5/12/2019 01:02 AM

گەشپێدانی پیشەسازی خۆراکی کشتوکاڵی هەرێم قۆناغێکی تر ده‌چێته‌ پێشەوە

بێگەرد تاڵەبانی: گەشپێدانی پیشەسازی خۆراکی کشتوکاڵی هەرێم قۆناغێکی تر دەباتە پێشەوە

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاند: بەرهەمی ناوخۆیی هەرێم بەتایبەت لە وەرزی هاوین و پایزدا لە پێویستی بازاڕی کوردستان زیاترە، بۆیە جوتیاران قازانجی پێویست ناکەن بەجۆرێک کە ببێتە هاندەر بۆ ئەوەی خەڵکی زیاتر ڕوو لە کەرتی کشتوکاڵ بکەن. بوونی ژمارەیەک کارگەی لەقتونان و پیشەسازی خۆراکی بەشێکی زۆری ئەو کێشەیە چارەسەر دەکات و دەبێتە هاندەرێکی گرنگ بۆ جوتیاران و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان و قۆناغێکی تر کەرتی کشتوکاڵ دەباتە پێشەوە. ئەمەش وایکردووە پەرەپێدانی پیشەسازی خۆراک لە کارە هەرە لەپێشینەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ بێت و بۆ ئەو مەبەستە وەزارەت ئەوپەڕی کارئاسانی بۆ دامەزراندنی کارگەی لەقتونانی خۆراک و هەر کارگەیەکی تری پیشەسازی خۆراکی دەکات.

لەمیانی پێشوازیکردنی لە ئیشتڤان ئیمری کونسوڵی گشتی هەنگاریا لە کوردستان و وەفدێکی یاوەری، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو سیاسەتی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی بۆ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ ڕوونکردەوەو ئاماژەی بۆ ئەو کارئاسانییانە کرد کە حکومەت پێشکەشی ئەو کۆمپانیاو دامەزراوە ئابوورییانەی دەکات کە بەشداری دەکەن لە وەبەرهێنانی کشتوکاڵیدا.

کونسوڵی گشتی هەنگاریا هۆکاری سەردانەکەیانی بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ ڕوونکردەوەو ڕایگەیاند کە ژمارەیەک کۆمپانیاو وەبەرهێنی وڵاتەکەی خوازیارن لە هەرێمی کوردستان کاربکەن بەتایبەتیش لە کەرتی کشتوکاڵدا. بۆ ئەو مەبەستەش داوایکرد وەزیری کشتوکاڵ بەرچاوڕوونیان پێبدات لەو بوارانەی کۆمپانیا هەنگارییەکان خۆیان بەتەنیا یان لەگەڵ کۆمپانیاکانی کوردستان بە هاوبەشی کاری تێدا بکەن. وەزیری کشتوکاڵ سەرجەم ئەو دەرفەتانەی بۆ باسکردن کە لەئارادان بۆ کارکردن و وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵدا. هەروەک ڕوونیکردەوە هاتنی بانکەکانی هەنگاریا بۆ هەرێمی کوردستان دەرگایەکی زۆر گەورە ئاوەڵا دەکات بۆ بەشداری سەرمایەدارو کۆمپانیاکانی وڵاتەکەیان لە وەبەرهێنان و فرۆشتنی ئامێرو تەکنەلۆژیای کشتوکاڵی، چونکە بوونی بانکەکانیان دەتوانن کارئاسانی بۆ جووتیارو خاوەن پڕۆژە کشتوکاڵییەکانی کوردستان بکەن لە کڕینی ئامێرو پیداویستی کشتوکاڵی بە قەرزی دریژخایەن لە کۆمپانیا هەنگارییەکان لە ڕێگای بانکەوە. هەردوولا بڕیاریاندا لە داهاتوودا درێژە بە گفتوگۆکان بدەن و کاربکرێت بۆ دۆزینەوەی کاری هاوبەشی وەبەرهێنان لەنێوان وەبەرهێنەرانی هەرێم و هەنگاریا.

 

خاك





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved