29/10/2019 08:45 PM

سلێمانی.. رێگه‌ نادرێت كافتریاكان هاووڵاتیان بێزار بكەن

پێداچوونەوە بە مۆڵەتی كاركردنی كافتریاو ریستۆرانتەكاندا دەكرێت و قائیمقامی سلێمانیش رایدەگەیەنێت، لە گەڕەكەكاندا هاووڵاتیانیان بێزار كردووە.

بە سەرپەرشتی ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی و ئامادەبوونی بەڕێوەبەرایەتییەكانی خۆپاراستنی تەندروستی، گەشتوگوزار، پۆلس و ئاسایش و شارەوانی سلێمانی لە دیوانی قائیمقامیەت كۆبوونەوە.

لە كۆبونەوەكەدا ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند: رۆژانە هاووڵاتیان سكاڵا لەو كافتریاو ریستۆرانتانە لە گەڕەكەكاندا كاردەكەن‌، بونەتە هۆی دروستكردنی قەرەباڵغی و ئاستەنگەكانی هاتوچۆ، ئەمەش بۆتە هۆی بێزاربوونی هاووڵاتیان،  وتی: چەند كافتریایەك هەیە نزیكی مزگەوت و ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوونە كە پێچەوانەی یاساو رێنماییەكان و عورف و عادەتە كۆمەڵایەتییەكانەو كارێكی نەشیاوە بەرامبەر مزگەوت كافتریاو شوێنی كێشانی نێرگەلە بێت، بۆیە پێویستە پێداچوونەوە بەو مۆڵەتانەدا بكرێت.

پاش كۆبونەوەكە د.رزگار عەلی بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند: دیاردەی كردنەوەی كافتریاو ریستۆرانت لەناو شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیاندا لە سلێمانی زیادی كردووەو بەردەوامیش داوای مۆڵەتی كردنەوەی شوێنی نوێ لە بەشی خۆپاراستی تەندروستی دەكرێت.

وتیشی: لە كۆبونەوەكە بڕیاردرا پێداچوونەوە بە رێنماییانەدا بكرێت بەجۆرێك بێت نەبێتە مایەی هەراسانكردنی هاوڵاتیان لە شوێنی نیشتەجێبوون و هاوسەنگی بازرگانیش بپارێزین لە شاری سلێمانی، وتیشی؛ لە ئایندەدا مۆڵەتی كاركردن بە كافتریاو ریستۆرانت و ئەو شوێنانە نادرێت كە بیانەوێت لە ‌گەڕەك و نزیك مزگەوت و خوێندنگەكان كاربكەن، ‌پێویستە لە ناوچەی بازرگانی كاربكەن و نەبنە مایەی بێزاربوونی هاوڵاتیان. 

خاك - راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved