو به سایتی خاكی راگه‌یاند: هۆكاره‌كانی چاوفڕین ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ: ٭ ماندوێتی ٭ دڵه‌ڕاوكێ و بیركردنه‌وه‌ی زۆر ٭ كه‌مخه‌وی و دره‌نگ خه‌وتن ٭ زۆر خواردنه‌وه‌ی چاو قاوه ٭ ته‌ركیزكردن و زۆر سه‌یركردنی شاشه‌و وشكبوونه‌وه‌ی چاوه‌كان و زۆر به‌كارهێنانی هاوێنه‌ی چاو. ٭ هه‌ندێكجار زۆر خواردنه‌وه‌ی ئه‌لكهول یان جگه‌ره‌كێشان ٭ كاریگه‌ری لاوه‌كی هه‌ندێك ده‌رمان، وه‌كو ده‌رمانی دژه‌خه‌مۆكی ٭ هه‌وكردنی پێڵووی چاو یان ناو چاوه‌كه ٭ ڕووناكی زۆر به‌هێزو ڕه‌شه‌بای به‌هێز ٭ زۆرجار به‌بێ بوونی هیچ نه‌خۆشییه‌ك ڕووئه‌دات پێویسته له 5 حاڵه‌تدا ئه‌بێت ڕاوێژ به پزیشكی پسپۆڕی چاو و مێشك و ده‌مار بكرێت: 1-ئه‌گه‌ر چاوفڕین بۆ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك به‌رده‌وامبوو 2-ئه‌گه‌ر هه‌ردوو چاوه‌كه توشبوبوو 3-ئه‌گه‌ر هێنده توندبوو كه كه‌سانی ده‌وروبه‌رت هه‌ستیان پێكردو وه‌كو چاوداگرتن (winking) ده‌ركه‌وت. 4-ئه‌گه‌ر به‌شه‌كانی تری ده‌موچاو له‌گه‌ڵیدا گرژبوون 5-ئه‌گه‌ر سوربوونه‌وه‌و هه‌وكردنی چاوی له‌گه‌ڵدا بوو چاره‌سه‌ر: *زۆربه‌یان به‌بێ چاره‌سه‌ر نامێنێت *كه‌مكردنه‌وه‌ی كافایین *خه‌وی دروست له‌كاتی خۆیدا *نابێت له‌سه‌ر ده‌م بخه‌ویت وه باشتره به‌و لایهشدا نه‌خه‌ویت كه پێڵووهكهت ئه‌فڕێ هه‌تا باش ئه‌بێت. *قه‌تره‌ی فرمێسكی ده‌ستكرد بهكاربێنه *پارچه په‌ڕۆیه‌ك گه‌رم بكه‌و ناو به‌ناو بیخه‌سه‌ر پێڵوو ئه‌گه‌ر چاوفڕین نه‌خۆشی بوو یان نیشانه‌ی نه‌خۆشی تر بوو، چه‌ند ڕێگایه‌كی تر هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ری، له‌وانه: *ده‌رمانی تایبه‌ت به‌پێی جۆری نه‌خۆشییه بنه‌ڕه‌تیه‌كه *ده‌رزی بۆتۆكس ئه‌درێ له پێڵوی چاوه‌كه *بڕینی ده‌ماری ماسولكه‌ی جوڵێنه‌ری چاوه‌كه به نه‌شته‌رگه‌ری (Myectomy) خاك – تانیا ئاواره
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure