28/2/2019 10:12 AM

كۆمپانیای هواوی چینی مۆبایلی 5g به‌ شاشه‌ی نووشتاوه‌ نمایش ده‌كات

كۆمپانیای هواوی چینی مۆبایلێكی شاشه‌ نوشتاوه‌ی نوێ نمایش ده‌كات و به‌مشێوه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیا پێشه‌نگه‌كانی مۆبایله‌ نوشتاوه‌كان واته‌ ئه‌پڵ و سامسۆنگ كێبڕكێ ده‌كات.

ئه‌م ته‌له‌فۆنه‌ نوێیه‌ی هواوی ناوی مه‌یت ئیكسه‌. ئامێره‌كه‌ ده‌توانێت له‌گه‌ڵ ڕایه‌ڵه‌ زۆر خێراكانی به‌ره‌ی نوێ واته‌ ئینته‌رنێتی 5 جی ئیش بكات.

ڕیچارد یۆ، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كۆمپانیاكه‌، وتی كه‌ ئه‌م هه‌وڵه‌ی هواوی بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و داخوازییه‌ی كڕیارانیان بووه‌ كه‌ داوای شاشه‌ی گه‌وره‌ترو باتری ته‌مه‌ن درێژتریان بووه‌.

مه‌یت ئیكس له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌م ساڵه‌وه‌ ده‌خرێته‌ بازاڕو به‌ نرخی 2600 دۆلاری ئه‌مریكی ده‌فرۆشرێت. به‌م پێیه‌ نرخه‌كه‌ی ته‌نانه‌ت له‌ گاله‌كسی فۆڵد زیاتر ده‌بێت كه‌ له‌مدواییه‌دا سامسۆنگ نمایشی كردو نرخی 2000 دۆلاری ئه‌مریكییه‌.

شاشه‌ی مه‌یت ئیكس به‌ دیوی ده‌ره‌وه‌دا ده‌نوشتێته‌وه‌، بۆیه‌ ته‌نانه‌ت له‌ حاڵه‌تی نوشتاوه‌ییشدا به‌كارهێنه‌ران ده‌توانن شاشه‌كه‌ی ببینن. ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی سامسۆنگ فۆڵده‌ كه‌ شاشه‌كه‌ی به‌ دیوی ناوه‌وه‌دا ده‌نووشتێته‌وه‌. مه‌یت ئیكس به‌ كراوه‌یی قه‌باره‌ی شاشه‌كه‌ی 8 ئینچه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش قه‌باره‌ی ته‌بلێتێكی بچووكه‌. هواوی ده‌ڵێت كه‌ ئه‌ندازیاره‌كانیان بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ له‌سه‌ر ئه‌م به‌رهه‌مه‌ كاریان كردووه‌.

خاك – سه‌مه‌د كورده‌




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved