به سه‌رپه‌رشتی د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و به ئاماده‌بوونی هه‌ریه‌ك له وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه ئاوییه‌كان و وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازی، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ڕاوێژكاری سه‌باره‌ت به پێشنیازه یاسای (پاراستنی به‌رهه‌مه خۆماڵییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان - عێڕاق) به‌ڕێوه‌چوو. له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆی میكانیزمی داڕشتنی مادده‌كانی ناو یاساكه‌و ئاسته‌نگ و به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م نووسینه‌وه‌ی بڕگه‌كانی به تێروته‌سه‌لی باسكرا، سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان تێڕوانین و دیدگای خۆی له‌سه‌ر پێشنیازه یاساكه خسته‌ڕوو و ڕایگه‌یاند: ئه‌م پێشنیازه یاسایه په‌یوه‌ندی به بازرگانی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه هه‌یه‌و ئه‌م لایه‌نه لایه‌نی زاڵه له ده‌ركردنی یاساكه‌دا، بۆیه به پابه‌ندبوون به بڕگه‌ی سێهه‌م له مادده‌ی 110ی ده‌ستوری عێڕاقی و ده‌رنه‌چوون له پره‌نسیپه سه‌ره‌كیه‌كانی یاسا عێڕاقیه‌كه، هه‌وڵمانداوه یاسایه‌ك بۆ هه‌رێمی كوردستان دابڕێژینه‌وه كه بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی پاراستنی به‌روبووم و به‌رهه‌می خۆماڵی تیادا بپارێزرێت له به‌رده‌م لێشاوی به‌رهه‌می هاورده. له ته‌وه‌رێكی تری قسه‌كانیدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماژه‌ی كرد كه ئامانجی سه‌ره‌كی له‌م یاسایه‌دا زیاتر پاراستنی به‌روبومی كشتوكاڵی و پیشه‌سازییه. دواتر هه‌ریه‌ك له وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه ئاوییه‌كان و وه‌زیری بازرگانی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندام په‌رله‌مانی لێژنه په‌یوه‌نداره‌كانی تایبه‌ت به ده‌ركردنی یاساكه تێڕوانین و سه‌رنجه‌كانی خۆیان له‌سه‌ر پێشنیازه یاساكه ده‌ربڕی و بڕیاردرا له هه‌فته‌ی داهاتوودا جارێكی‌تر كۆببنه‌وه بۆ خستنه‌ڕوو و گفتوگۆكردنی ئه‌و بڕگانه‌ی كه گۆڕانكارییان تیادا ده‌كرێت. خاك - راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure