28/8/2019 12:46 AM

ئەلفاستیل دادەخرێت

بەهۆی پابەندنەبوونی بە مەرج و رێنماییەكانی كاركردن، لە ناحیەی بازیانی سلێمانی كارگەی دروستكردنی ئاسنی ئەلفا ستیل دادەخرێت تا ئەوكاتەی سەرجەم رێنماییەكان جێبەجێ دەكات.

بەپێی راپۆرتێكی لیژنەی باڵای لیژنە هاوبەشەكان بۆ ئاوات محەمەد قائیمقامیەتی سلێمانی بەرزكراوەتەوە، ئەوەی تێدا خراوەتەروو؛ لە ئەنجامی پشكنینی هەرسێ لیژنەی (ژینگە، سەلامەتی باڵەخانەو سەلامەتی كرێكار) دەركەوتووە كارگەی دروستكردنی شیشی ئەلفاستیل پابەندی مەرج و رێنماییەكانی كاركردن نابێت.

لە راپۆرتەكەدا هاتووە؛ پێشترو چەند جارێك كارگەی  شیشی ئەلفا ستیل لە كەموكورتیەكانی ئاگاداركراوەتەوەو مۆڵەتی بۆ جێبەجێكردن و پابەندبوون بە مەرج و رێنماییەكان بۆ دانراوە بەڵام بەردەوام بووە لە سەرپێچیكردن.

راپۆرتەكە ئاماژەی بەوە كردووە؛ لەكاتی سەردانی لیژنەی ژینگەدا دەركەوتووە كارگەكە نەبوونی هەریەك لە یەكەی چارەسەری ئاوەڕۆ، سكاندرۆ و سۆنەرو كەمی رووبەری سەوزایی دیاریكراو بۆ پرۆژەكهو هەبوونی د‌وكەڵێكی زۆرو كۆبونەوەی دوكەڵی فلتەرەكان و بڵاوبونەوەی لەناو ساحەی كارگەكە سەرپێچی لە رێنمایەكانی ژینگە كردووە.

هەروەها؛ لە هۆڵی ئامێرەكانی كارگەی ئەلفا ستیل مەرجەكانی بەرگرى شارستانی كەموكورتیان هەبووە لە نەبوونی سیستمی فایەر هاوس، سیستمی ئەلەرمی مەركەزی و كێبڵی كارەباكانی نەخراونەتە ناو بۆردەوە بۆ پاراستنی سەلامەتی ئەوكەسانی لەوێ كاردەكەن.

راپۆرتەكە باسی‌ كەموكورتییەكانی شوێنی كاركردن و نیشتەجیبوون و حەوانەوەی كرێكارەكان كردووەو تێیدا هاتووە؛ بەكارنەهێنانی جلوبەرگ و دەمامكی تایبەتی كاركردن، نەبوونی دكتۆری كورد لە كارگەكەداو نەشیاوی چێشتخانەو شوێنی ئامادەكردنی كرێكارەكان.

لیژنەی باڵای لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی، پێشنیاریان بۆ قائیمقامی سلێمانی كردووە دابخرێت تا ئەوكاتەی سەرجەم مەرجەكانی كاركردن لە كارگەكەدا جێبەجێ دەكات.


خاك - راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved