22/8/2019 12:27 AM

كشتوكاڵ ده‌كرێته‌ پایه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌ هه‌رێم

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە داڕشتنی پلانی ستراتیژی وەزارەتەكەیدا، نوێنەری جوتیارانی كوردستان و شارەزایانی ئەكادیمی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و ژمارەیەك رێكخراوی تایبەت بە كەرتی كشتوكاڵ بەشدار دەكات، وەزیری كشتوكاڵیش جەختدەكاتەوە لەسەر داڕشتنی پلانێك بەگوێرەی توانای بەردەست كە قابیلی جێبەجێكردنی كرداری بێت لە خزمەت هەرچی زیاتر گەشەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ و كردنی بە پایەیەكی سەرەكی ئابووری هەرێمی كوردستان و سوودمەندبوونی جوتیارو كشتیاران و پڕی هەمیشەیی سەبەتەی خۆراكی هەرێم و پاراستنی ئاسایشی خۆراكی كوردستانیان.

بە سەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ، لە هەولێر زنجیرە وۆركشۆپەكانی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی كشتوكاڵی پارێزگاكانی هەرێم تایبەت بە داڕشتنی پلانی ستراتیژی وەزارەتی كشتوكاڵ دەستی بە كارەكانی كردو لە رۆژانی داهاتووش لە پارێزگاكانی دیكەش وۆركشۆپی هاوشێوەو هاوئامانج بەڕێوەدەچێت.

لەمیانی وتاری كردنەوەی وۆركشۆپەكەدا، بێگەرد تاڵەبانی رایگەیاند: كوردستان لە بنچینەدا وڵاتێكی كشتوكاڵییەو بە سەبەتەی خۆراكی ناوچەكە دادەنرێت، چونكە وڵاتی ئێمە هەموو بنەما سەرەكییەكانی كۆمەڵگای كشتوكاڵی تێدا فەراهەمە، بەڵام لە رابردوودا گرنگی پێویست بەو كەرتە نەدراوە، تا ببێتە یارمەتیدەرێكی سەرەكی گەشەی ئابووری هەرێمەكەو بە خۆشحاڵییەوە لە ئێستادا حكومەتی هەرێم نیازێكی جددی هەیە بۆ گرنگیدانی پێویست بەو كەرتە، ئەمەش بەروِونی هەم لە كارنامەی حكومەتی هەرێمداو هەم لە نییەتی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگری سەرۆكی حكومەتدا هەستی پێدەكرێت، ئێمەش لە وەزارەتی كشتوكاڵ هەموو تواناكان دەخەینەگەڕ بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە كە گرنگی و گەشەپێدانە بە كەرتی كشتوكاڵ. 

وتیشی: ئەم وۆركشۆپانە سەرەتاو دەستپێكە بۆ دارشتنی پلانێكی تۆكمەو هەمەلایەن بۆ چوار ساڵی داهاتووی كارو ئەركی وەزارەتی كشتوكاڵ لەپێناو ئامانجە گەورەكە كە بریتییە لەوەی كشتوكاڵ لەپاڵ نەوتدا ببێتە پایەیەكی سەرەكی ژێرخانی ئابووری كوردستان.

جێگای ئاماژە بۆ كردنە جگە لە شارەزایانی دامەزراوەكانی سەر بە وەزارەتی كشتوكاڵ، ژمارەیەك كەسانی پسپۆڕو ئەكادیمی ناوخۆیی و نوێنەری ئاژانسی خۆراكی جیهانی سەر بە نەتەوە يەكگرتووەكان و یەكێتی جوتیارانی كوردستان و سەندیكای ئەندازیارانی كشتوكاڵی و كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان و تۆڕی هەنگەوانانی كوردستان و چەندین لایەنی تری پەیوەست بە كەرتی كشتوكاڵ لەو ورۆكشۆپانەدا بەشدارییان پێدەكرێت، ئەمەش لەپێناو بەدیدەگرتنی سەرجەم كێشەو پێویستییەكانی گەشەكردنی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان.

خاك - راگەیاندنی وەزارەتی كشتوكاڵ






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved