3/11/2019 09:15 PM

ئایا ئه‌مجۆره‌ كێكه‌ حه‌بی تێدایه‌؟

روونكردنەوەیەک لە لیژنە هاوبەشەكانەوە

لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی گەڕان و پشكنینەكانیان دەستپێكردووە بۆ دڵنیابوونەوە لە ئەگەری بونی حەب لەنێو یەكێك لە جۆرەكانی كێك كە ماوەی چەند رۆژێكە ترس و دڵەڕاوكێی لەنێو هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا دروستكردووە.

قائیمقامیەتی سلێمانی لە راگەیەنراوێكیدا ئاماژەی بەوە داوە كە لەدوای بڵاوبوونەوەی چەند وێنەو ڤیدیۆیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان كە تێیدا "حەب" لەنێو جۆرە كێكێكدا بەدیدەكرێت، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەتی سلێمانی لە روانگەی هەستكردن بەو بەرپرسیارییەتیەی كە لەئەستۆیاندایەو بۆ پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان و منداڵان هەڵمەتێكی بەرفراوانیان لە ماركێت و بازاڕو شوێنە گشتیەكانی سلێمانی دەستپێكردووە بەوردی. 

لەوبارەیەوە، گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو وێنەو ڤیدیۆیانە دەستبەجێ لەسەر فەرمانی قائیمقامی سلێمانی لیژنەكان دەستیان بە گەڕان و پشكنینەكانیان كردووەو لە هەموو دوكان و ماركێتەكان بەوردی بەدوای ئەوجۆرە كێكەدا دەگەڕێن و پشكنینی بۆ دەكەن.

ئەوەشی راگەیاند: تائێستا سەدان شوێن گەڕاون و بە هەزاران لەوجۆرە كێكەیان هەڵبچڕیوەو پشكنینیان بۆ كردووە، بەڵام هیچ جۆرە حەبێكیان بەدی نەكردووەو بەردەوامیش دەبن لە گەڕان و پشكنینەكانیان تا ئەوكاتەی دەگەنە ئەنجامی كۆتایی و بەڵگەیان دەستدەكەوێت. 

دەشڵێت: ئامانجی سەرەكی لیژنەكان پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیانەو لە بابەتێكی گرنگی لەمجۆرەشدا هەموو توانایەكی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی لەزووترین كاتدا دڵنیاببنەوە لە راست و دروستی ئەو بابەتەو  دواتر رای گشتی لێ ئاگاداردەكەنەوە. 

خاك - راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved