25/11/2019 09:21 PM

بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ چەند بڕیارێك دەردەچێت

بە ئامانجی پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ و ئاودێری و بەرزكردنەوەی توانای زانستی مامۆستاو خوێندكاران، لە كۆبونەوەی نێوان وەزیرانی خوێندنی باڵاو كشتوكاڵ پێكهێنانی بۆردێكی كشتوكاڵی لە پسپۆڕای هەردوولا تاووتوێكرا.

بە سەرپەرشتی هەریەك لە د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، به ئامادەبوونی هەریەك لە ڕاوێژكارو بەڕێوەبەرانی گشتی تایبەتمەند، لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای كۆبونەوەكەدا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دوای بەخێرهێنانی وەزیری كشتوكاڵ و ستافی وەزارەت، وتی: خۆشحاڵم ئەمرۆ قسە لەسەر بابەتێكی گرنگ دەكەین، كە ئەویش بوژانەوەی كشتوكاڵە لە هەرێمی كوردستان، بۆیە تێگەیشتنێكی گشتگیرمان هەیەو دەمانەوێت بەشە زانستیەكان لەگەڵ پێداوستیەكانی سەردەم و ستانداردە جیهانیەكاندا بگونجێت، لە ئەمڕۆدا قسەكردن لەسەر كشتوكاڵ جگەلەوەی گرنگی تایبەتی هەیە، لەلایەكی تریشەوە لەڕووی مێژووییەوە كوردستان لانكەی شارستانی كشتوكاڵ بووە.

وتیشی: سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بریتییە لە بەرەوپێشبردنی هەرێمەكەمان لە سەرجەم سێكتەرو كەرتەكان، بێگومانیش بەرەوپێشبردنی كەرتی كشتوكاڵیش فاكتەرێكی بەهێزی گەشەكردنی وڵاتەكەمانە.

هەر لە وتەكەیدا وتی: بە ئامانجی پەرەپێدانی سێكتەری كشتوكاڵ و ئاودێری و بەرزكردنەوەی توانای زانستی مامۆستایان و خوێندكاران، پێویستە پێداچوونەوە بە رێككەوتننامەی هەردوولامان بكەین و لەڕێگەی ئەنجامدانی كۆنفرانسێكی هاوبەش دەستنیشانی خاڵە لاوازەكان و پەرەپێدانی كەرتەكە بكەین. وتیشی: بۆ ئەم مەبەستە هاوكارو هەماهەنگی سەرەكیتان دەبین و بە تاووتوێكردنی بۆردی هاوبەشی نێوانمان زیاتر بەسەر كۆسپ و تەگەرەكان زاڵدەبین.

لە بەرامبەردا بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، لە وتەیەكدا گرنگی هەماهەنگی و هاوكاری نێوان هەردوو وەزارەتی بە هەنگاوێكی پێویست دانا، بۆ ئەمەش وتی: سەرەڕای ئەوەی كۆلێژەكانی كشتوكاڵ و ڤێتەرنەری پەیوەندی بەردەوام و توندوتۆڵیان لەنێواندا هەیە، بەڵام دەمانەوێت لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیەكانی تری وەزارەتەكەمان و فەرمانگەو دامەزراوەكان بەردەوامی زیاتر بەو پەیوەندیانە بدەین. لەو چوارچێوەیەشدا پێداچوونەوە بە شێوازی كاركردنمان دەبێتە هەنگاوی سەرەكی و گرنگی هەردوولامان.

وەزیری كشتوكاڵ وتیشی: دەمانەوێت یاداشتنامەی لێكگەیشتنی نێوان هەردوولا پێداچوونەوەی بۆ بكەین بۆ ئەم مەبەستەش پێكهێنانی بۆردێكی كشتوكاڵی هاوبەش دەتوانێت ئەم پەیوەندیانە بەرەو ئاستێكی فراوانتر ببات.

هەر لە وتەكەیدا بێگەر تاڵەبانی سوپاسی پشتیوانی و پشتگیرییەكانی وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كرد بۆ كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەمەش وتی: بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵی كوردستان، پێویستمان بە تواناو پسپۆڕی زانكۆو دامەزراوە زانستییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەیە.

لە كۆتایی كۆبونەوەكەدا چەند بڕیارو راسپاردەیەك لەپێناو پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ و بەرزكردنەوەی توانستی زانستی لەنێوان هەردوولا تاووتوێكرا.

خاك - راگەیاندنی خوێندنی باڵا 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved