به‌هۆی پابه‌ند نه‌بوون به رێنمایيه‌كانی خۆپارێزی و پێشكه‌شكردنی نێرگه‌له به میوانه‌كانی، لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی كافتریای پیرۆزی داده‌خات. فریاد عوسمان سه‌رۆكی لیژنه‌ی ریستۆرانت و شوێنه گه‌شتیارییه‌كانی سه‌ر به لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی، رایگه‌یاند: به‌هۆی پابه‌ند نه‌بوون به رێنماییه‌كانی خۆپارێزی له ڤایرۆسی كۆرۆناو كردنه‌وه‌ی شوێنه‌كه‌و پێشكه‌شكردنی نێرگه‌له به میوانه‌كانی، لیژنه‌كه كافتریای پیرۆزی له گه‌ڕه‌كی زه‌رگه‌ته له شاری سلێمانی داده‌خات. وتی: به مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ژوری ئۆپراسیۆنه‌كانی شاری سلێمانی، كافتریا‌و كۆفی شۆپی كێشانی نێرگه‌له داخراون و هه‌ر شوێنێكیش بیكاته‌وه له‌لایه‌ن لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانییه‌وه شوێنه‌كه و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌ڕووی رێكاره یاساییه‌كان ده‌كرێته‌وه. وتیشی: سه‌رپێچییه‌كانی تری كافتریای پیرۆزی، نه‌بوونی مۆڵه‌تی كاركردن و نه‌گونجانی شوێنه‌كه بۆ كێشانی نێرگه‌له‌یه، بۆیه به‌پێی رێنماییه‌كانی ژوری خۆپارێزی و به فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی شوێنه‌كه داده‌خرێت و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌ڕووی رێكاری یاسایی توند ده‌كرێته‌وه. سه‌رۆكی لیژنه‌كه هه‌موو ئه‌و كافتریا‌و كۆفی شۆپی نێرگه‌له كێشانی ئاگاداركرده‌وه، تا ئه‌وكاته‌ی ژوری خۆپارێزی بڕیار له كردنه‌وه‌ی كافتریاكانی نێرگه‌له نه‌دات، هیچ كه‌س و شوێنێك نه‌یكاته‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه خۆیان روبه‌ڕووی رێكاری یاسایی توند ده‌بنه‌وه. لیژنه‌ی ریستۆرانت، یه‌كێكه له لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی، به‌رده‌وام سه‌ردانی كافتریا‌و شوێنه گه‌شتوگوزارییه‌كان ده‌كات، له‌كاتی هه‌بوونی سه‌رپێچی، شوێنه‌كه و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌ڕووی رێكاری یاسایی توند ده‌كاته‌وه. خاك - راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure