به‌هۆی پابه‌ند نه‌بوونی به مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن و خۆپارێزی له ڤایرۆسی كۆرۆنا، لیژنه‌ی یه‌كی قائیمقامییه‌تی سلێمانی شوێنكارێك داده‌خات و دوا ئاگاداریش ده‌دات به دوكانداران. ئازاد نه‌بی سه‌رۆكی لیژنه‌ی یه‌كی سه‌ر به لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند: به‌هۆی كردنه‌وه‌ی شوێنه‌كه‌ی و سه‌رپێچیكردن له بڕیاره‌كانی خۆپارێزی له ڤایرۆسی كۆرۆنا، لیژنه‌كه شوێنكاری ده‌رزی لێدان و ته‌داوی كردنێكی له شه‌قامی ئۆرزدی (گۆران) داده‌خات و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌ڕووی رێكاری یاسایی توند ده‌كاته‌وه. وتی: له سه‌ردانیكدا بۆ بازاڕه‌كانی شاری سلێمانی، لیژنه‌ی یه‌ك سێ پسوڵه‌ی سه‌رپێچی تۆمار كردووه له‌گه‌ڵ ئاگاداركردنه‌وه‌ی چه‌ند شوێنێك. وتیشی: سه‌رپێچیكردن له بڕیاره‌كانی ژوری ئۆپراسیۆنی خۆپارێزی له ڤایرۆسی كۆرۆنا كه‌سه‌كان و خاوه‌ن شوێنه‌كان روبه‌ڕووی رێكاری یاسایی توند ده‌كاته‌وه، بۆیه لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رۆژانه به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام سه‌ردانی دوكان و بازاڕه‌كان ده‌كه‌ن و به‌دواداچوون بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كان ده‌كه‌ن، سزای سه‌رپێچیكارانیش ده‌ده‌ن. سه‌رۆكی لیژنه‌كه ئاگاداری ئه‌و شوێنانه‌ی كرده‌وه خواردن و خواردنه‌وه به شێوه‌ی دلیڤه‌ری پێشكه‌ش به هاووڵاتیان ده‌كه‌ن، كه سه‌رجه‌م مه‌رج و رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی و خۆپارێزی جێبه‌جێ بكه‌ن، ئه‌و مه‌وادانه‌ی ماوه‌ی به‌سه‌رچووه له‌ناوببه‌ن و له ئاماده‌كردنی خوارده‌مه‌نیدا به‌كارینه‌هێنن به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌ستبه‌جێ به فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی شوێنه‌كه‌ی بۆ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته داده‌خرێت و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌ڕووی رێكاری یاسایی توند ده‌كرێته‌وه. خاك - راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure