14/11/2019 09:10 PM

چه‌ند بڕیارێكی نوێ له‌باره‌ی په‌له‌وه‌رو هێلكه‌و به‌رهه‌می ناوخۆیی

چەند بڕیارێكی نوێ لە وەزارەتی كشتوكاڵەوە

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بڕیاری دروستكردنی ئەنجومەنی باڵای پیشەسازی پەلەوەری دەركرد، لەگەڵ سنورداركردنی هێلكەی تایبەت بۆ هەڵهێنەرەكان ‌و خستنە لیستی رەشی ئەو كۆمپانیایانەی كە بەرهەمی قەدەغەكراو هاوردە دەكەن و كەمكردنەوەی كرێی كارەبای كارگە ئالیكیيەكان.

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەگەڵ كۆمەڵەو رێكخراو و كۆمپانیاكانی تایبەت بە پەلەوەرو ئالیك كۆبووەوە.

سەرەتای كۆبوونەوەكە، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئامانجی كۆبوونەوەكەی خستەڕوو، كە تایبەتبوو بە چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانی بەردەم پیشەسازی پەلەوەر لەپێناو بایەخدان بە بەرهەمی ناوخۆی و سنورداركردنی بەرهەمی هاوردە.

پاشان ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە بەوردی سەرجەم سەرنج و پێشنیارەكانیان خستەڕوو، تایبەت بە زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆیی پەلەوەرو ئالیك.

لە كۆبوونەوەكە كە بەڕێوەبەرە گشتیيەكانی وەزارەت ئامادەبوون، بڕیاردرا بە دروستكردنی ئەنجومەنی باڵای پیشەسازی پەلەوەرو كۆبوونەوەی بەردەوامی دەوری كە هەر دوو مانگ جارێك كۆببێتەوەو لەكاتی پێویستیش كۆبوونەوەكە بكرێت، ئەنجومەكە راستەوخۆ لەلایەن وەزیری كشتوكاڵ سەرپەرشتی دەكرێت، هەروەها بەڕێوەبەرە گشتییە پەیوەندارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ، نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ، نوێنەری كۆمەڵەو رێكخراو ئەنجومەنی پەلەوەری و كەسانی ئەكادیمی لەخۆدەگرێت، ئەمەش بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانی پیشەسازی پەلەوەر.

هەر لەو كۆبوونەوە، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ بڕیاریدا هەر كۆمپانیایەك بەرهەمی قەدەغەكراو هاوردەبكات دەخرێتە لیستی رەش، ئەمەش لەپێناو پاراستنی بەرهەمی ناوخۆی.

بڕیاریشدرا كۆبوونەوەیەك لەگەڵ پارێزگاكان بكرێت بۆ رێكخستنەوەی بازاڕی پەلەوەر، هەروەها بڕیاردرا بە سنورداركردنی هێلكەی تروكان‌، كە تەنها لەسەر خواست و پێویستی پرۆژەكانی هەڵهێنەر دەبێت.

وەزیری كشتوكاڵ بە ئامادەبووانی راگەیاند، لەپێناو بایەخدان بە بەرهەمی ناوخۆیی و كەمكردنەوەی خەرجی لەسەر خاوەن كارگە ئالیكیيەكان نووسراوێك ئاڕاستەی وەزارەتی كارەبا بكرێت، بۆ ئەوەی نرخی كارەبایان لەسەر كەمبكرێتەوە وەك پرۆژە كشتوكاڵیيەكان.

هەرچی تایبەت بە كەرەنتینەكان، بڕیاردرا كۆبوونەوەیەك لەگەڵ بەڕێوەبەری كەرەنتینەكان ئەنجامبدرێت تایبەت بە بڕیارەكانی وەزارەت بۆ رێگری لەو بەرهەمانەی قەدەغكراون بۆ ناو هەرێم و گرتنەبەری رێكاری یاسایی پێویست.

خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved