د.یوسف گۆران: ده‌بێت گه‌نج و نه‌وه‌ی نوێمان بۆ فێربوونی ئه‌و كارامه‌ییانه ئاماده‌بكه‌ین، كه ده‌رفه‌تی كاركردنیان باشتر بۆ فه‌راهه‌م ده‌كات. به‌ئاماده‌بونی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی و ڕاوێژكارو سه‌رۆكی زانكۆ حكومی و تایبه‌تیه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ره گشتیه‌كانی دیوانی وه‌زاره‌ت و یاریده‌ده‌رانی سه‌رۆكی زانكۆكان و سه‌رۆكی به‌شه‌كانی زمانی ئینگلیزی و وه‌رگیران له زانكۆ‌و په‌یمانگه حكومی و تایبه‌ته‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ری سێنته‌ره‌كانی زمان وۆركشۆپی بره‌ودان به‌خوێندن له به‌شه‌كانی زمانی ئینگلیزی له زانكۆكانی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو. له‌و وۆركشۆپه‌دا كه ڕێكه‌وتی 29/1/2019 له هۆڵی كۆبونه‌وه‌كانی هۆتێل شیراتۆن له‌شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، له‌سه‌ره‌تادا ئاماده‌بوان ساتێك بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان بێ ده‌نگیان نواند، پاشان چه‌ند وتارێك پێشكه‌شكرا. له‌سه‌ره‌تادا، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتارێكی پێشكه‌شكرد، له‌و چوارچێوه‌یه‌داو له‌سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌یدا دوای به‌خێرهێنانی میوانه‌كان، خۆشحاڵی خۆشی ده‌ربڕی كه هه‌موان پێكه‌وه لێره كۆبونه‌ته‌وه بۆ دارشتنی نه‌خشه‌ڕێگه‌ی ڕیفۆرمی خوێندنی زمانی ئینگلیزی له هه‌موو به‌شه په‌یوه‌ندیداره‌كانی (زمان و ئه‌ده‌ب و وه‌رگێران و په‌روه‌رده)ی ئینگلیزی. ئینگلیزی زمانی زانست و بڵاوكردنه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌ی زانستی و په‌یوه‌ندی و بزنسسه له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا، د.یوسف گۆران باسی له كاروچالاكی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی له‌ماوه‌ی ڕابردودا كرد و ڕایگه‌یاند: له ماوه‌ی پێنج ساڵی ڕابردودا كاری زۆرمان كردوه بۆ ئه‌وه‌ی زمانی ئینگلیزی بكه‌ینه زمانی دووه‌م له نێو كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌كادیمی كوردستان، وتیشی زمانی ئینگلیزی زمانی زانست و بڵاوكردنه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌ی زانستی و زمانی په‌یوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی و بزنس و زمانی ئاڵوگۆڕی به‌رهه‌مه مه‌عریفییه‌كانی نێو زانكۆ و كایه ئه‌كادیمیه‌كانه و، له‌م ڕێگه‌یه‌شه‌وه ده‌رگای گه‌یشتن به سه‌رچاوه ڕه‌سه‌نه‌كانی مه‌عریفه به ڕوی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌كادیمی كوردستاندا ئاوه‌ڵا ده‌كه‌ین و، باشترین ده‌رفه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می توێژه‌رانی زانكۆكانمان له گۆڤاره ئاستبه‌رزه‌كانی دونیا ده‌ڕه‌خسێنین و، هه‌لی كاركردنی پێكه‌وه‌یی له‌گه‌ڵ زانكۆ و دامه‌زراوه ئه‌كادیمییه جیهانییه‌كانیش فراوانتر ده‌كه‌ین. كۆرسه‌كانی زمانی ئینگلیزی له‌ئێستادا به شێوه‌یه‌كی ستاندارد له‌زانكۆكانی كوردستان به‌رده‌وامن وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕونتر باسی كاروچالاكیه‌كانی وه‌زاره‌تی له بواری بایه‌خدان به‌زمانی ئینگلیزی كرد و ڕایگه‌یاند: له ماوه‌ی پێنج ساڵی ڕابردودا هه‌نگاوی گرنگمان ناوه، كۆرسه‌كانی زمانی ئینگلیزی له ئێستادا به شێوه‌یه‌كی ستاندارد له زانكۆكانی كوردستان به‌رده‌وامن و، به هه‌ماهه‌نگی توانا خۆماڵییه‌كان و هاوكاره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌ڕێوه ده‌برێن، له‌هه‌مان كاتدا له ئێستادا هه‌رسێ تاقیكردنه‌وه‌ی ستانداردی توانستی زمانی ئینگلیزی (iBT TOEFL, IELTS, PTE) له هه‌رێمی كوردستان ده‌سته‌به‌رن و به‌رده‌وامیش له هه‌وڵی فراوانكردنیانداین. وڵاتانی ئه‌وروپای ڕۆژئاوا‌و ئه‌سكه‌نده‌نافیا بایه‌خی زۆریان به‌زمانی ئینگلیزی داوه بایه‌خدان به‌زمانی ئینگلیزی له‌سه‌ر ئاستی جیهان ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی وتاره‌ه‌ی وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی پێكهینا، بۆ ئه‌وه‌ش وتی: نه‌ك ته‌نها له هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵكو له زۆرینه‌ی وڵاتانی دونیا گرنگی به‌زمانی ئینگلیزی وه‌ك زمانی دوه‌م ده‌درێت، به تایبه‌ت وڵاتانی ئه‌وروپای ڕۆژئاوا و ئه‌سكه‌نده‌نافیا له‌پێشینه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ن كه سه‌رباری زمانی نه‌ته‌وه‌ییان، كاریان بۆ په‌ره‌پێدانی توانستی زمانی ئینگلیزی كردوه. عیراق و لیبیا له‌كۆتایی لیستی خراپرین وڵاتانی جیهانن بۆ بایه‌خدان به‌زمانی ئینگلیزی هه‌ر له وتاره‌كه‌یدا، د.یوسف گۆران ناوه‌ڕۆكی ڕاپۆرتێكی نێوده‌وڵه‌تی سه‌باره‌ت به‌گرنگی زمانی ئینگلیزی خسته‌ڕو وتی: به پێویستی ده‌زانم كه سه‌رنجتان بۆ دوا ڕاپۆرتی دامه‌زراوه‌ی (Education First) ڕابكێشم كه تایبه‌ته به (ئاماژه‌ی توانستی زمانی ئینگلیزی) و، په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی توانستی زمانی ئینگلیزی به ئاماژه‌كانی گه‌شه‌كردنی ئابوری و خۆشگوزه‌رانی و داهێنان و توێژینه‌وه و په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌پێدانی مرۆییه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ش وتی: ئه‌م ڕاپۆرته له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌نجامدانی تاقیكرنه‌وه‌یه‌كی ستانداردی توانستی زمانی ئینگلیزی ئاماده كراوه، كه له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ی (Education First)ه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێت و، ساڵی ٢٠١٨ دا (یه‌ك ملیۆن و سێسه‌د هه‌زار كه‌س) له (٨٨) وڵاتی دونیا به‌شداری تاقیكردنه‌وه‌كه‌یان كردووه، ئاشكراشیكرد له ئه‌نجامی ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌دا وڵاتانی (سوید،هۆڵه‌ندا، سه‌نگاپور، نه‌رویج، دانیمارك، كۆماری ئه‌فریكای باشور، لۆكسۆمبۆرگ، فنلاند، سلۆڤینیا و ئه‌ڵمانیا) له پێشه‌نگی )ده( یه‌كه‌مین وڵاتانی جیهانن كه ئاستی توانستی زمانی ئینگلیزیان له ئاستێكی زۆر به‌رزدایه، بۆ خراپترین وڵاته‌كانیش د.یوسف گۆران وتی: وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش له هه‌موو وڵاتانی جیهان ئاستیان نزمتره و ئێراق و لیبیا له كۆتایی لیستی خراپرین وڵاتانی جیهانن. پێوه‌ره‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌ی ئاستی توانستی زمانی ئینگلیزیان به‌رزه جۆراو جۆره وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی باسی له بنه‌ماكانی بایه‌خدان به‌زمانی ئینگلیزی كرد و ڕایگه‌یاند: له‌م ڕاپۆرته‌دا توانستی زمانی ئینگلیزی وه‌ك ئاماژه‌یه‌كی گرنگ سه‌یر ده‌كرێت و، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئاماژه و ستاندارده ئابوریه‌كانی دیكه‌دا به‌راورد ده‌كرێت، بۆ نمونه ئه‌و وڵاتانه‌ی كه ئاستی توانستی زمانی ئینگلیزیان به‌رزه ئه‌و وڵاتانه‌ن كه: •به‌رده‌وام له‌گه‌شه‌كردنی ئابوریدان. •داهاتی ساڵانه‌ی تاكه كه‌س له ئاستێكی به‌رزدایه. •بزنس به ئاسانی گه‌شه ده‌كات. •توانای هه‌نارده‌كردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانیان به‌هێزه. •ژماره‌ی توێژینه‌وه زانستیه بڵاوكراوه‌كانیان له ئاستێكی باڵادایه. •له بواری وه‌به‌رهێنان له توێژینه‌وه و په‌ره‌پێدان له پێشه‌نگدان. •ئاماژه‌ی گه‌شه‌پێدانی مرۆییان له ئاستێكی به‌رزدایه. وتیشی داتاكانی ئه‌م ڕاپۆرته پێمان ده‌ڵێن كه زمانی ئینگلیزی وه‌ك یه‌كێك له‌و كارامه‌ییانه‌ی كه به (Soft Skill) ئه‌ژمار ده‌كرێت ڕۆڵی گه‌وره‌ی له په‌ره‌پێدانی تاكه‌كان و گه‌شه‌كردنی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌مو كۆمه‌ڵگه هه‌یه. ده‌بێت گه‌نج و نه‌وه‌ی نوێمان بۆ فێربونی ئه‌و كارامه‌ییانه ئاماده بكه‌ین، كه ده‌رفه‌تی كاركردنیان باشتر بۆ فه‌راهه‌م ده‌كات له‌به‌ر ڕۆشایی ڕاپۆرته‌جیهانیه‌كان، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و تویژینه‌وه‌ی زانستی باسی له كارنامه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ بایه‌خدانی زیاتر به‌زمانی ئینگلیزی كرد و وتی: ئێمه ده‌بێت له گۆڕانكارییه ئابوری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك دانه‌بڕیین، گه‌نجه‌كانمان و نه‌وه‌ی نوێمان ئاماده بكه‌ین به فێربونی ئه‌و كارامه‌ییانه‌ی كه ده‌رفه‌تی كاركردنیان باشتر بۆ فه‌راهه‌م ده‌كات. له سه‌دا په‌نجای ئه‌و كار و پیشانه‌ی له ئێستادا هه‌ن له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی به ئۆتۆماتیك بوندان له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی باسی له كاره‌كانی كۆڕبه‌ندی په‌روه‌رده‌ی جیهانی كرد و وتی: هه‌فته‌ی ڕابردو له‌گه‌ڵ شاندێكی وه‌زاره‌ته‌كه‌مان به‌شداری كۆڕبه‌ندی په‌روه‌رده‌ی جیهانیمان كرد، كه له شاری له‌نده‌ن و، به به‌شداری (٩٩) وه‌زیری په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا له سه‌رتاسه‌ری دونیا به‌ڕێوه‌چو، وتی له‌و كۆربه‌نده‌دا ده‌ركه‌وت، كه هه‌مو جیهان له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستییه كۆكن شۆڕشی پیشه سازی چوارهه‌م و ئاویته‌بونی ته‌كنۆلۆجیا له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا گۆڕانگاری گه‌وره له كه‌رتی ئابوری و، ده‌رفه‌ته‌كانی هه‌لی كار ده‌هێنێته كایه‌وه، ڕونتر د.یوسف گۆران وتی: زیاتر له سه‌دا په‌نجای ئه‌و كار و پیشانه‌ی له ئێستادا هه‌ن له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی به ئۆتۆماتیك بوندان و كار و پیشه‌ی نوێ له جێگایان سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ش وتی: ئێستا منداڵه‌كانمان له پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و خوێندندا بۆ كارێك ئاماده ده‌كه‌ین، كه هێشتا بونی نییه، ئه‌م فاكتانه ده‌مانباته‌وه بۆ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی، كه له پرۆسه‌ی خوێندندا میتۆدی داهێنه‌رانه و كارسازی و فێركردنی سۆفت سكیڵ و زمان و ڕاهێنان له‌سه‌ر كۆنسێپتی (فیربوون به درێژایی ژیان) (Lifelong learning) له خه‌سڵه‌ته گرنگه‌كانی پرۆسه‌ی خوێندن و فێركردنی سه‌ده‌ی بیست ویه‌كن. بازاری جیهانی فراوان ده‌بێت و بازاڕی خۆماڵی به‌ره‌و كه‌مبونه‌وه ده‌ڕوات وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، ئاماژه‌ی به وتارێكی وه‌زیری پێشوتری خوێندنی كۆریای باشور كرد، كه له كۆڕبه‌ندی په‌روه‌رده‌ی جیهانی پێشكه‌شیكرد و وتی: ئه‌و له وتاره‌كه‌یدا ڕونیكرده‌وه، كه له‌به‌رده‌م ئاڵنگاری ئه‌و پڕۆگرامانه‌ن كه منداڵه‌كانمان ده‌یخوینن، چونكه ئه‌و كارانه‌ی له داهاتو ده‌یگرینه ده‌ست دیار نیه ده‌مێنێ یان نا، بۆیه ده‌بێ پێشبینی ئه‌وه بیكه‌ن كه دوای (10) ساڵی دیكه پێداویستسه‌كانی بازار چین؟، بۆ ئه‌وه‌ش د.یوسف گۆران وتی: ده‌بێ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه كار بۆ داهاتو بكه‌ین، چونكه ئه‌وه قسه‌ی یه‌كێكه له لێپرسراوانی وڵاته پێشگهن‌كانی جیهان، هه‌رله‌به‌رئه‌وه‌ش ده‌بێ ئاگاداری ئه‌وه بین، كه ئه‌و وانه‌و و سكیڵانه چین كه فیری نه‌وه‌كانی داهاتومان ده‌كه‌ین، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: له‌و كۆربه‌نده جیهانیه‌دا ئه‌وه ڕونكرایه‌وه به‌هۆی تێكه‌ڵبونی وڵاتان بازاری جیهانی فراوان ده‌بێ و، بازاری خۆماڵی به‌ره‌و كه‌مبونه‌وه ده‌ڕوا، بۆیه ده‌بێ منداڵانی خۆمان بۆ بازاری جیهانی ئاماده بكه‌ین، ده‌بێ ئه‌وه بزانین كۆمپانیا جیهانیه‌كان دێن له وڵاتانی خۆمان ركابه‌ریمان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن، له‌به‌رئه‌وه زۆر پێویستمان به‌وه‌یه بۆ بازاری خۆماڵی به ستانداردی جیهانی ئاماده بكه‌ین، چونكه ئه‌گه‌ر كه‌سێك ئاماده نه‌بێ و سكێلی نه‌بێ نه‌ك له جیهان جێگه‌یان نابێته‌وه، به‌ڵكو له وڵاتی خۆشی جیگه‌ی نابێته‌وه تا كارێكی شایسته بدۆزێته‌وه. به‌شه‌كانی زمانی ئینگلیزی ڕۆڵی گه‌وره ده‌بینن له‌پرۆسه‌ی چه‌سپاندنی زمانی ئینگلیزی له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و گۆڕانكارییه گه‌وره و گرنگانه‌ی له جیهان ڕوده‌دات، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی باسی له هه‌رێمی كوردستان كرد و ڕایگه‌یاند: به‌شه‌كانی زمانی ئینگلیزی ڕۆڵی گه‌وره ده‌بینن له پرۆسه‌ی چه‌سپاندنی زمانی ئینگلیزی وه‌ك زمانی دوه‌م له ناوه‌نده‌كانی خوێندنمان، وتیشی ده‌رچوانی ئه‌م به‌شانه‌ی ئێمه كاریگه‌ریان له‌سه‌ر كه‌رتی په‌روه‌رده و ناوه‌نده‌كانی خوێندنی پێش زانكۆش ده‌بێت، بۆیه جێی خۆیه‌تی ئه‌مڕۆ له‌م وۆركشۆپه‌دا هه‌مومان پێكه‌وه به‌هه‌ماهه‌نگی نێوان لێژنه‌ی وه‌زاری ڕیفۆرمی خوێندنی زمانی ئینگلیزی و، به‌شه‌كانی ئینگلیزی له هه‌مو زانكۆكانی كوردستان به‌رنامه‌ی گۆڕانكاری له خوێندنی به‌كالۆریۆس له بواره‌كانی زمان و ئه‌ده‌ب و وه‌رگێران و په‌روه‌رده‌ی زمانی ئینگلیزی دابرێژین، هیواشی خواست بتوانن پلانی گۆڕانكاری له ناوه‌رۆكی پرۆگرامه‌كانی خوێندن و، سیستم و ستراكچه‌ری كۆرسه‌كان دابڕێژن، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه له بواری جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌ی بۆڵۆنیادا نراوه، له‌هه‌مان كاتدا سود له تواناكانی تیمه‌كانی ڕیفۆرمی پێداگۆجی وه‌ربگرێ، بۆ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ش وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ئاشكرایكرد له په‌راوێزی كۆڕبه‌ندی په‌روه‌رده‌ی جیهانی، كۆمه‌ڵێك دامه‌زراوه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش ئاماده‌یی خۆیان نیشانداوه بۆ ئه‌وه‌ی له‌م پرۆسه‌یه هاوكارمان بن. گۆڕانكارییه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن له به‌شی كۆتایی وتاره‌كه‌یدا، د.یوسف گۆران باسی له‌و گۆڕانكاریانه كرد، كه له‌ماوه‌ی ڕابردودا ئه‌نجامیانداوه، بۆ ئه‌وه‌ش وتی: ئێمه له ماوه‌ی ئه‌م پێنچ ساڵه‌دا توانیومانه ڕیفۆرمی بنه‌ڕه‌تی له پرۆگرامه‌كانی خوێندنی (یاسا، زانسته سیاسییه‌كان، ئه‌ندازیاری و پزیشكی) ئه‌نجام بده‌ین و پلانمان هه‌یه كه ئه‌م پرۆسه‌یه به‌رده‌وام بێت و، هه‌موو بواره‌كانی خوێندن به زانسته مرۆییه‌كان و زانسته سروشتی و ته‌تبیقیه‌كان بگرێته‌وه. چاوه‌ڕوانی بڕیار و ڕاسپارده‌كانی وۆركشۆپه‌كه‌ین له‌كۆتایی وتاره‌كه‌شیدا، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ده‌ستخۆشی له تیمی وه‌زاری ڕیفۆرمی خوێندنی زمانی ئینگلیزی كرد، هه‌روه‌ك سوپاس و ده‌ستخۆشی ئاڕاسته‌ی زانكۆكانی كوردستان كرد بۆ په‌رۆشی و پشتیوانیان له‌و پرۆژه‌یه، وتیشی ئێمه چاوه‌ڕوانی بڕیار و ڕاسپارده‌كانی وۆركشۆپه‌كه‌تان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی به سه‌رنج و تێبینی و به‌شداریكردنتان پڕۆژه‌یه‌كی تێروته‌سه‌ل دابرێژین. وۆركشۆپه‌كه به‌خستنه‌روی چه‌ند بابه‌تێك و كۆمه‌ڵێك پێشنیاز كۆتایی هات له به‌شێكی دیكه‌ی وۆركشۆپه‌كه‌دا، كـورته‌ی كاروچـالاكیه‌كانی لێـژنه‌ی باڵای بڕه‌ودان به‌زمانی به‌خویندن له‌به‌شه‌كانی زمانی ئینگلیزی له‌لایه‌ن (د.كاوه شێــــــروانی) سه‌رۆكی لێژنه‌كه پێشكه‌شكرا، كه تێیدا به‌دورودرێژی باسی له‌و كار‌و هه‌نگاوانه كرد كه له ماوه‌ی ڕابردودا ئه‌نجامیانداوه، پاشان (د.هیمداد محمد) كورته‌یه‌كی له‌سه‌ر اڵی فاوه‌ندیشن و چۆنیه‌تی داڕشتنی بابه‌ته‌كانی پێشكه‌شكرد، به‌هه‌مان شێوه‌یه (د.مـحمد ێالـح ) باسی له دوا تێبینی و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان له‌سه‌ر فۆرمی ڕاپرسی كرد، هه‌روه‌ك گرنگی داڕشتنه‌وه‌ی دیدو ئامانجی به‌شه‌كان كه ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی وۆركشۆپه‌كه بو له‌لایه‌ن (د.عه‌باس فاچل ) باسكرا، (د.شیلان عــه‌لـی)یش باسی له گۆڕانكاری له شێوازی وانه‌وتنه‌وه كرد، له ته‌وه‌ری دوه‌می وۆركشۆپه‌كه‌شدا له‌لایه‌ن چه‌ند گروپێكه‌وه، كه به‌پییی پسپۆڕییه‌كان دابه‌شكرابون تاوتوێی سه‌رجه‌م بابه‌ته‌كان كرا. به‌گه‌ڵاڵه‌كردن و خستنه‌ڕوی كۆمه‌ڵێك پێشنیازی گرنگ كۆتایی به‌وۆركشۆپه‌كه هات. خاك - راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure