17/1/2019 09:32 AM

ژیانی زۆرترو پته‌وتر.. زانایان له‌ كرمه‌كانه‌وه‌ چییان بۆ ده‌ركه‌وت؟

به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌ك له‌ ئه‌نستیتۆی میشیگان بۆ زانسته‌كانی ژیان، هۆكاری لاوازی مۆتۆڕی جوڵه‌و لاوازبوونی جۆره‌ كرمێكیان دۆزیوه‌ته‌وه‌.

له‌ توێژینه‌وه‌كه‌دا مۆلكیۆلێك ده‌ستنیشان كراوه‌ كه‌ ده‌توانرێت بكرێته‌ ئامانج تاوه‌كو مۆتۆڕی جوڵه‌ی كرمه‌كه‌ به‌هێزتر بكرێت و هه‌روه‌ها پیشاندراوه‌ كه‌ ده‌كرێت هه‌مان ڕێچكه‌ بۆ بوونه‌وه‌ گوانداره‌ به‌ته‌مه‌نه‌كانیش بگیرێته‌به‌ر.

له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نی مرۆڤ و ئاژه‌ڵه‌كانی مۆتۆڕی جوڵه‌مان تێكده‌چێت. جۆره‌ كرمێك كه‌ درێژییه‌كه‌یان یه‌ك میلیمه‌تره‌و به‌ نێماتۆد ناسراون، نه‌خش و ده‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نیان زۆر هاوشێوه‌ی ئاژه‌ڵه‌كانی دیكه‌ بووه‌. ئه‌مجۆره‌ كرمانه‌ ته‌نیا سێ هه‌فته‌ ده‌ژین و باشترین نموونه‌ن بۆ توێژینه‌وه‌ له‌سه‌ر به‌ته‌مه‌نی.

پڕۆفیسۆر شوان ژوو نووسه‌ری توێژینه‌وه‌كه‌ ده‌ڵێت "پێشتر بینیمان كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن، كرمه‌كان تواناییه‌ جه‌سته‌ییه‌كانیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن. هه‌ندێكجار له‌ ناوه‌ڕاستی ته‌مه‌نیاندا مۆتۆڕی جوڵه‌یان به‌ره‌و داكشان ده‌چێت. به‌ڵام چ شتێك هۆكاری ئه‌مه‌یه‌؟"

توێژه‌ران مۆلكیولێكیان به‌ ناوی SLO-1 كرده‌ ئامانج. ئه‌مكاره‌یان به‌ ئامڕازه‌ جه‌نه‌تیكییه‌كان و ده‌رمانێك به‌ ناوی پاكسیلین ئه‌نجامدا. له‌ هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا كاریگه‌ری به‌رچاوی له‌سه‌ر كرمه‌كان هه‌بوو. ئه‌وان نه‌ ته‌نیا مۆتۆڕی جوڵه‌یان باشتربوو به‌ڵكو زیاتریش له‌ كرمه‌ ئاساییه‌كان ژیان.

ته‌مه‌نێك كه‌ ئه‌م مۆلكیۆله‌ تێیدا ده‌ستكاری كراوه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كه‌ كاریگه‌ری هه‌بوو. ئه‌گه‌ر ئه‌وكاره‌ له‌ ته‌مه‌نێكی كه‌متردا بكرێت كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی نابێت و ته‌نانه‌ت كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر مۆتۆڕی جووڵه‌ی كرمه‌ لاوه‌كان ده‌بێت. به‌ڵام كاتێك له‌ ناوه‌ڕاستی ته‌مه‌ندا چالاكی ئه‌م مۆلكیۆله‌ ڕاده‌گیرێت هه‌ردووكی مۆتۆڕی چالاكی و ماوه‌ی ته‌مه‌ن باشتر ده‌كات.

خاك – سه‌مه‌د كورده‌



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved