11/5/2020 10:42 PM

روونكردنەوەى كشتوكاڵی هەرێم لەسەر هاوردەكردنی جۆ

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی هەرێم، لەبارەی هاوردەكردنی جۆ لە سوریاوە رایدەگەیەنێت: هاوردەكردنی گەنم و جۆ راگیراوەو توانیمان رێگری بكەین لە هاوردەو داخڵبوونی بۆ ناو هەرێمی كوردستان و سنوری ئەبو وەلیدیش دەروازەیەكی ناڕەسمیيە.

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەبارەی هاوردەكردنی جۆوە روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو تیایدا هاتووە: سەبارەت بە نامەی هەردوو پەرلەمانتاری عیراق د.غالب محەمەدو سەركەوت شەمسەدین تایبەت بە هاوردەكردنی جۆ لە سوریاوە ئەم چەند خاڵە دەخەینە بەردەم رای گشتی:

یەكەم: وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو هاوردەكردنی گەنم و جۆی راگرتووە، بەهۆی ئەوەی وەرزی دروێنەیەو لەپێناو پاراستنی بەرهەمی جوتیاران.

دووەم: خاڵی سنوری ئەبو وەلید دەروازەیەكی نارەسمیە، وەزارەتمان دوای ئەوەی زانیاری تەواو دەستكەوت بەدواداچوونی وردمان دەستپێكرد بە هاوكاری لایەنە پەیوەندارەكان توانیمان رێگری بكەین لە هاوردەو داخڵبوونی بۆ ناو هەرێمی كوردستان، بەڵگەی سەلمێنراوی رێگری لەبەردەستە.

سێیەم: لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ وەزارەتەكانی كشتوكاڵ و بازرگانی عێراق بۆ ئەوەی ئەمساڵ هیچ جیاوازیيەك نەكرێت لەنێوان جوتیارانی كوردستان و ناوەڕاست و خوارووی عیراق.

چوارەم: حكومەتی عیراق تەنها گەنم لە جوتیارانی كوردستان وەردەگرێت، لەهەوڵداین بۆ ئەوەی وەك جوتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق جۆو گەنمەشامیش وەربگیرێت.

پێنجەم: خوازیاربووین هەردوو پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عیراق بەر لە بڵاوكردنەوەی بابەتەكە پەیوەندیان بە وەزارەتمانەوە كردبا تاوەكو زانیاری دروستمان خستبایە بەردەستیان، چونكە هەندێك لەو شتانەی دەوروژێنرێن زیان بە جوتیارانی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت لە شێوازی مامەڵەكردن و وەرگرتنی گەنمەكەیان لەلایەن حكومەتی عیراق.

خاك

هاوپێچ/ نووسراوی جەختكردنەوەمان لەسەر قەدەغەی هاوردەكردنی گەنم و جۆ.





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved